
سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردان، پێنج چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆڕتە گەیشتووەكان، ناوی دەستبەسەر كراوان بریتین لە: هادی (هیوا) ئەحمەدی، محەممەد زەبیحی، ئەیوب (سۆران) سوڵتانی، ڕەحیم قودرەتی، و ئیدریس عەلی محەممەدی.
دەوترێت نزیکەی کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەیەكی خۆسەرانە و بەبێ فەرمانی یاسایی، بە چوونە ژوورەوە لە سەر دیواری ماڵەکانیانەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو کەسانە. ئەو هێزانە لەگەڵ پشكنینی ماڵەكانیان و سووكایەتی پێكردنیان، دەستبەسەر كراوانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەركردن، تۆمەتەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییانە دیار نییە. بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی نادیاری ئازیزانیان دەربڕیوە.
ئەم دەستبەسەرکردنانە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردە.