بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مرۆڤی سوبژە مەرجی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگا

مرۆڤی سوبژە مەرجی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگا
posted onFebruary 25, 2019
noبۆچوون


ڕێنە دێکارت فیلسۆفی بەناوبانگی فەرانسە ، بۆ دامەزرانی بنەڕەتی خۆ ناسین ، سەرەتا گومانی لە هەموو هەست و زانستەکانی خۆی و دونیای دەور و بەری کرد و تەنیا شتێک کە وەکوو کۆڵەکەی فەلسەفەکەی بۆی مایەوەو و نەیتوانی گومانی لێ بکا، بیرکردنەوە بوو . واتا گوتی "من بیردەکەمەوە ، ئەدی بوونم هەیە ". لێرەدا ئەڵێ کەسێک کە بیردەکاتەوە ، شێوەیەکی تایبەت بە خۆیشی هەیە بۆ ناسینی دونیا و کۆمەڵگاکەی و ئەو ناسینەی کە بە دەستی دێنێت شتێکی بێ وێنەیە و لە هەرتاکێک بۆ تاکێکی دیکە جیاوازی هەیە . کە وایە بەڕای دێکارت ئەوشتەی کە هەوێنی سەرەکی مرۆڤبوونە، بیرکردنەوەیە.

 

کەسێک کە بیردەکاتەوە و هەوڵ ئەدا دونیا بناسێت سوبژەیە و ئەو شتەی کە دەناسرێت ئوبژە . سوبژە و ئوبژە زۆر بەڕوونی لە دونیای ئەمڕۆی مرۆڤەکان دەبینرێت. ئەوەی کە بەپێ هەوڵی خۆی و لەسەر بنەمای زانستی خۆی سەبارەت بە دۆخی خۆی و کۆمەڵگا و بەگشتی دونیا بیردەکاتەوە  مرۆڤێکی بیرمەندە . کەبیرمەندیش بیت هەست بەبەرپرسایەتی دەکات و سنوور دەشکێنی و ئەو چوارچێوانەی کە بۆ لەبەندکردن و دیل کردنی ئەو داڕێژراوە ، دەیڕووخێنێت. 

بەڵام کاتێ مرۆڤ شێوەزاری بیرکردنەوەی لەچوارچێوەی لاسایی کردنەوەی یاسا و نەریت و ئەرزشە زاڵەکانی کۆمەڵگا بێت و پانتایی بیرکردنەوەی لەو چوارچێوانە لانەدا ، ئەوە ئۆبژەیەکە کە ئاستی بیرکردنەوەی بەپێ بەرنامەیەکی داڕێژراو دیاری کراوە و لەو بەرنامەیە لانادا. کە ئوبژەش بێت نەک هەست بەبەرپرسایەتی ناکات بەڵکوو چاوەڕێ ئەوەیە ئەو کێشانە کە بە بەشداری ئەو پێکهاتووە دەستێکی دیکە چارسەری بکا. 

کۆمەڵگاش بەپێ ئەوەی خەڵکەکەی سەداچەندی سوبژەن و سەربەخۆ بیردەکەنەوە ، بە دوو تاقمی کۆمەڵگای سوبژە و کۆمەڵگای ئوبژە دابەش دەکرێت . بۆیە دەبینین لە فەڕانسە گرانبوونی چەن سێنتی بەنزین ، چەندین ڕۆژ خەڵک ڕادەکێشێتە سەر شەقامەکان و دەوڵەت ناچاردەکا دان بە مافەکانی خەڵکی بنێت و لە هەڵوێستی خۆی پاشگەز بێتەوە . هاوکاتیش لە ئێراندا ڕووخستنی سەدان بەڵگەی گەندەڵی و کوشتنی ئازادیخوازان و قوڵبەست کردنی کرێکاران و گرانی و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەکییەکان ، بزاڤێکی ئینسانی بەرچاو و یەکیەتی لەنێوان خەڵک دروست ناکات!! ئاکامی ئاوەها کۆمەڵگایەک بەرەو داڕمانێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی و تێکچوونی هەموو متمانە ئینسانییەکان دەڕوا.

مرۆڤێکی ئوبژە خۆی لە کۆمەڵگاکەی جیادەکاتەوەو کۆمەڵگا لە بەرانبەری خۆی دادەنێت . بۆیە هەموو کات خەریکی هەڵسەنگاندنی ئاستی چاکییەکانی کۆمەڵگایە لە بەرانبەری خۆی بەبێ ڕەچاوکردنی دەور و بەرپرسایەتی خۆی لەمەڕ کۆمەڵگاکەی .ئەمەش لەحاڵێکدایە کە مرۆڤێکی سوبژە خۆی لەکۆمەڵگا بە جیا نابینێ و دەزانێت کردەوەکانی ئەوە کە کۆمەڵگاکەی پێکهێناوە.

مرۆڤی ئوبژە واتا من ، واتا تۆ ، واتا نەتەوەیەک کە تووشی نەخۆشی لەبیرکردنەوەی بەردەوام بووە . واتا نەتەوەیەک کە شێوازی بیرکردنەوەی لە بیرکردووە . بۆیە بەبێ بیرەوەری و بەبێ مێژوو دەمێنێتەوە. نەک مێژووی نەبێت نا ،بەڵام لەنێو هەراوهوریای بەڕۆژکردنەوەی جەستە و جلەکان ، نرخی ماڵ و دولار ، جوانترین ئەکتەر و باشترین یاریزانی دونیا ، دواهەمین مودێلی سەیارە و ... ون بووە . گەورەترین سەرقاڵییەکانی دەبێتە ئەوەی کێ ڕزگاریان دەکات و کامین وڵات بەهاسانی وەریان دەگرێ.

لێرەدایە کە دەبێ لە مرۆڤێکی ئوبژە ( لەخۆمان) ، پرسیار بکەین: لەسەر بناغەی کامین شۆناس ڕاوستاوی و داهاتووت بە کامین پێنووس دەنووسی؟

کۆمەڵگا کاتێ دەگوڕدرێ کە تێڕامانی تێدا ببێت . کاتێ کە خۆراکی مێشکەکان لە ناخی کۆمەڵگا و لە مەڵبەندی ڕاستەقینەی خۆیەوە ببێت ، کاتێ کە ئەو پەنجانەی وا بەرەو ئاسمان ئاوەڵایە ، بە وەرچەرخانێک، چنگ بە خاک و خۆڵا بکەن. هەوێنی ئەمانەش بە بڕوای دێکارت بیرکردنەوەی ڕاستەقینەیە . چۆن ئەگەر ئەمەمان نەبێت قەڵەودەبین، بەڵام قەت گەشە ناکەین.