بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بە گوشاری وڵاتانی عەرەبی؛ دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە عومان دەستپێدەکەنەوە

بە گوشاری وڵاتانی عەرەبی؛ دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە عومان دەستپێدەکەنەوە
posted onFebruary 4, 2026
noبۆچوون

دوای گوشارێکی زۆری سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیارە ڕۆژی هەینی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە عومان دەستپێبکەنەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی باراک ڕاڤید، پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، لانی کەم نۆ وڵاتی ناوچەکە لە ئاستی باڵادا پەیامیان بۆ کۆشکی سپی ناردووە و داوایان لە ترەمپ کردووە لە هەڕەشەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان پاشەکشە بکات و دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدات.

دوو بەرپرسی ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەیان ڕاگەیاندووە، وڵاتانی ناوچەکە داوایان لە ئیدارەی ترەمپ کردووە کۆبوونەوەکە لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجام بدات و "گوێ لە قسەکانیان بگرێت." بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە: "ئێمە بە عەرەبەکانمان گوت ئەگەر ئێوە پێداگری بکەن، کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدەین، بەڵام هێشتا زۆر دوودڵین."

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیدارەی ترەمپ لە کۆتاییدا تەنیا "لەبەر ڕێزگرتن" لە داواکاریی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی و بە مەبەستی هێشتنەوەی دەرگای دیپلۆماسی، ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دەربڕیوە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، پێشتر ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئاماژەی بە گرتنەبەری سیاسەتێکی توندتر بەرامبەر بە تاران دابوو، بەڵام نێوەندگیری و گوشاری وڵاتانی عەرەبی وایکردووە جارێکی دیکە مێزی گفتوگۆ لە مەسقەت بگەڕێتەوە کایە سیاسییەکان.