بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوپاى پاسدارانی خامنەیی تاڵانکەرى سەروەت و سامانى گەلانى ئێرانە

سوپاى پاسدارانی خامنەیی تاڵانکەرى سەروەت و سامانى گەلانى ئێرانە
AvaToday caption
posted onApril 12, 2022
noبۆچوون

ڕاپۆرتى ئەلمەشاریق

سوپاى تیرۆریستى پاسداران ئابوورى ئێرانى داگیر کردووە و لە ڕێگەى سەرکوتى خۆپێشاندانەکانەوە، سەرەڕاى پاراستنى ڕێژیم و نیزامى کۆمارى ئیسلامى، تێچوو و مەسرووفى میلیشیا تیرۆریستییەکانى ناوچەکەش لە گیرفانى خەڵکى ئێرانەوە دەردێنێت و سەروەت و سامانى ئێران بەتاڵان دەبات.

 

پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتى سوپا لەسەر ئابوورى، ڕێگەى چاکسازى لە ئێران نەداوە و لە بنەڕەتیشدا ئایدیا و فەرمانەکانى خامنەیی جێبەجێ دەکات کە ئەویش لەگەڵ چاکسازى نییە. سوپاى پاسداران دەستى گەورەى لە نێو ئێراندا هەیە و ئەمەش واى کردووە کە داهاتێکى گەورەى ئێران لە ڕێگەى فرۆشتنى نایاسایی نەوت و قاچاخى مادەى هۆشبەر و کاڵا نایاساییەکانەوە کۆ بکاتەوە.

سوپاى تیرۆریستى پاسداران، دەسەڵاتى خۆى بەکار هێناوە بۆ ئەوەى ببێتە گەورەترین پشکدارى بوارى نەوت و گەیاندن و پاپۆڕەوانى و گومرگ و هەناردەکردن و هاوەردەکردن و بەشگەلى دیکەى بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵ و دراو. سوپا بەردەوام خەریکى پڕکردنى خەزێنەى خۆیەتى و بەردەوامیشە لە پشتیوانیکردنى ماددیی میلیشیا تیرۆریستییەکانى ناوچەکە و ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى کە گەلانى ئێران تووشى هەژارى و نەدارییەکى گەورە ببنەوە و بەمەش ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى هەژار هەتا دێت زیاتر و زیاتر دەبن و لە بەرامبەریشدا ئەم سوپا تیرۆریستە دەست ناپارێزت لە سەرکوتکردنى خەڵک و خۆپێشاندەران.

بە پێى هۆشدارى پسپۆڕان، لەبەر سوپاى تیرۆریستى پاسداران، هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ چاکسازى ئابوورى لە ئێران و سوپاش سوودى لەم دۆخە وەرگرتووەە بۆ پڕکردنى گیرفانى خۆى و تاڵانکردنى گیرفانى گەلانى ئێران. بە پێآ ڕاپۆرتى هەواڵدەرى فەڕەنسا، ئێران ڕۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆى بەرهەمى نەوتى ئێران گەڕاوەتەوە بۆ ئاستى پێش گەمارۆکان کە لە ڕۆژێکدا ٣.٨ ملیۆن بەرمیلە.

فوربود دەبیرسیاقى پسپۆڕى بازرگانى و شڕۆڤەکارى کاروبارى ئێران، دەڵێت: "سوپا ڕۆڵ و دەستێکى گەورەى لە فرۆشى نەوت هەیە و سوود لە داهاتى نەوت وەردەگرێت بۆ سەرکوتى دژبەرانى ئێرانى". ئەم پسپۆڕە لە  ئەلمەشاریقى گوتووە کە ئەو داهاتە نەوتییانەى کە هەن بۆ کڕینى کەلوپەلى سەربازى و پشتیوانى ماددى هێزى تیرۆریستى و میلشیاکانى سەر بە سوپاى پاسداران بەکاری دەهێنێـ وەک حیزبوڵا و حەشدى شەعبی و حوسییەکان و ...

بەشێکى زۆرى نەوتى ئێران لە ڕێگەى پاپۆڕگەلى جیاواز و بە ئاڵاى وڵاتان و کۆمپانیاگەلى جیاوازەوە کە زۆرینەیان لە ژێر گەمارۆى ئەمریکان، بە دەستى سوپاى تیرۆریستى پاسداران دەفرۆشرێت و هەوڵیش دراوە کە سوپا و ناوەندەکانى سەر بە سوپا لە دەست گەمارۆکان ڕزگاریان بێت و هەر ئەمەش واى کردووە کە ئاڵاى وڵاتان بەکار بهێنێرێت بۆ خۆشاردنەوە لە گەمارۆکان و دەستبەسەرداگرتنەکان لە ئاوە ئازادەکان و ئێستاش زۆرینەیان ڕادارەکانیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەى دەرنەکەون. ڕۆیتەرز بڵاوى کردەوە کە کۆمپانیاکانى ڕاداردۆزى نەوتکێشەکان دەڵێت کە چین و سوریە و ڤەنزوێلا، شوێنگە و مەبەستى سەرەکى ئەم پاپۆڕ و نەوتکێشانەى ئێرانە.

تا ئێستاش لە لایەن وەزارەتى خەزێنەدارى ئەمریکاوە زۆرێک لەو کۆمپانیا و کەسانە خراونەتە بن هەژموونى گەمارۆکانەوە کە هاوکارى سوپاى پاسداران بوون لە قاچاخى نەوت و تەنانەت هێزە دەریاییەکانى ئەمریکا دەستیان بەسەر زۆرێک لە نەوتهەڵگرەکانى کۆمارى ئیسلامیدا گرتووە.

ناوەندى ئەندێشەى "چتم هاوس" لە بەریتانیا و لە ڕاپۆرتێکى ئەم دواییەى باسى لەوە کردووە "ئەگەرچى دەوڵەتەکەى ئیبراهیم ڕەئیسى سەرکۆمارى کۆمارى ئیسلامى، بە درووشمى "خەبات دژى گەندەڵى" گەیشتووەتە دەسەڵات، هەوڵەکانیان ناتوانن بە هیچ شێوەیەک گەندەڵیی بەسیستەمبووى نێو ئێران ڕیشەکێش بکەن. لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لەبرى ئەوە، سوپاى پاسداران و ناوەندە جیاوازەکانى سەر بە بەیتى ڕەهبەرى، بۆ مانەوەى خۆیان و دڵنیاییان، سوودیان لە دەیان جۆر ڕێگەى دیکە بۆ دەوردانەوەى گەمارۆکان وەرگرتووە، بۆیە چاکسازى لە ئێران هیچ مانایەکى نییە و هەر ئەمەش واى کردووە کە ئابوورى گەلانى ئێران خراپتر بێت و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان زیاتر بن.

نەدیم قەتیش، نووسەری سیاسیی لوبنانى و پێشکەشکارى بەرنامەیەکى گفتوگۆیی، ٤ى ڕێبەندان لە وتارێک کە بۆ " الشرق الاوسط"ى نووسیوە، هاتووە: "سوپاى پاسداران، ئێرانە و هەر گفتوگۆیەکى ڕێککەوتننامەیی کە لەگەڵ سوپا ئەنجام نەدرێت، بێسوودە و هەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوپا، ئەگەر دواجار لە سوودى سوپا و میلشیاکانى سوپا نەبێت، مەیسەر و جێبەجێ نابێت. ئەم دەوڵەتە بچووکەى سوپا کە ڕەگ و ڕۆیشەى لە ئابوورى سەرتاسەرى ئێران و ناوچەکە داکوتاوە، بە ئەمر و لە ژێر چاودێرى عەلى خامنەیی ڕابەرى کۆمارى ئیسلامى ئەنجام دەدرێت بۆیەشە عەلى خامنەیی، ڕابەرە دیکتاتۆرەکەى کۆمارى ئیسلامى ئیمپراتۆریەتێکى گەورەى ماڵى لە رێگەى سوپاى پاسداران و لە قازانجى تیرۆریزمى ناوچەکە و لە زەرەرى گەلانى ئێران دروست کردووە.