بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە مەهاباد گەنجێک لەسەر پۆشینی جلی خاکی لەلایەن چەکدارانی ئێرانەوە کوژرا

لە مەهاباد گەنجێک لەسەر پۆشینی جلی خاکی لەلایەن چەکدارانی ئێرانەوە کوژرا
posted onJuly 2, 2026
noبۆچوون

شەوی چوارشەممە لە شاری مەهاباد، چەکدارانی سەر بە حکومەتی ئێران گەنجێکیان بەهۆی پۆشینی جلی کوردیی خاکی کوشت، ئەمەش ناڕەزایەتیی بەرفراوان و خۆپیشاندانی خەڵکی لێ کەوتەوە.

پەلامارەکە کاتێک ڕوویداوە کە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر گەنجێک بە ناوی سیاوەش ئەلەک و گیانیان سەندووە. لە ڕووداوەکەدا چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، ئەم تاوانەش وای کرد خەڵکی مەهاباد تووڕە ببن و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بڕژێنە سەر شەقامەکان.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە هاووڵاتییان کردووە، یەکگرتووانە بە گژ ئەو هێرشبەرانەدا بچنەوە. حیزبەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو جۆرە کردەوانە نیشانەی زوڵم و زۆرداریی کۆماری ئیسلامییە و پێویستە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەیان بکرێت تاوەکو چیتر دەستدرێژی نەکرێتە سەر گەنجان.

گرژییەکان ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجە دەستیپێکرد و هاووڵاتییانی نیشتمانپەروەری مەهاباد دژی هێزە ئەمنییەکان وەستانەوە و دۆخی شارەکە ئاڵۆزیی تێکەوتووە.

هۆکاری پەلاماردانی سیاوەش، تەنیا پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگی خاکی بووە، کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە وەک هەڕەشە و سیمبولێکی نەتەوەیی سەیر دەکرێت و مامەڵەی توندی لەگەڵدا دەکرێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پۆشینی جلی خاکی وەک هێمایەکی نەتەوەیی یان ناسنامەی پێشمەرگایەتی پێناسە دەکرێت. بەو هۆیەوە، دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ خاکیپۆشەکان دەکەن و لە ڕابردووشدا چەندین کەس لەسەر هەمان بابەت دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی سزای جۆراوجۆر بوونەتەوە.