بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لێکۆڵەرێکی خەڵکی نەغەدە بە تۆمەتی "سیخوڕی" سزای زیندانیی بەسەردا سەپێندرا

لێکۆڵەرێکی خەڵکی نەغەدە بە تۆمەتی "سیخوڕی" سزای زیندانیی بەسەردا سەپێندرا
شایان هۆشیار، نووسەر، لێکۆڵەری مێژوو و چالاکوانی ئازەری زمانی خەڵکی نەغەدە
posted onMay 27, 2026
noبۆچوون

شایان هۆشیار، نووسەر، لێکۆڵەری مێژوو و چالاکوانی ئازەری زمانی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای 3 ساڵ و 8 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا. ئەم سزایە لەکاتێکدایە کە هۆشیار وەک یەکێک لە دەنگە هەرە میانڕەوەکانی ناوچەکە ناسراوە.

دادگا هۆشیاری بە "پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات" و "پشتگیریی میدیایی لە ئیسرائیل" تۆمەتبار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو وەک نووسەرێکی تورکزمانی ناسراوە و هەمیشە دژی توندڕەویی نەتەوەیی (پان-تورکیزم) وەستاوەتەوە و بەردەوام بەرگریی لە مافی کوردانی پارێزگای ورمێ و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکان کردووە.

مازیار شەمسنەژاد، پارێزەری دۆسیەکە ڕایگەیاند، هۆشیار هیچ کارێکی توندوتیژی ئەنجام نەداوە و تەنیا بەهۆی رەخنە و شیکردنەوەکانییەوە سزادراوە. پارێزەرەکە دەپرسێت: "ئایا لە ئێرانی ئەمڕۆدا سنووری نێوان رەخنە و تاوانی ئەمنی لەناوچووە؟"

هۆشیار پێشتریش بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە کەوتبووە بەر هێرشی توندی رەوتە توندڕەوەکانی ئازەری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. بڕیارە تانە لە حوکمەکەی بدرێت و دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە بکرێتەوە.