بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕەخنەیەک لە وتەکانی بەرێز سیامەند موعینی

ڕەخنەیەک لە وتەکانی بەرێز سیامەند موعینی
AvaToday caption
posted onJanuary 25, 2022
noبۆچوون

هیوا ساڵحی

 

ڕۆژی دووشەممە بەرواری ۱۷/٠١/٢٠٢٢ کاتژمێر ۰۹:۳۰ شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمیتەی دیپلۆماسی پەژاک لە دەرەوەی وڵات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کلاب‌هاوس بەرنامەیەکی لە ژێر دروشمی "پەژاک پێشەنگی وەدیهێنانی وێژمانێکی نوێیە" بۆ بەڕێز سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک بەڕێوە برد.


جێگای پێزانینە کە بڵێین نەفسی ئەم کارە و دیالۆگی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حیزبێک لەگەڵ خەڵکدا کارێکی بوێرانەو جێگای دەستخۆشییەو کەلتووری دیموکراسی لە ساحەی سیاسی کوردستان بە تایبەت ڕۆژهەڵات دەوڵەمەندتر دەکات.
هەر لەم پێناوەدا ئەرکی سەرشانی قەڵەمبەدەستانی ڕۆژهڵاتە کە بە ڕەخنە گرتن لە ناوەڕۆکی بابەتەکان بە دۆزی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات خزمەت بکەن.
هەروا کە ڕوون و ئاشکرایە دروشمی ئەم بەرنامەیە "پەژاک پێشەنگی وەدیهێنانی وێژمانێکی نوێیە" ئەم پرسیارە دەخۆلقێنێت کە ئەم وێژمانە نوێیە کە پەژاک باسی لێوە دەکات کامە وێژمانەو ناوەڕۆکەکەی چییەو چی بە خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات زیاد کردووە؟!
سیامەند موعینی لە وڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا بە چەند خاڵێک وەک خەبات و پێشەنگایەتی ژنان، خەباتی مەدەنی و ژینگە‌پارێزی ئاماژە دەکات‌ و لە درێژەیشدا باس لەوە دەکات کە حیزبەکانی کۆمەڵە و دێموکرات لە پاراستنی نیشتمان و دەستکەوتەکان شکستیان هێناوە و بە تایبەت ئەگەر کۆمەڵە لە ڕێڕەوی ئەسڵی خۆی لای نەدابایا ئەوا پێویستی نەدەکرد کە حیزبێک وەک پەژاک ساز بکرێت.
لێرەدا پێویستە ڕەخنە لەم وتانەی بەڕێز سیامەند موعینی بگرین و هیوادارین بە دوور لەهەر تەنگژەیەکی سیاسی کەشێکی دیالۆگ بخۆلقێنرێت و لایەنگرانی پەژاکیش بتوانن وڵامی ئەم ڕەخنانە بدەنەوە.
۱- پرسی وەدیهێنانی مافی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان و ئەو لایەنەیش کە توانی ئەم پرسە زیاتر بەرەو پێش ببات کۆمەڵە بوو لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و دواتریش لە ساڵانی ڕابردوو ئەوە چالاکانی ژن لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بوون کە بوونە ئاڵا هەڵگری ئەم پرسە یانی ئەوەیکە بەڕێز موعینی پێیوابێت ئەوە پەژاک بووە کە ئەم پرسەی جوڵاندووە هەڵەیەکی گەورەیە، حاشا لەوەیش ناکرێت کە پەژاکیش لەم پێناوەدا خەباتی خۆی کردووە بەڵام ئاڵاهەڵگری ئەم پرسە نەبووە.
۲- لەسەر بابەتی خەباتی ژینگە پارێزیش، ئەوەی کە هەموومان دەیزانین ئەوەیە کە چەخماخەی بە ڕێخراوەکرانی ئەم خەباتە لە لایەن ئەنجۆمەنی چیای سەوز لە شاری مەریوان و بە پێشەنگایەتی کەسانێک وەک شەهید شەریف باجوەر لێدراو بە هیچ جۆرێک هیچکام لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات فڕیان بەم شێوازە لە خەبات نییە، بەڵام جێگای ئاماژەیە کە هەموویان پشتیوانی ئەم خەباتەیان کردووە.
۳- لەبارەی خەباتی مەدەنیش هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێم ڕێبەر و بناغەدانەری ئەم شێوازە لە خەبات، کاک فوادی مستەفا سولتانییەو ئەودەم کە ئەو لە خەباتی مەدەنی تێگەیشتبوو هێشتا هیچ کە پەژاک لەدایک نەببوو پەکەکەی براگەورەیشتان خەریکی فێربوونی ئەلفووبێی سیاسەت بوو!.
۴- ئەوەیشە کە فەرمووتان کۆمەڵەو دێموکرات لە پاراستنی ڕۆژهەڵات و دەستکەوتەکانی شکستیان هێناوە، دەی بفرمن ئێوە وەک پەژاک ڕۆژهەڵاتمان بۆ ڕزگار کەن تا ئێمە لە سێبەری ئێوەدا بحەسینەوە، کاک سیامەند ئەگەر کۆمەڵەو دێموکرات نەیانتوانی شارەکانی ڕۆژهەڵات بپارێزن بەڵام خۆ شەڕی مان و نەمانی خۆیان شار بە شار و دۆڵ بە دۆڵ دژ بە کۆماری ئیسلامی کرد بەڵام خۆ ئێوە بەرزاییەکانی جاسووسانی سەردەشتتان لە ساڵی ۲۰۱۱ بە ڕێککەوتن لەگەڵ سپای پاسداراندا چۆڵ کرد!.

 

 

تێبینى:
ئەم وتارە نیشانەى بیروڕاى نووسەرەکەیە.