بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان له ئازار و ئەشکەنجەدانی کوردانی ڕۆژهەڵات بەردەوامه

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان له ئازار و ئەشکەنجەدانی کوردانی ڕۆژهەڵات بەردەوامه
وێنەیەکه له جەستەی ئەشکەنجەدراوی سیروس مورادی بەدەست چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانی
چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوونەته باڵێکی کۆماری سێدارەی ئیسلامی بۆ گرتن و دەست خستنه سەر کەلوپەلی کۆڵبەران
posted onMarch 19, 2024
noبۆچوون

هێزێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان له سنووریی تەوێڵه سەر بە هەڵەبجه، دوای دەستبەسەر کردنی کۆڵبەرێکی خەڵکی کامێران دەست دەخەنه سەر کەلوپەلەکەی و بەدڕندانەترین شێوه ئەشکەنجەی دەدەن.

به‌پێی ئەو زانیاریگەله که بەدەستی ئاڤاتودەی گەیشتووه، شووناسی ئەو کۆڵبەرە سیروس مورادی، خەڵکی ئاوای مرواری سەر به شاری کامێرانه، که بەدەستی چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەشکەنجه دراوه و دەست بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی گیراوه.

هەروەها له ڤیدئویەکدا، جەستەی بەریندار و ئەشکەنجه‌دراوی سیروس مورادی دەردەکەوێت که له چەندین شوێن ئاسەواری توندی ئەشکەنجه‌کانی بەزەقی دەبیندرێت.

یەکێک له کەس و کاری سیروس مورادی لەو ڤیدئویەدا له شرۆڤەی ڕووداوەکه دەڵێت: "پاسەوانی سنوور له ناوچەی تەوێڵه، ئەم کوڕه دەگرن و به توندی ئەشکەنجەی دەکەن و دواتر به زۆرەملی بەڵگەیەکی لێ واژۆ دەکەن که گوایا پەلاماری چەکی پاسەوانی حدودی داوه".

ئەو شارۆمەنده ڕۆژهەڵاتییه ڕوو له بەرپرسانی باڵای یەکێتیی دەکات و دڵێت: "ئەمه کەی برایەتییه، ئەمه کەی مرۆڤایەتییه، ئەم کۆڵبەره تەنیا بۆ پارویەکی نان گیانی خۆی دەخاته خەتەر و ئێوەش به خراپترین شێوه هەڵسەوکەوتی لەگەڵ دەکەن".

به جێگیربوونی پاسەوانانی سنووری عێراقی له سنوورەکانی کوردستانی باشوور، چەکدارانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان له ژێرناوی حەرەسی حدود یان هەمان پاسەوانی سنوور، دەستدەخەنه سەر ماڵ و حاڵی کۆڵبەران و به دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجەیان دەکەن.

هەر لەم پەیوەندیەدا، پێشتر ئاواتودەی ڕاپورتێکی تێروتەسەلی لەبارەی گرتنی کۆڵبەران و ئازاردانیان له سنووری هەڵەبجه بڵاوکردبوو. لەو ڕاپورته ئاواتودەی ئەو ڕاستیه دەردەخات که چەکداران یەکێتیی نیشتمانی بوونەته باڵێکی ئێران بۆ گرتن و دەست خستنەسەر کەلوپەلی کۆڵبەران.