بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

زێلێنسکی: جیهان بەدەنگ کوشتاری خۆپێشاندەرانی ئێرانەوە نەچوو

زێلێنسکی: جیهان بەدەنگ کوشتاری خۆپێشاندەرانی ئێرانەوە نەچوو
posted onJanuary 23, 2026
noبۆچوون

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕەخنە لە "کەمتەرخەمیی" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت بەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە ئێران و دەڵێت، لەکاتێکدا جیهان سەرقاڵی جەژنەکانی سەری ساڵ بوو، هەزاران کەس لەو وڵاتەدا کوژران.

لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند، خۆپێشاندەران لە ئێران "لە نێو خوێنی خۆیاندا گەوزان، بەڵام جیهان وەک پێویست پشتگیریی لێ نەکردن."

سەرۆکی ئۆکراینا بە ڕەخنەگرتن لە بێدەنگیی وڵاتان گوتی: "ئەمە ڕاستییەکەیە؛ هەموان لە گۆشەیەکدا وەستان. لە ئەورووپا کاتی پشووەکانی کریسمس و ساڵی نوێ بوو، بەڵام کاتێک سیاسییەکان گەڕانەوە سەر کارەکانیان و هەڵوێستیان دەربڕی، ئایەتوڵڵا هەزاران کەسی کوشتبوو."

زێلێنسکی پرسیارێکی لەبارەی ئاییندەی ئێران لە دوای ئەو "خوێنڕشتنانە" وروژاند و هۆشداریی دا، ئەگەر ئەو جۆرە ڕژێمانە لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، دەبێتە پەیامێک بۆ هەموو "ستەمکارێک" کە دەڵێت: "بەو ڕادەیە خەڵک بکوژە کە بۆ مانەوەت لە دەسەڵات پێویستە."