بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبوو ئەحمەدی نەژاد بگەیەننەوە دەسەڵات

نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبوو ئەحمەدی نەژاد بگەیەننەوە دەسەڵات
posted onMay 22, 2026
noبۆچوون

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردووە، کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ و دوای بەئامانجگرتنی ڕێبەری باڵا و سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی پێشوەختەیان بۆ گۆڕینی ڕژێمی تاران هەبووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، واشنتن و تەلئەبیب کاریان لەسەر ئەوە کردووە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران، بگەڕێننەوە سەر کورسی دەسەڵات.

ئەم پلانە وەک بەشێک لە ستراتیژی دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ سەرکردایەتی ئێستا داڕێژراوە. هەرچەندە ئەحمەدی نەژاد بە یەکێک لە توندڕەوترین سەرکردە دژە ڕۆژاوایییەکان دەناسرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وابووە کە ئەو کەسێکی "پراگماتیست"ە و خۆی و چەند لایەنێکی ناو دەسەڵات ئامادەی کارکردنن لەگەڵ واشنتن. زانیارییە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەحمەدی نەژاد وەک کەسێک بینراوە کە دەتوانێت لەو قۆناغە قەیراناوییەدا وڵاتەکە بەڕێوەببات.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئەحمەدی نەژاد لە ڕۆژهەڵاتی تاران ئەنجامداوە، کە تێیدا لەژێر دەستبەسەریی ماڵەوەدا بووە. ئامانجی هێرشەکە کوشتنی ئەو پاسەوانانە بووە کە چاودێرییان دەکرد، تاوەکو ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی خۆش بکرێت. بەڵام پڕۆسەکە بە خێرایی شکستی هێنا، چونکە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ئەحمەدی نەژاد بریندار بوو و پلانەکە لە ڕێڕەوی خۆی لایدا.

جێی ئاماژەیە، دۆناڵد ترەمپ پێشتر بە ئاشکرا ڕایگەیاندبوو کە باشترە "کەسێک لە ناوەوە" ئێران بەڕێوەببات. ئێستا سێ مانگ بەسەر ئەو هێرشەدا تێدەپەڕێت و ئەحمەدی نەژاد لە هیچ شوێنێکی گشتی نەبینراوە، ئەمەش گومانەکان لەسەر سەختی برینەکەی یان چارەنووسی نادیاری زیاتر دەکات.