بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دیدەبانی مافی مرۆڤ هۆشداری لە "کوشتاری فراوان" و ئەگەری سێدارە بۆ دەستگیرکراوانی ئێران دەدات

دیدەبانی مافی مرۆڤ هۆشداری لە "کوشتاری فراوان" و ئەگەری سێدارە بۆ دەستگیرکراوانی ئێران دەدات
posted onJanuary 14, 2026
noبۆچوون

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دیدەبانی مافی مرۆڤ (HRW) بە توندی سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندەرانی ئێرانی مەحکووم کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییەکان، بە شێوەیەکی خێرا دەستێوەردان بکەن.

فیلیپ بۆلۆپیۆن، سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕێگەی پچڕاندنی تەواوەتیی ئینتەرنێت و بڕینی ڕێڕەوی گواستنەوەی زانیاری، هەوڵ دەدەن قەبارەی ڕاستەقینەی تاوانەکانیان بشارنەوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە سەرەڕای ئەم سانسۆرە توندە، ڕێکخراوەکەی ڕاپۆرتی زۆر نیگەرانکەری سەبارەت بە "کوشتاری فراوانی" ناڕازییان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پێ گەیشتووە.

بۆلۆپیۆن نیگەرانیی قووڵی خۆی بۆ چارەنووسی هەزاران کەس دەربڕی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە. ئەو وتی: "ئێمە زۆر نیگەرانین بۆ ئەو کەسانەی کە تازە دەستگیر کراون، چونکە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە تۆمەتی 'موحارەبە' (دژایەتیی خودا)یان دراوەتە پاڵ؛ تۆمەتێک کە بەپێی یاساکانی ئێران سزای سێدارەی بەدوادا دێت."

ئەم هۆشدارییەی دیدەبانی مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە نافەرمییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی ژمارەی قوربانیان و توندتربوونی فشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران دەکەن.