بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کەنەدا: تاوەکو ڕژێمی ئێران نەگۆڕێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاسایی ناکەینەوە

کەنەدا: تاوەکو ڕژێمی ئێران نەگۆڕێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئاسایی ناکەینەوە
posted onFebruary 15, 2026
noبۆچوون

وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە هەڵوێستێکی تونددا بەرامبەر تاران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری گۆڕینی ڕژێمە لە ئێران و تاوەکو ئەوەش ڕوونەدات، ئۆتاوا ئامادە نییە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەستپێبکاتەوە.

ئانیتا ئاناند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (گڵۆب ئاند مەیل) بە ڕاشکاوی گوتی: "پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دروست ناکەینەوە، مەگەر ئەوەی ڕژێمەکە بگۆڕێت. تەواو."

ئەم لێدوانە توندانەی وەزیری دەرەوەی کەنەدا لەکاتێکدایە، ئەمریکا دووەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و سوپای ئەو وڵاتە خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کەنەدا کە لە ساڵی 2012ـەوە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندووە، ڕۆژی شەممە سزای نوێی بەسەر حەوت کەسایەتیی سەر بە حکوومەتی ئێراندا سەپاند. ئاناند جەختی لەوە کردەوە کە لەم قۆناخەدا وڵاتەکەی بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و سەرنجی سەرەکییان لەسەر پرسی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.