بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاستی پژاک لە زمانی ئەهوەن چیاکۆ*

پژاک و درۆ
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2022
noبۆچوون

نووسینى: هیوا ساڵحی

 

لە ڕێککەوتی ۲۱/٢/٢٠٢٢ کاتژمێر ٩:٣٠ شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کڵاپهاوس و لە ژووری پژاک پرێس بەرنامەیەک بۆ یادکردنەوەی ڕاپەرینی سێی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۷۷ هەتاوی ڕۆژهەڵات بە بۆنەی دەستبەسەرکرانی ئۆجالان بە بەشداری ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی مەجلیسی پژاک بەرێوە چوو.

 

بەشی زۆری بەرنامەکە تەرخان کرابوو بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕۆژە و کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی کورد بە گشتی و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە درێژەی بەرنامەکەدا لە ڕۆژهەڵاتەوە پرسیارێک بۆ ئەهون چیاکۆ هات کە تیایدا لە بەڕێزیان پرسی بووی کە بۆ پژاک لە ۲۰۰٤ تا ۲۰۱۱ زۆر ئەکتیڤ بوو و بەردەوام هێرشی دەکردە سەر کۆماری ئیسلامی بەڵام دوای ۲۰۱۱ و ئەو ئاگربەستەی کە لەگەڵ سوپای پاسداران واژۆیان کردووە ئیتر پژاک پاسیڤ بووە و لەگەڵ ماباقی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هیچ جیاوازییەکی نییە؟!

ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی مەجلیسی پژاک لە وەڵامدا گوتی "ڕاستە کە ئێمە لە ۲۰۰٤ تا ۲۰۱۱ زۆر ئەکتیڤ بووین و دوای ۲۰۱۱ لەبەر ئەوەیکە بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هات ئێمەیش تووشی واقعێک بووین کە خۆی بەسەرمانا سەپاندووە یانی لە پێش ۲۰۱۱ لە باکوور شەڕ نەبوو، ڕۆژئاوا لە حاڵەتێکی پاسیڤدا بوو و باشووریش هەروا بەڵام دوای ۲۰۱۱، لە باکوور شەڕ دەستی پێ کردەوە، لە ڕۆژئاوا داعش هێرشی کرد و باشووریش و بە تایبەت شەنگال تووشی هێرشی داعش بوون، کە وایە بەم بۆنەوە واقعەکە خۆی بەسەرمانا سەپاند".

ئەگەر تۆزیک قووڵتر بڕوانینە وتەکانی ئەهوەن چیاکۆ، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پژاک سەربەخۆ نییە و لە ژێر فەرمانی پەکەکەدایە، ئەگینا دەستپێکردنەوی شەڕ لە باکوور و هێرشی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشوور چ پەیوەندییەکی بە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە؟! یانی ئەو پارچانەی کوردستان خۆیان حیزبیان نییە؟ هێزی بەرگرییان نییە؟ لە کاتێکدا هەموویان هەم حیزب و هەمیش هێزی بەرگری تایبەت بە خۆیان هەیە، لە ڕاستیدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە پاسیڤبوونی پژاک لە ڕۆژهەڵات بە پێچەوانەی وتەکانی ئەهوەن چیاکۆ بە هۆی ئەوەیە کە پەکەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت سپای پاسداراندا پێوەندیی هەیەو لەوان چەک و پارە وەردەگرێت تا لە باکوور دژ بە تورکیاو لە باشووریش دژ بە پارتی دیموکرات سەرفی کات و لە بەرامبەریشدا پژاکی سڕ کردووە و ئیجازەی پێ نادات فیشەکێک دژ بە کۆماری ئیسلامی بتەقێنێت بە واتایکیتر پەکەکە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئامرازێک لە پێناو بەرژەوەندی خۆی بە کار دەهێنێت، کە ئەم بابەتە بوەتە هۆی دابەزینی پێگەی جەماوەری پەکەکە و پژاک لە ڕۆژهەڵاتدا یانی ئەگەر ڕێپێوانی سێی ڕەشەمە کە هەزاران کەس تیایدا بەشدار بوون لەبەر چاو بگرین، دوای دامەزراندنی پژاک لە لایەن پەکەکەوە و کەڵک وەرگرتن لێی وەکوو ئامرازێک، ئەو ڕاستییەی بۆ خەڵک ئاشکرا کرد کە پەکەکە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی و بە تەواوی پێگەی جەماوەری و خۆشەویستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی بەرامبەر دابەزی.

ئێستا کە بەرێز ئەهوەن چیاکۆ بە زمانی خۆی دانی بەم ڕاستییە تاڵەدا ناوە، کاتی ئەوەیە کە ڕۆژهەڵات بە پەکەکە بڵێت: "ئیتر بەسە".

 

* دوو شەو پێش ئێستا لە کڵاپهاوس و لە ژووری "پژاک پرێس"، بەرنامەیەک بە بۆنەی سێی ڕەشەمە ساڵڕۆژی رێپێوانی ڕۆژهەڵات بۆ شەرمەزارکردنی دەستبەسەرکرانی ئۆجالان بەڕێوە چوو کە "ئەهوەن چیاکۆ" ئەندامی مەجلیسی پژاک ڕاستییەکانی لە بارەی ئەوەیکە پژاک سەر بە پەکەکەیە و سەربەخۆ نییە لە زمانی خۆی درکاند. ئەم بابەتەش لەسەر ئەم پرسەیە.