بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دەستبەسەرکرانی باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی، چالاکی سیاسی لە مەهاباد؛ دانپێدانانی زۆرەملێ بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل

مەهاباد
posted onJuly 22, 2025
noبۆچوون

خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کلارا ڕەسووڵی، باوک و خوشکی کارۆ ڕەسووڵی، چالاکی سیاسیی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و کادیری ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کروان. ئەو دوو هاووڵاتییە لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لەسەر "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی هەنگاو، خدر ڕەسووڵی، تەمەن ۶۹ ساڵ و کلارا ڕەسووڵی، تەمەن ۳۷ ساڵ و خەڵکی مەهاباد لە ۱۲ ڕۆژ پێشترەوە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بارودۆخیان جێی نیگەرانییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خدر و کلارا ڕەسووڵی پاش دەستبەسەرکرانیان لە مەهاباد بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواستراونەتەوە.

کاناڵە میدیاییە پەیوەندیدارەکان بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە کە بەم زوانە ڤیدیۆیەک لە دانپێدانانی زۆرەملێی خدر ڕەسووڵی بڵاو دەکەنەوە. ناوبراو لەو ڤیدیۆیەدا کە دوای ئەشکەنجەدرانی تۆمار کراوە بە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کوڕەکەی و نیشاندانی زانیاریی هەستیاری سەربازی بە ئیسرائیل ئاماژە دەکات.

خدر ڕەسووڵی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو تا ئێستا سەرجەم ۵ ساڵی لە بەندیخانەکانی ئێراندا تێپەڕ کردووە و پاش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی هەڕەشەی لێ کرابوو و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرابوو.

شایەنی باسە کە، خدر ڕەسووڵی تا ئێستا دوو جار نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و ڕاگرتنی لەو دۆخە و ئەشکەنجەکردنی، نیگەرانیی جددیی بنەماڵەکەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لێکەوتۆتەوە.

خدر و کلارا ڕەسووڵی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۹ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە ماڵەکەیان لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.