بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئاخۆ باڵیۆزە نوێیەکەى کۆمارى ئیسلامى دەتوانێت شکستەکانى مەسجدى لە عێراق چارەسەر بکات؟!

ئاخۆ باڵیۆزە نوێیەکەى کۆمارى ئیسلامى دەتوانێت شکستەکانى مەسجدى لە عێراق چارەسەر بکات؟!
AvaToday caption
posted onApril 17, 2022
noبۆچوون

وابڕیارە پڕکێشەترین قۆناغى باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامی لە عێراق کۆتایی دێت و چاوەڕوان دەکرێت ئیرج مەسجدی، ئەو منداڵە شەست ساڵەیەى سوپای تیرۆریستى پاسداران بەغدا جێ بهێڵێت و ئەرکەکەى و چەندین تۆن فایلى چارەسەرنەکراوە، بخاتە سەر شانى حوسێن ئال سادق مازەندەرانى.

 

مەسجدی پێنج ساڵى ڕەبەق و دواى دەستبەکاربوونى لە ساڵى ٢٠١٧ لە عێراق مایەوە. ساڵى دەستبەکاربوونى هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنى سەرکەوتن بەسەر داعش لە لایەن عێراق و ئومێکى ڕێژەیی بە گەلی ئەو وڵاتە بەخشرا کە چەندین دەیە بوو بە دەست شەڕو ناکۆکییە هەرێمی و جیهانییەکانەوە دەیناڵاند. ئەو ساڵە خاڵێکى وەچەرخانێکى نوێ بوو لەپەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانى بەغدا، بە جۆرێک ئەو کەیسەى سەرۆکوەزیرانى پێشووتر بەڕێوەى دەبرد، جۆرێک لە کرانەوەى نێودەوڵەتى بۆ عێراق بە دی هێنا.

حەیدەر عەبادی، لە ماوەى سەرۆکوەزیریی خۆیدا، توانى تێڕوانینى پایتەختەکانى وڵاتانى دراوسێ و جیهان بە ئاراستەى بەغدا بکاتەوە و لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبدرێتەوە. هەر لەو ساڵەى مەسجدی وەک پیاوی سوپاى پاسداران و رێبەرى باڵاى رژێمەکەى ئاخوندى، لە پۆستى باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامى لە بەغدا دەست بە کار بوو، چەندین وەزیرى کەندا و وعەرەبی و بیانی ڕوویان لە بەغدا کرد و ئەو خاکەى کە چەندین ساڵە بایکۆتیان کردبوو، دووبارە لێی نزیکبوونەوە.

وەک دەڵێن " ئەو باڵندەیەى زوو بەخەبەر دێت، زۆرترین کرم دەدۆزێتەوە"، بەو شێوەیەش پەیوەندییەکانى بەغدا بە شێوەیەکى خێرا لەگەڵ دۆحە، ڕیاز، ئەنکەرا، ئەبوزەبی و عەممان گەشەى سەن و چەندین ڕێککەوتنى ستراتیژی و ئابوورى و سیاسیی هاوبەشى بەدواى خۆیدا هێنا، ئەنجامەکەشى لوتکەى سێقۆڵى نێوان عێراق، ئەردەن و میسری لێ بەرهەم هات و دواتر ئەنجوومەنى هەماهەنگی سعودی ـ عێراقی لەسەر ئاستى باڵا دروست بوو، بەڵام لەبەرامبەردا پیاوەکەى تاران لە نووسینگەکەى خۆى لەنێو باڵیۆزخانەکەى وڵاتەکەی، بە هەموو ئەستێرە و باڵندە و شمشێرەکانى سەر شانى هەر خەریکى لێدوان بوو دەربارەى "بەرەنگاری جیهانى" و "دژایەتیی ئیمپریالیزم" و "ڕێنمایی عێراقییەکان لەوەى دەستبەرداری چ بن".

هەر دواى ساڵێک لە دەستبەکاربوونى مەسجدی وەک باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامى لە بەغدا، عەلى خامنەیی بە چاوی خۆى توڕەیی عێراقییەکانى بەرامبەر سیاسیەتى گێرەشێوێنانەیان و ئاگرتێبەردانى کونسڵخانەکەى لە بەسرا بینى و هەر رێک دواى ساڵێک جارێکى دیکە ئاگرەکە پەرەى سەند بۆ باڵیۆزخانەى بەسرا و نەجەف و کەربەلا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕژێمى ئاخوندى هەمیشە پێی وابوو ئەو دوو شارە شوێن پێی خۆیەتى. دواتر لە خۆپێشاندانەکانى ٢٠١٩ دژایەتییەکانى سیاسەتى تاران ئەوەندەى دیکە تەقییەوە و زۆرینەى عێراقییەکان بەتایبەت لەنێو مەزهەبی شیعەکاندا دژى حکومەتە هاوپەیمانییەکەى خامنەیی و سوپای پاسداران خۆپێشاندانێکى ملیۆنى چەند مانگیان رێک خست.

مەسجدی کە پاشگری سەربازیی هەیە، بەچاوەکانى خۆى بینی ئەخلاق و سیاسەتی وڵاتەکەى لەنێو لافاوی عێراقدا نووقم دەبێت و، کەس گوێ بۆ بانگەوازەکانى لەمەڕ شەڕکردن ناگرێت و سیاسەتەکەى تا هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ بەردەوام بوو و کاتێک بەخەبەر هاتەوە، هاوپەیمانەکانى گەورەترین گورزیان پێکەوت.

مەسجدی تاکە باڵیۆز نییە، هۆکار بێت بۆ شکستهێنانى سیاسەتى ڕژێمەکەى لە عێراق کە هەمیشە لێدوانى نابەجێ و دەستێوەردانى لە سیاسەتى ناوخۆى بەغدا دەکرد، بەڵکو لە پێش ئەودا سامر سەهبان، باڵیۆزى شانەشینى سعودیەش بەهەمان شێوە بوو، کە لەلایەن هاوپەیمانەکانى تاران رووبەرووى هێرش بووەوە و عێراقیان ناچار کرد داوا لە ریاز بکات بیگۆرێت، بەڵام ژیرییەکەى سعودیە لەوەدا بوو کە بەخێرایی لەساڵى ٢٠١٦ سەهبان بە کەسێکى زۆر هێمنتر و ژیرتر دەگۆرێت و، لەجیاتى ئەو عەبدولعەزیز شەمەری کە هۆزەکەى لەنێوان عێراق و سعودیە دابەش بوون. ئەو جیاوازییەش لەنێوان هەردوو وڵاتی ناکۆکی ناوچەکە ئەوەیە تاران لەبری کەسێکى لێهاتوو و شارەزا دەستنیشان بکات، ئەفسەرێکى سەربازی خانەنیشینکراوی دیاریی کردووە نوێنەرایەتى بکات لەبەغدا.

ئێران و عێراق

بڕیار بەدەستەکەى تاران لەماوەى پێنج ساڵ لەبوارى دیپلۆماتى تاکە دەستکەوتى بۆ وڵاتەکەى بریتی بوو لە:

ـ سووتاندنى سێ کونسوڵخانە

ـ دۆڕاندنى هاوپەیمانەکان و یەک لەسەر سێی کورسییەکانى لە پەرلەمانى عێراق

ـ گەیشتە ئەو باوەڕەى عێراق بە ملهووری بەڕێوە ناچێت، بەڵکو پێویستە هاوشێوەى ریاز کەسێکى دیکە دیاری بکرێت و مەسجدى بگۆڕدرێت.

سەرچاوە ئێرانییەکان هێمایان بەوە داوە "دواکەوتنێکى بیرۆکراتى هەبووە"، بۆیە نەتوانراوە بەخێرایی مەسجدی بگۆڕدرێت، بەڵام لەڕاستییەکەى ئەو باڵیۆزە پیاوى ڕاستەوخۆى سوپای پاسداران و نووسینگەى رێبەرى باڵا بوو و فشارێکى زۆریش کراوە تا لە پۆستەکەى بەردەوام بێت. لە بەرامبەریشدا ئەوەى دەربارەى باڵیۆزى نوێی تاران لەبەغدا باس دەکرێت، ئەوەیە کە ئەویش بەهەمان شێوە منداڵى سوپای پاسدارانە و عەرەبیزانێکى باشە و تەنانەت بە زاراوەى عێراقیش قسە دەکات و دەنووسێت و نزیکەى دە ساڵ لەنێو باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە بەغدا کاری کردووە (لەدواى ٢٠٠٣)ـوە، بۆیە کەسێکى نامۆ نییە لەنێو عێراق. جگە لەوەش بەشێکى زۆری بنەماڵەکەى هەڵگری ناسنامەى عێراقین، پێش ئەوەى رژێمى پێشووى بەعس بە بڕیارى "ڕەچەڵەکە بیانییەکان"، ناسنامەکانیان لێ وەرگرێتەوە، بەڵام نازانرێت ئاخۆ خودی حوسێن مازندەرانى ئەویش بەهەمان شێوەى بنەماڵەکەى هەڵگری ناسنامەى عێراقیە یاخود نا. ئەوەى بەردەستە تەنها ئەوەیە مەحمەد رەزا ئال سادق، بۆ چەندین ساڵ ناسنامەى عێراقی هەبووەو، لەژێر دەستى مەحمەد مەحمەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر خوێندوویەتى و وازەى حەوزەى بە دەست هێناوە. ئەوەی هەیە پێدەچێت باڵیۆزى نوێی کۆمارى ئیسلامى تەنها بۆ ئەوە نەخشێنراوە کە ڕەوشە دیپلۆماتیکە نقوومبووەکەى ڕژێم لەنێو قەیرانیی عێراق رزگار بکات.

مازندەرانى پێش هەموو شتێک پێویستى بەوە دەبێت ژەنەڕاڵەکانى سوپای پاسداران و نووسینگەکەى عەلى خامنەیی ڕازی بکات، تا پانتایی زیاتر و ئازادى زۆرتریى پێ ببەخشن لە کارەکەى، بۆ ئەوەى بتوانێت ئەو کەیسانە چارەسەر بکات کە هەروا بە کراوەیی ماونەتەوە. لە هەمان کاتیشدا پێویستە ڕێبەرانى دەیان میلیشیاى چەکداری نزیک لە رژێمەکەى ڕازی بکات، بەوەى ئەو کارانەى ئەوان ئەنجامی دەدەن، سەرەتا زیان بە بەرژەوەندیی وڵاتەکەى دەگەیەنێت و لە هزرەکانى مسجدیش دوور بکەونەوە.

زۆربەى چاودێران لەسەر ئەوە کۆکن کە پۆستەکەى مازندەرانى زۆر پەراوێزییە بۆ رژێمەکەى تاران، چونکە سیاسەتى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە، لەلایەن سوپاى پاسداران و خودی خامنەییەوە بەرێوە دەبردرێت، نەوەک سەرکۆمار، ئەمەش چەندین جار لەلایەن مەحمەد جەواد زەریف، وەزیرى پێشووى دەرەوەى رژێمى مەلاکان ئاشکرا کراوە.