بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کاردانەوە پێشبینیکراوەکانی سوپای پاسداران

کاردانەوە پێشبینیکراوەکانی سوپای پاسداران
AvaToday caption
posted onApril 6, 2019
noبۆچوون

 

ساڵی ڕابڕدوو و ماوەی دوو مانگ دوای چوونە دەری ئەمریکا لە بەرجام کاناڵی هەواڵدەری سی.ئێن.ئێن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دەوڵەتی ترامپ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گوشارخستنە سەر ئێران خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەى سوپای پاسداران بخاتە نێو لیستی تیرۆر.

سوپاى پاسداران و گەمارۆ

بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە لەسەر ئەو پرسە لە نێوان دەسەڵاتدارانی پلەبەرزی ئەمریکا کۆدەنگی نییە و هێندێک هۆشداریان داوە بە ئەنجام دانی ئەو کارە ئەگەری لە مەترسیکەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە زۆر دەبێت. دۆناڵد ترامپ لە نەورۆزی ساڵی ٩٧ لە پەیامێک ڕوو بە خەڵکی ئێران وێرای پیرۆزباییکردنی ساڵی نوێ ڕەخنەی تووندی لە سوپای پاسداران گرت و ئەو هێزەی بە شەڕەنگێز ناوبرد و گووتی خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات و سامانی خەڵکی ئێران بۆ پشتیوانی لە تیرۆریزم لە دەرەوە سنوورەکانی بەکار دێنێت.

مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ زۆربەی نوێنەرانی سەنای ئەمریکا دەنگیان دا بە گەڵاڵەیەک کە تێیدا هاتووە نەک سوپای قودس هەموو سوپای پاسداران بەرپرسی هەوڵە ناسەقامگیرەکانی ئێران و پشتیوانی لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ئەو نوێنەرانە خوازیاری گەمارۆ خستنە سەر سوپای پاسداران بوون. دەنگۆکانی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران هاوکات دەگەڵ هەڕەشەی فەرماندەکانی سوپای پاسداران ڕووبەڕوو بووەتەوە. محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران ٢٨ پوشپەڕی ساڵی ٩٧ هەڕەشەی کردبوو ئەگەر ئەمریکا تەمای گەمارۆ خستنە سەر ئەو دامەزراوەی هەبێ دەبێ پێگەکانی خۆی هەتا سنووری دەهەزار کیلۆمەتری ئێران هەڵگرێتەوە.

 

جەعفەری چەند مانگ دواتر گوتبوی لە ئەگەری ڕاست بوونی ئەو هەواڵانەی لێر و لەوێ بڵاو دەبنەوە سوپای پاسداران ئەرتەشی ئەمریکا لە هەموو دونیا وەک هێزەکانی داعش چاو لێدەکات. محەمەد باقر جەعفەری سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئەمریکا ئەو کارە بکات هەموو بنکە نیزامی و هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەگەڵ مەترسی گەورە بەرەوڕوو دەبنەوە.

حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیی پەڕلەمان لەمەڕ ئاسەوارەکانی ئەو بڕیاڕەی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ١٧ خاکەلێوە بە دووپاتکردنەوەی هەڕەشەی دوو ساڵ لەمەو بەری فەرماندەی سوپا لە پەیامێکی تویتەریدا نووسی لە ئەگەری دانانی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخڕاوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا، هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا وەک داعش لە لیستەی ڕەشی گرووپە تیرۆریستییەکان دادەنێن.

بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران ئەو مەجالە بە ئەمریکا دەدات سامانەکانی ئەو گرووپە لە دەرەوەی ئێران دەست بەسەر دابگرێت و لە دژی فەرماندەکانی سوپا بڕیاڕی قەدەغەی سەفەر کردن دەربکات.