بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

داماوى وەزارتى تەندرووستى لە بەڕێوەبەردنى تاقیگە پزشکییەکان

داماوى وەزارتى تەندرووستى لە بەڕێوەبەردنى تاقیگە پزشکییەکان
نەخۆشەکان رووبەڕووی مەترسی جدی دەبنەوە
posted onJune 17, 2018
noبۆچوون

 

دۆخى تاقیگە پزشکییە ئەهلییەکان کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ نەخۆشخانە دەوڵەتییەکان هەیە، لەبەر گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا و دابەزین و هەڵکشانى بەهاى دۆلار و دراوى ئێرانى تا دێت خراپتر دەبێت، بە شێوەیەک کە ئەم تاقیگانە چیتر تواناى کڕینى ماددە و کەرەستە سەرەتاییەکانیان نەماوە.


بەڕێوەبەرى یەکێک لە تاقیگەکانى شارى تاران بە ئاڤاتودەى گوت "زۆربەى ماددە و کەرەستەى تاقیگە پزیشکییەکانى نێو نەخۆشخانەکان، لە دەرەوە بە دۆلار دەکڕدرێت. کەرتى تایبەت ناتوانێت ئەم ماددە و کەرستانە خۆى بکڕێت، بەڵام بە هۆى گەمارۆکان و هەڵکشان و داکشانى دۆلار چیتر تواناى کڕینى ماددەکانیان نییە، نەخۆشخانەکان و دەوڵەتیش پارە نادەنە ئەم بەشانە بۆ کڕینى کەلوپەلەکانیان".


زۆرێک لە نەخۆشخانەکانى شارى تاران پارەى بیمەى کۆمەڵایەتى تاقیگەکانیان لە بانەمەڕى ساڵى ڕابردووەوە نەداوە و بە شێوەیەکى نێوەنجى هەر نەخۆشخانەیەک بەلانى کەمەوە ١٤ ملیار تمەن قەرزارى تاقیگەکانیەتى. 


بە گوتەى سەرچاوەیەکى ئاڤاتودەى لە وەزارەتى تەندرووستى، دەوڵەت بۆ دەرچوون لەم قەیرانە "لەبرى پارە بەڵگەى بەهادار (اوراق بهادار)ى پێنج ساڵە دەداتە نەخۆشخانەکان، واتە دواى پێنج ساڵى دیکە پارەکەیان دەداتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکانى دابینکردنى ماددەى سەرەتایی تاقیگەکان بۆ کڕینى پێویستییەکانیان پارەیان پێویستە". زۆرێک لە تاقیگەکانیش ناچارن ئەم بەڵگە و ئەوراقە بەهادارە پێنج ساڵەییانە لە بازاڕى ئازاد و بە ٣٠% هەرزانتر لە بەهاى ڕاستەقینەى خۆى بفرۆشنەوە.


هاوردەکردنى ماددەى سەرتایی تاقیگەکان لە دەست چەند کۆمپانیایەکى تایبەتدا بوو کە کەرەستە و ماددە سەرەتاییەکانى تاقیگەکانیان لە وڵاتانى ئەمریکا و ئەڵمانیاوە دەهێنا. نها، بە بوونى گەمارۆ نوێیەکانى ئەمریکا و هەڵکشانى بەهاى دۆلار، ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئێرانییەکان ماددە و کەرەستەى سەرەتایی "خراپ" لە چینەوە دەکڕن و دواتر بە ناوى بەرهەمى ناوخۆیی لە ئێران بەستەبەندى و دووبارە دەیپێچنەوە کە ئەمەیش دەبێتە هۆى هاتنەخوارەوەى "کواڵیتى و تەندرووستى" کەرەستەکان.


ئێستا کە زۆرێک لە تاقیگەکان بۆ دابینکردنى ماددە و کەرەستە سەرەتاییەکانیان تووشى کێشە بوونەتەوە و وەزارەتى تەندرووستى و لەویش سەرووتر دەوڵەت لە دۆخێکى قەیراناوین و باریان لە بن گەمارۆ ئابوورییەکان خوارە، وەزارەتى تەندرووستى دەیهەوێت بە جێبەجێکردنى گەڵاڵەى سنووردارکردنى دەفتەرچەى بیمەى خزمەتگوزارى دەرمانى لە تاقیگە و نەخۆشخانەکان، داهاتى خۆى زیاتر و بە شێوەیەکى کاتى خۆى لەم قەیرانە ڕزگار بکات.