بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەرلەمانی ئەورووپا داوای ناساندنی سوپای پاسداران وەک "تیرۆریست" دەکات

پەرلەمانی ئەورووپا داوای ناساندنی سوپای پاسداران وەک "تیرۆریست" دەکات
posted onJanuary 23, 2026
noبۆچوون

پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەیەکی ڕەهای دەنگەکان بڕیارنامەیەکی تووندی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەسەند کرد؛ تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، پەرلەمانتارانی ئەورووپا بە ٥٦٢ دەنگی بەڵێ، ٩ دەنگی نەخێر و ٥٧ دەنگی بێلایەن، بڕیارنامەیەکیان پەسەند کرد کە تێیدا سەرکوتکردنی "خوێناوی"ی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و کوشتنی ناڕەزایان بە تووندی سەرکۆنە کراوە.

پەرلەمانی ئەورووپا لە بڕیارنامەکەدا هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی "بوێرانە و ڕەوا"ی خەڵکی ئێران دەربڕی و داوای ئازادکردنی بێ مەرجی هەموو دەستگیرکراوان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی کرد.
خستنە نێو لیستی تیرۆر
لە بەشێکی سەرەکیی بڕیارنامەکەدا، پەرلەمان داوای لە ئەنجوومەنی ئەورووپا کردووە "بەبێ دواکەوتن" سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، هێزی بەسیج و فەیلەقی قودس بە تەواوی بخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. هەروەها داوا کراوە سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران فراوانتر بکرێن، لەوانە سڕکردنی دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ئەو کەسانەی لە سەرکوتکارییەکاندا بەشدارن.

پەرلەمانتاران هۆشدارییان دا کە کوشتنی هەزاران خۆپێشاندەر نیشانەی گۆڕانکارییەکی "ترسناکە" لە شێوازی مامەڵەی ڕژێمی ئێران لەگەڵ ناڕەزایەتییەکاندا.

مەرجەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
بڕیارنامەکە ئاساییکردنەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەکی یەکێتیی ئەورووپای لەگەڵ تاران، بەستووەتەوە بە هەنگاوی ڕاستەقینە بەرەو دیموکراسی، ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی.

لە لایەکی دیکەوە، پەرلەمان هەوڵەکانی ئێرانی بۆ بڕینی ئینتەرنێت و سانسۆرکردنی زانیارییەکان سەرکۆنە کرد و داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد پشتگیریی تەکنیکی و دارایی پێشکەش بە خەڵکی ئێران بکەن بۆ زاڵبوون بەسەر سانسۆردا.

لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی
لە بڕیارنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئێران ڕێگە بە لیژنەی "دەرخستنی ڕاستییەکان"ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بۆ لێکۆڵینەوە لەو "تاوانە قورسانەی" ئەنجام دراون، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی کە دژی ناڕەزایان بەکار هاتووە.

لەکۆتاییدا، پەرلەمانتاران پشتگیریی خۆیان بۆ بڕیارەکەی ڕۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا دەربڕی سەبارەت بە قەدەغەکردنی هاتنی نوێنەرانی حکومەتی ئێران بۆ نێو باڵەخانەکانی پەرلەمان و داوایان کرد وڵاتانی ئەندامیش هەمان هەنگاو بنێن.