بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەسعود بارزانى بێدەنگییەکەى شکاند

"ڕیفراندۆم مافێکى دەستوورى و سرووشتى گەلى کوردستان بوو"
پاش بێدەنگییەکی زۆر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە/ وێنە: سەفین حەمید
"ڕیفراندۆم مافێکى دەستوورى و سرووشتى گەلى کوردستان بوو"
posted onMay 19, 2018
noبۆچوون

 

ئەوڕۆ شەممە ڕێکەوتى ١٩/٥/٢٠١٨ى زایینى (بەرامبەر بە ٢٩ بانەمەڕى هەتاوى) مەسعود بارزانى وتارێکى بڵاو کردەوە و تیایدا هیواى خواستووە کە هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن.

 

ئەمڕۆ حەوتوویەک بەسەر هەڵبژاردنى خوولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق تێدەپەڕێت کە گەلى عێراق بە بەشدارییەکى سست و لاوازەوە چوونە سەر سەندووقە ئەلیکترۆنییەکەى دەنگدان و کەمتر لە سەدا پەنجاى خەڵکى عێراق دەنگیان دا بەو بەربژێرانەى کە لە لایەن لیست و هاوپەیمانییەکانیانەوە دیارى کرابوون.

لە هەرێمى کوردستانیش سەرەڕاى ئەوەى کە بەشدارى خەڵک وەک جاران نەبوو، بەڵام پارتى دیموکراتى کوردستان بە ٢٥ کورسى و یەکێتى نیشتمانى بە ١٨ کورسى و گۆڕان بە ٥ کورسى و یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى و هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى هەر یەکەى بە ٢ کورسى و نەوەى نوێ بە ٤ کورسى تا ئێستا دەنگەکانیان کۆکردووەتەوە.

ئەوەى کە جێگەى سەرەنج بوو، بێدەنگى مەسعود بازرانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و سەرۆکى پێشووى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو کە دەنگۆى ئەوەش هەیە دەنگى نەدابێت، بەڵام گوتبووى "هیوام بە بەغدا نەماوە، بەڵام دەبێت پارتى دەنگى خۆى بهێنێتەوە تا تەئیدى دەنگى ڕیفراندۆم بکرێتەوە".

ئەوڕۆ شەممە ڕێکەوتى ١٩/٥/٢٠١٨ى زایینى (بەرامبەر بە ٢٩ بانەمەڕى هەتاوى) مەسعود بارزانى وتارێکى بڵاو کردەوە و تیایدا هیواى خواستووە کە "هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا".

بارزانى باسى هۆكارە سەرەكییەکانى هەموو گیروگرفتەكانی پێشوو و بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمى بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە حكوومەتی بەغدا پابەند نەبووە بە دەستوور و لە پەیامەکەیدا گوتوویەتى کە "لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە (إنّ الالتزام بهذا الدستور يحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسيادةً)، ئەمە ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە كە عێراق لە یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە پێكهاتووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاریكردنی چارەنووس مافێكی دەستووری و سرووشتیی گەلی كوردستانە".

ئەم قسەیەى مەسعود بارزانى سووربوونیەتى لەسەر ئەنجام و شەرعیەتى ڕیفراندۆم بەتایبەت کە لە پەیامەکەیشیدا بە ڕوونى گوتوویەتى  "پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن. پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووك و دوز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە".

لەم هەڵبژاردنانەدا زۆرێک لەو لایەنانەى کە دەنگى کەمیان هێناوەتەوەو  پێگەى خۆیان لەدەست داوە، سکاڵایان لە سەر یەکێتى نیشتمانى (بەتایبەتى) تۆمار کردووە و دەنگەکانى بە ناڕاست هەژمار دەکەن و لە بەرامبەریشدا یەکێتى نیشتمانى پێداگرى لە دروستى دەنگەکان دەکاتەوە و هێنانى ١٨ کورسى بە هەستانەوەى حزبەکە دەزانێت، بەڵام مەسعود بارزانى لەمەڕ ئەم پرسەوە لە پەیامەکەیدا گوتوویەتى "لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش هەندێ  نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە. بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەكان دروست بكات".

لە کۆتایی پەیامەکەى خۆى سەرەڕاى سوپاسى ئەندامان و لایەنگران و دۆستانى حزبەکەى و هەموو خەڵکى کوردستان، لە وتارەکەیدا گوتوویەتى: ئێمە پێمان باشە كە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێك. هەرگیز بژاردەی ئێمە بژاردەی شەڕ نەبووە. بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بووە كە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان كردووە بە ڕووداوەكانی دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەریشەوە.  كەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت.