بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەهۆى پێشێلکردنى گەمارۆکان ئێرانییەک مەحکوم بوو

بەهۆى پێشێلکردنى گەمارۆکان ئێرانییەک مەحکوم بوو
AvaToday caption
posted onMay 8, 2021
noبۆچوون

وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە هاووڵاتییەکى ئێرانى بە تۆمەتى پێشێلکردنى گەمارۆکان و بەرنامەڕێژى بۆ هەناردەکردنى پارچەى هەستیارى سەربازى بۆ ئێران، دادگایی کرا.

 

دوێنێ هەینى ١٧ى گوڵان، ئەم وەزارەتە بە ڕاگەیاندنى ئەوەى کە دەستەى دادوەرى فیدراڵ، لەپەیوەندى لەگەڵ ئەم پیاوە بڕیارین داوە "مێهرداد ئەنسارى تەمەن ٣٩ ساڵە و خاوەنى کۆمپانیاى (Gulf Gate Sea Cargo LLC) لە دوبەى، ویستوویەتى بارێکى پارچەى هەستیارى سەربازى لەگەڵ دوو تۆمەتبارى دیکە بە ناوەکانى سوزان ییپ ـى خەڵکى تایوان و مێهرداد فومەنى ـى خەڵکى ئێران، هەناردەى ئێران بکات".

لەسەر بنەماى بەیاننامەکە، "پارچە هەناردەکراوەکان تایبەت بوونە بە کەرەستەى سەربازى و مەدەنى و توانراوە بۆ سیستەمگەلى وەک چەکى ئەتۆمى، ئاراستەکردن و پەرەپێدانى تەکنەلۆژیاى مووشەک، پەیوەندى ڕادیۆیی تاکتیکى ئەمن، شەڕى ئەلیکترۆنی هێرشبەرانە، کردەى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەلیکترۆنى سەربازى (وەستاندنى ڕادیۆ) و سیستەمگەلى هۆشدارى و چاودێریی ڕادارى، بەکار بهێنرێن".

بە قسەى وەزارەتى دادوەرى، "ئەنسارى لە نێو ساڵانى ٢٠٠٧ تا ٢٠١١ى زایینى لەگەڵ دوو هاودەستى دیکەى، هەوڵى داوە ١٠٥ پارچە بە بەهاى ٢ ملیۆن و ٦٣٠ هەزار و ٨٠٠ دۆلار لە ١٢٥٠ مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەدەست بهێنێت". دەگوترێت تۆمەتباران ٥٩٩ مامەڵەى نایاسایی و بێ ڕێگەپێدانى دەوڵەتى ئەمریکایان لەگەڵ ٦٣ کۆمپانیاى جیاوازى ئەمریکایی ئەنجام داوە.

یی گەمکارۆ

حوکمەکەى ئەنسارى بڕیار وایە ١ى سپتەمبەر دەرچێت و بە گوتەى وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا پێشبینى دەکرێت سەرووى ٢٠ ساڵ زیندانى بۆ ببڕدرێتەوە.

سوزان ییپ لە ئۆکتۆبەرى ٢٠١٢ى زایینى پاش ددانپیانان بە تاوانەکانى خۆى وەک واسیتە و دەڵاڵێک بۆ کڕینى ئەم کەرەستەکان و بە هاوکاریی نایاسایی ناردنى ئەم کەلوپەلە بۆ ئێران، بە دوو ساڵ زیندانى سزا درا، بەڵام مێهرداد فومەمنى هێشتا سەرگەردان و خۆى شاردووەتەوە و دەستبەسەر نەکراوە.

جان دیمێرز بەڕێوەبەرى گشتى وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا، ڕۆژى سێشەممە ١٤ى گوڵان گوتبووى کە مێهرداد ئەنسارى بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانى، لە وڵاتى گورجستانەوە گوازراوەتەوە بۆ شارى سێن ئانتۆنیۆى ویلایەتى تێگزاس.

لەم چەند ساڵەى ڕابردوو و بە توندبوونى گەمارۆکانى دژ بە کۆمارى ئیسلامى، کەسانێکى جیاواز لە ئەمریکا و ئەوروپا بە هۆکارى گەلى جیاوازى وەک پارە سپیکردنەوە و هەناردەى کەلوپەلى یاساغ و سەربازى و ئەتۆمى بۆ کۆمارى ئیسلامى و پێشێلکردنى گەمارۆ ئابوورییەکان و دزینى بەڵگەى ناسنامەیی، سزاى توند دراون.

لە دواهەمین سزادانى وەزارەتى دادوەرى ئەمریکا، دەتوانین ئاماژە بە بەیاننامەى ئەم وەزارەتە لە ١٧ى خاکەلێوە بکەین کە سەرۆکى کۆمپانیاى "لانگ ئایسلەند" بە تۆمەتى "پێشێلکردنى گەمارۆکانى ئەمەریکا دژى ئێران"، "پارەسپیکردنەوە" و "ناردنى کەسەرتەى جوانکارى" بە سوودوەرگرتن لە کۆمپانیا دەڵاڵەکانى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بە تاوانبار ناسێنرا و ئەگەرى هەیە ئەویش ٢٠ ساڵ بخرێتە زیندانەوە.

لە لایەکى ترەوە ساڵى ڕابردوو بەرپرسانى ئەمریکا لە بەیاننامەیەک ١٠ ئێرانییان بە تۆمەتى پێشێلکردنى گەمارۆکانى ئەمریکا بە تاوانبار ناوبرد و ئەم کەسانە بۆ ماوەى ٢٠ ساڵ مامەڵەیەکى ٣٠٠ ملیۆن دۆلارییان شاردووەتەوە و سەرەڕاى پارەسپیکردنەوە لە ڕێگەى ٧٠ کۆمپانیا لە ئەمریکا و کەنەدا و ئێران و ئیمارات و هۆنگ کۆنگ، دوو نەوتهەڵگرییان بە بەهاى ٢٥ ملیۆن دۆلار کڕیبوو.

ئەمریکا پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە هەموو کەرەستە و ڕێگەیەکى پێویست دەگرێتە پێش بۆ کۆنتڕۆڵکردن و لاوازکردنى تواناکانى کۆمارى ئیسلامى وەک وڵاتێکى پشتیوانکەرى تیرۆریزم بە خواستگەلى شەڕەنگێزى.

مایک پۆمپئۆ وەزیرى پێشووى دەرەوەى ئەمریکا و وەزیرى دەوڵەتەکەى ترامپ، پاش پەسەندکردنى گەڵاڵەى نوێى گەمارۆکان لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینى، گوتبووى "ئێران ئێستاشى لەگەڵدا بێت گەورەترین پشتیوانکەرى تیرۆریزمە لە دونیا و ڕەفتارەکانى پاش ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە نەگۆڕدراوە".