بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە شنۆ سوپای پاسداران تەقەی لە دوو برا کرد و یەکیان گیانی لەدەستدا

لە شنۆ سوپای پاسداران تەقەی لە دوو برا کرد و یەکیان گیانی لەدەستدا
posted onMay 20, 2026
noبۆچوون

هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ، تەقەیان لە ژمارەیەک هاونیشتمانی کرد؛ لە ئەنجامدا پیاوێک گیانی لەدەستدا و برایەکی دیکەشی بە سەختی بریندار بوو. بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەشیان دەڵێن، خۆیان لە شاخ کەوتوونەتە خوارەوە.

ڕووداوەکە شەوی شەممە لە کێوەکانی "گامرە" لە نزیک گوندی میراوێ ڕوویداوە. 6 کەس کە جەڵەبیان پێبووە، کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە. دوو برا بە ناوەکانی "جەلال و جەمال خزرزادە" کراونەتە ئامانج؛ جەلال بەهۆی سەختیی برینەکەی و مانەوەی بۆ ماوەی شەوێک لەناو بەفردا گیانی لەدەستداوە و جەمالیش ئێستا لەژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە.

هەرچەندە میدیا خۆجێییەکانی نزیک لە حکومەت باس لەوە دەکەن ئەو کەسانە بەهۆی "هەڵدێران لە شاخ" لە کاتی کۆکردنەوەی گیای بەهاری بوونەتە قوربانی، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، سوپای پاسداران تەقەی ڕاستەوخۆی لێکردوون و دەستیشی بەسەر ئاژەڵەکانیاندا گرتووە.

جەلال خزرزادە، کە لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستدا، خێزاندارە و باوکی منداڵێکی بچووکە. دوای ڕووداوەکە، خەڵکی گوندی میراوێ و شاری شنۆ بە کۆمەڵ چوونەتە ناوچە سنوورییەکە و تەرم و بریندارەکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە.