بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەیوەندییەکانی تاران و بەرلین گرژى زیاترى تێ کەوت.. کۆماری ئیسلامی دوو دیپلۆماتی ئەڵمانی دەرکرد

پەیوەندییەکانی تاران و بەرلین گرژى زیاترى تێ کەوت.. کۆماری ئیسلامی دوو دیپلۆماتی ئەڵمانی دەرکرد
AvaToday caption
posted onMarch 1, 2023
noبۆچوون

کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە دەرکردنی دوو دیپلۆماتکارەکەی خۆى لە لایەن حکوومەتی ئاڵمانەوە، دوو دیپلۆماتکاری بەرلینی لە ئێران دەرکرد.

 

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى، ئەمڕۆ ١٠ى ڕەشەمە ڕایگەیاند: "دوابەدوای دەستێوەردان و نابەرپرسیاریەتییەکانی حکومەتی ئاڵمان لە کاروباری ناوخۆ و دادوەریی کۆماری ئیسلامی، دوو دیپلۆماتکاری ئەڵمانی وەک "کەسایەتى نەخوازراو" دەستنیشان کراون و دەردەکرێن".

چوارشەممەی ڕابردوو، حکومەتی ئەڵمان، باڵیۆزی کۆمارى ئیسلامى لە بەرلین بانگهێشت کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە کە "پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی هاووڵاتییەکی ئەڵمانی" لە لایەن ڕژێمەکەیەوە خوازیار نییە و قبوڵ ناکرێت. لە ئەنجامدا حکومەتی ئەڵمانیا دوو ئەندامی باڵیۆزخانەی کۆمارى ئیسلامى وەک کەسایەتى نەخوازراو ناساند و داوای لێکردن بە زووترین کات ئەڵمانیا بە جێ بهێڵن. ئەم کارەی ئەڵمانیا تەنیا ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە دادگای کۆمارى ئیسلامى ڕایگەیاند "جەمشید شارمێهد"، هاوڵاتیی دوو ڕەگەزنامەیی ئێرانی ـ ئەڵمانی و تەمەن ٦٧ ساڵ و دانیشتووی ئەمریکا، دوای ئەوەی بە تاوانی چالاکی "تیرۆریستی" دەستبەسەر کرابوو، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە باڵیۆزی ئاڵمانیاش بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی کۆمارى ئیسلامى کراوە و بڕیارەکەی حکوومەتی پێ دراوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، پەیوەندییەکانی تاران و بەرلین ئاڵۆزییەکى زۆرى تێ کەوتووە و لەم دواییانەشدا ئەنجوومەنی تایبەتی نوێنەرانی بۆندستاگ (پەرلەمانی ئەڵمانیا) ڕایگەیاند کە هاوکارییەکانی گرووپی پەرلەمانی ئەڵمانیا و ئێران ڕادەگرێت. خاتوو کاتیا ماست، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فراکسیۆنی حیزبی سۆسیال دیموکراتی ئاڵمان، ڕۆژی ٥ی ڕەشەممە ڕایگەیاند کە دوای گەمارۆکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئەنجوومەنی تایبەتی ئەم پەرلەمانە بۆ هاوکارییەکانى نێوان هەردوو پەرلەمان، لە حەفتەی ئایندەوە هاوکارییەکانی ئەڵمانیا ـ ئێران ڕادەگرێت.