بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى بۆ پاراستنى دامەزراوە نەوتییەکان جلیزییەکان دەکوژێت

کۆمارى ئیسلامى بۆ پاراستنى دامەزراوە نەوتییەکان جلیزییەکان دەکوژێت
AvaToday caption
سوپاى پاسداران بە تێکدانى لافاوبەستەکان ویستوویەتى لافاو بچێتە نێو گوندەکە تا دامەزراوە نەوتییەکان بپارێزێت
posted onApril 4, 2019
noبۆچوون

 

بەرەبەیانى ١٤ى خاکەلێوە سوپاى پاسداران و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەوەى بەربەستە دروستکراوەکانى خەڵکى لەبەردەم لافاوەکە لابەرت، ڕووبەڕووى خەڵک و جوتیارانى جلیزى بوونەوە و هەر ئەمەیش بووە هۆى دروستبوونى تەقە و برینداربوون و کوژرانى خەڵک.

 

بە دروستبوونى لافاو لە هەندێک پارێزگاى وەک گوڵستان و شیراز و لوڕستان، خەڵکى زۆر شار و شارۆچکەى دیکەى پارێزگاکانى ترى ئێران کەوتنە خۆیان بۆ ئەوەى بەربەست و لافاوبەست لەبەردەم ئەو ئاراستانەى ئاو و لافاو دروست بکەن کە دەشێت مەترسیدار بێت بۆ سەر ماڵ و حاڵى خەڵکى.

جوتیارەکانى جلیزى لە ئاراستەى ئەڵاوئەکبەرى دەشتى ئازادگانى پارێزگاى خوزستان، بۆ پاراستنى زەوییە کشتوکاڵییەکان و ماڵ و حاڵیان، دەستیان بە دروستکردنى بەربەست کرد بۆ ئەوەى ناو زەحمەتى چەندین ساڵەیان وێران نەکات هەروەک شارەکانى دیکەى کارەساتبار، کەچى هێزە ئەمنییەکان و سوپاى پاسداران بۆ پاراستنى دامەزراوە نەوتییەکان و لەبرى دۆزینەوەى ڕێگەچارەى دیکە دەستیان بە خراپکردنى ئەو بەربەستانەى خەڵکى جوتیارى ناوچەکە کرد و هەر ئەمەیش ناڕەزایەتى خەڵکەکەى لێ کەوتەوە.

سوپاى پاسداران و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ ڕەواندنەوە و ترساندنى خەڵکى ڕاستەوخۆ دەستیان بە تەقەکردن کرد و لە ئەنجامدا دوو کەس لە خەڵکى ناوچەکە کە جوتیاریشن گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسى دیکەیش بریندار بوون.

"عبود ڕەبیعى" کوڕى خەلەف و خەڵکى گوندى جلیزى و کەسێکى دیکە کوژراوەکانى خەڵکى ناوچەکەن و چوار کەسیش بریندار بوون کە یەکێکیان لە هێزە ئەمنییەکانە. عبود پاش برینداربوون دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەى ئاپادانا و لەوێ گیان لەدەست دەدات. ئەم جوتیارە جلیزییە، سێ کوڕ و سێ کچیى هەیە کە هیچیان هاوسەرگیرییان نەکردووە و تەنیا داهاتى ئەم بنەماڵە هەشت کەسییە زەوییە کشتوکاڵییەکەیان بوو کە سوپاى پاسداران ویستى بە تێکدانى لافاوبەستەکان بیخاتە ژێر لافاوەوە.

 

لینکى تەقەکردن و دەرگیرى هێزەکانى سوپا لە جووتیارانى خەڵکى جلیز