بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ دەستدرێژیی سێکسی بەسەر دەستبەسەرکراوان له ئێرانی پشتراست کردەوه

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ دەستدرێژیی سێکسی بەسەر دەستبەسەرکراوان له ئێرانی پشتراست کردەوه
ئەم ڕەسمه هی ئارشیڤه
posted onApril 22, 2024
noبۆچوون

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆڕتی خۆی سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕایگەیاندووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، دەسبەسەرکراوانیان ئەشکەنجە داوە و دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەریان.

ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لە ١٠ بەندکراوی کورد و بەلووچ و تورک لە پاییزی ساڵی ١٤٠١دا گەیشتووەتە ئەم ئەنجامە و له ڕۆژی ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ لە چوارچێوەی ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردووەتەوە.

ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە ژنێکی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ لەکاتێکدا کە مەئموورێکی ژن بە زۆر ڕایگرتووە، لەلایەن دوو کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری.

ڕاپۆڕتەکە زیادی دەکات کە کوڕێکی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی پارێزگای ورمێ بۆ ئەم ڕێکخراوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێرانەوه لە نێو ئۆتۆمبیلی پولیس "دەستدڕێژیی بە کۆمەڵ" کراوەتە سەری و پاشان لە گرتووخانەیەکی ئێران بە باتووم ئەشکەنجە دراوە و دەستدرێژیی توندوتیژانە کراوەتە سەری.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆڕتەکە، شرۆڤەیەک له دۆخی ژنێکی بەلووچ هاتووە کە ناوبراو جگە لەوەی دەستدرێژیی کراوەتە سەری و لێی دراوە، شایەتحاڵی دەستدرێژیکردنە سەر دوو ژنی دیکەی بەلووچ لە گرتووخانەیەک لە بەلووچستان.

هەروەها ڕاپۆڕتەکە لە زاری خوێندکارێکی زانکۆی بەلووچستانەوە ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سپای پاسداران ناوبراویان لەگەڵ ٢٠ ژنی دیکە دەسبەسەر کردووە و لە ماوەی یەک مانگ دەسبەسەرکرانیاندا، خراونەتە ژێر ئەشکەنجە و توندوتیژیی سێکسی.

لە بەشێکی دیکەدا و سەبارەت بە دۆخی منداڵانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ڕێژیمەوە هاتووە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە ئێران منداڵانی دەسبەسەرکراویان کوشتووە یان ئەشکەنجەیان داون و دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەریان و لە هەندێک حاڵەتیشدا بێسەروشوێنیان کردوون.