بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جەنگی بازرگانى: ئەمریکاو چین ڕابەرایەتى پاشەکشێکردنى ئابوورییە جیهانییەکان دەکەن

جەنگی بازرگانى: ئەمریکاو چین ڕابەرایەتى پاشەکشێکردنى ئابوورییە جیهانییەکان دەکەن
posted onDecember 15, 2018
noبۆچوون

 

زۆربەى پسپۆڕانی ئابوورى پێیان وایە "جەنگی سارد" کە ئێستا سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ دژى چین  بەتایبەتى بەرپاى کردووە، بۆ هەردوو لایەن "وێرانکارە دەبێت".

 

زۆر کاتیش جەنگ بەشێوەیەکى گشتى ماڵوێرانى بۆ هەردوو لایەنى شەڕکەر دروستکردووەو، هیچ گەرەنتییەک بۆ هیچ لایەک دروست ناکات، جگە لەکاریگەرییە درێژخایەنەکانیشى کەبەسەر هەمووان ڕەنگدەداتەوە.

ترامپ؛ کەدروشمى بانگەشەى هەڵبژاردنەکەى (ئەمریکا یەکەمجار) بوو و، بەو هۆیەوەش گەیشتە لوتکەى دەسەڵاتى ئەمریکا، دەیەوێت پارێزگاری لەکۆمپانیاکانى وڵاتەکەى بکات بەرامبەر شەپۆڵە بازرگانى و کاڵا چینیەکان کەجگە لەوڵاتەکەى زۆربەى بازاڕەکانى جیهانى داگیر کردووە.

بەجۆرێک سەرۆکى کۆشکى سپی بە بەهاى ٥٠ ملیار دۆلار باجی خستووەتە سەر کاڵا چینییەکان، جگە لەوانەش سەدا ١٠ ـى باجی خستووەتە سەر کاڵاکانى دیکەى وڵاتە ڕکابەرەکەى کە بەهاکانیان دەگاتە سنوورى ٢٠٠ ملیار دۆلار. سەرۆکە ملیاردێرەکەى واشنتۆن پێی وایە "پەکین بە هۆى ئەو باجانەوە بەخێرایی دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکان و، لەو جەنگە بازرگانییەش سەرکەوتوو نابێت، چونکە پشتى تەواوى بەبازرگانى بەویلایەتە یەکگرتووەکان بەستووە".

ئەمەش لەکاتێکدایە کۆى گشتى هەناردەى ساڵانەى پەکین بۆ بازاڕەکانى ئەمریکا لەسەرووى ٥٠٠ ملیار دۆلارن، لەبەرامبەریشدا هاوردەکردنى کاڵا لەو وڵاتە لەسنوورى ١٣٤ ملیار دۆلارن. چارڵز سکۆبا، مامۆستاى ئابوورى و بازرگانى زانکۆى جۆرج تاون پێی وایە "ململانێیە بازرگانییەکان، هیچ کاتێک هاوکێشەى ئاسانى  بردنەوە / دۆڕاندن، بەسەریدا ناسەپێنرێت".

هەرچەند چین زیانى دارایی بەبازرگانیەکەى بکەوێت، ئەوا ئەمریکاش ئەگەر هاوشێوەى ڕکابەرەکەى زیانى پێنەکەوێت ئەوا قەبارەکەى بەرزتر دەبێت. گووتیشى "پەنابردن بۆ یاساى چاو بەچاو لە بازرگانى دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونى زیانێکى ڕاستەوخۆ و دوو قۆڵى".

بەڵام مارک زاندی، پسپۆڕی دامەزراوەى مۆدیز پێشبینى ئەوەی کردووە "جەنگی بازرگانى لەنێوان پەکین و واشنتۆن، دەبێتە هۆکارێکى سەرەکیی بۆ سڕینەوەى نیوەى بووژانەوەى ئابوورى ئەمریکا، کە بەم دواییانە توانیویەتى گەشەیەک بەدی بهێنێت، بۆ ئابوورى زلهێزەکەى ئاسیاش هەمان شێوەیە".

 

هەڕەشە بەردەوامەکانى سەرۆکى ئەمریکا:

هەڕەشە بەردەوامەکانى سەرۆکى ئەمریکا

 

ترامپ، جگە لە هەڕەشەکانى بەرامبەر چین، هەڕەشەى لە یەکێتى ئەوروپا، کەنەداو مەکسیکیش کردووە، ئەگەر هاتوو سەرجەم ئەو هەڕەشانەى بۆ سەپاندنى باجی گومرکى بەسەر کاڵا بیانییەکان بخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوا بەلایەنى کەمەوە ڕەوشى ئابوورى سێ کیشوەر دەچنە قۆناغی داکشانى ئابوورى، کە بەهای کاڵاکانیان لە سنوورى ٥٦٠ ملیار دۆلارن.

گرنگترین ئەو کەرتانەى ئەمریکا بەهۆى هەڕەشەکانى سەرۆکەکەیان تووشى زیان دەکەوێت، کەرتى هەلی کارە، کە کۆمپانیاکان ناچار دەبن، بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانەکانیان دەستبەرداری ژمارەی فەرمانبەرانیان ببن. جگە لە ناسەقامگیریى بازاڕەکانى بۆڕسەى وۆڵ ستریت و، پشکى کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و، کۆمپانیا فرە ناسنامەکان.

زاندی لەو بارەیەوە دەشڵێت "ژمارەى ئەو هەلیکارانە دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانى جەنگی بازرگانى، لەنێوخۆى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسنوورى ٧٠٠ هەزار هەلیکار دەبێت، لەنێو چینیشدا لەسنوورى ٧٠٠ بۆ یەک ملیۆن هەلیکار دەبێت".

لەپاڵ ئەوانەش ئەو کۆمپانیانەى لەنێو خاکی چین وەبەرهێنان دەکەن، ئەوانیش بەدوور نابن لە توڕەیی حکومەتى پەکین.

گەورەترین مەترسیش بۆ ئابووریناسان و مامەڵەدارانى دارایی واشنتۆن قەواڵە فرۆشراوەکانى وڵاتەکەیان کەبەدەست خاوەن پارەکانى پەکینە، قەبارەکەشى لە سنوورى ١.٢ تریلیۆن دۆلارە، گەر بێتوو پەکین بیانفرۆشێت، ئەوا کارەسات و ماڵوێرانى لەنێو بازاڕەکان دروست دەکەن.

 

مێژووى جەنگەکانى ئەمریکا لە جیهان

مێژووى جەنگەکانى ئەمریکا لە جیهان

 

لەدواى داڕمانى یەکێتى سۆڤییەت  لەسەرەتاکانى نەوەتەکانى سەدەى ڕابردوو و کۆتایی هێنان بەجەنگی سارد لەنێوان بلۆکی سۆسیالیستى و سەرمایەداری، جیهان بەرەو تاک جەمسەرى سیاسی و ئابوورى هەنگاوی نا، ئەمەش وای کرد، سیستەمى بازاڕى ئازادو کرانەوەى سنوورەکان لەبەردەم کاڵا جیهانییەکان واڵاتر بێت.

گرنگترین ئەو وڵاتانەى سوودیان لە داڕمانى بلۆکی سۆسیالیستى کرد، ولایەتە یەکگرتووەکان، وەک هەڵگرى دروشمى لیبراڵى و بازاڕى ئازادو، شانەشینى یەکگرتوو و زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپا بوون. ئەو وڵاتانە بە هۆى زۆرى بەرهەمهێنان و کەمى بەبازاڕیکردن و گەیاندنى کاڵانیان بۆ بازاڕە تازەکان دەیاناڵاند، بەڵام سەرهەڵدانى بازاڕێکى نوێ لە ناوجەرگەى ئاسیا سەرئێشەى بۆ زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپاو جیهان دروست کرد، وڵاتێک لە ڕووى ڕووبەر و دانیشتووانەوە مەترسییەکى گەورەى بۆ زۆربەى بازاڕەکان دروست کرد.

چین، کە ژمارەى ئێستاى دانیشتووانی لە سنوورى ١.٣ ملیار کەس دەبێت، خاوەنى ئابوورییەکى زەبەلاح و بەکاربەرێکى گەورەیە، لەیەک کاتدا جیهان هەوڵى ساغکردنەوەى کاڵاکانیان دەدەن و، لەهەمان کاتیشدا دەیانەوێت سنوورێک لەبەردەم بەرهەمهێنانى بگرن.

 

پێشکەوتنێکى خێرا:

پێشکەوتنێکى خێرا

 

پەکین لە دواى ئەو چاکسازییە فراوانەى لە ساڵى ١٩٧٨ ئەنجامی دا، توانى کرانەوەیەک بە ڕووى جیهاندا ئەنجام بدات و، سوود لە ڕێژەى سەدا ١٨.٥ ـى کۆى گشتى دانیشتووانى زەوی ببینێت.

هاوکات ساڵانەش گەشەسەندنێکى سەقامگیرى بە خۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک تا ٢٠٠٣ ڕێژەى بوژانەوەى کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ناوخۆیی ئەو وڵاتە کۆمۆنیستییە لە سنوورى سەدا 9 بووە، لە دواى ئەو ساڵەش گۆڕانکاریی لەرێژەکە بەدیهاتووە کە ئاراستەى دابەزین و بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە دەبینی.

ئەو وڵاتە ئاسیاییە کەبە "ئەژدیهاى ئاسیا" ناسراوە، لەماوەى سی ساڵى ڕابردوو سوودێکى گەورەى لەگۆڕانکارییە ڕیشەییەکان بینی، کە دەسەڵاتە ناوەندییەکانى بۆ ناوچە لۆکاڵییەکان گواستەوەو، ڕێگەشى بەوەبەرهێنانى بیانى دا لەناو خاکەکەى ئەنجام بدرێت. چین، دواى سەرکەوتنى شۆڕشەکەى (ماو تسی تۆنگ)، ڕێبەرى پارتى کۆمۆنیستى چینى، نیمچە داخستنێک بەرووى ئەو وڵاتە دروستبوو، بە جۆرێک ڕێگەى بەهیچ کاڵاو بەرهەمهێکى بیانى نەدەدا بگاتە نێو وڵاتەکەى.

لە ساڵى ١٩٤٩ بۆ ١٩٧٦، کۆمارى میللی چین بە قۆناغی بونیاتنانى سۆسیالیستى تێدەپەرى و، لەوێوە دەست کرایەوە بە ڕێکخستنەوەى کشتوکاڵى و پیشەسازی بنەڕەتی و دابینکاری و، لەناوبردنى قۆرخکاری. لە ساڵانى دواى ١٩٧٨ تاوەکو ٢٠٠٣ ، قۆناغی دووەمى ئابوورى و گەشەسەندنى چینى دەست پێ کرد، کەبە قۆناغی کرانەوە بەر ڕووى سەرمایەداری بوون.

لەو قۆناغەشدا کۆمەڵێک چاکسازی ڕیشەیی لە کەرتە ئابوورییەکان ڕوویان دا، بەتایبەت ڕێگەدان بە دروستکردنى بەڵێندارێتى تایبەت و نوێکردنەوەى پیشەسازی و خاوەندارێتى تایبەتى زەوییەکان و، هاوردە کردنى تەکنەلۆژیاى ڕۆژاوا.

 

پەیوەندییەکى ناکۆک:

پەیوەندییەکى ناکۆک

 

ئەمەریکا ئەو تاکە وڵاتەیە کە خۆى بەبرا گەورەى جیهان دەزانێت و، دەیەوێت زۆرترین کاڵاى خۆى لە بازاڕەکان بڵاو بکاتەوەو دەست بەسەر بازاڕە نوێیەکاندا بگرێت، بەڵام سەرهەڵدانى چین کە ناسنامەى کۆمۆنیستییەکى نوێگەرایى هەڵکردووە، مەترسی بۆ هەوڵەکانى واشنتۆن دروست کردووە.

واشنتۆن؛ کە زۆر کات بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانى پەناى بۆ چەک بردووە، هاوشێوەى ڕووداوەکانى ئەفغانستان و عێراق و، تاڕادەیەکیش لە لیبیا، کەپاڵنەری سەرەکیی یەکلایی کردنەوەى ئەو کەیسانە سیاسین، بەڵام لەبنەڕەتدا ئابوورییەکى تەواوە.

بەتایبەت بۆ پرسى عێراق، کەزۆرینەى چاودێرەکان وا تێدەگەن "بەهۆى هەبوونى چەکى کۆمەڵکوژى و، بالیستى و دیکتاتۆرییەتى ڕژێمەکەى بووە"، بەڵام ڕووى شاراوەى ئەو پرسە بۆ بڕیارێکى حکومەتى بەغدا ڕژێمى بەعس دەگەرێتەوە، کاتێک بڕیار دەدات لەبرى دۆلارى ئەمەریکى سەرجەم یەدەگى دەوڵەت بکرێتە یۆرۆ، کە ئەمەش لەسەر ئاستى مەوداى درێژخایەندا هەڕەشەیەکى مەترسیدارە بۆ ئابوورى ئەمریکا.

لەپاڵ ئەوانەش عێراق لەدواى ڕووخانى ڕژێمى پادشایەتى زەمینەیەکى لەبار بووە بۆ وەبەرهێنانى کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، کەتا ١٩٩١ ڕووسیا پاوانخوازییەکى تەواوی بەسەردا ئەنجامدابوون. بۆیە پەیوەندییەکانى واشنتۆن و پەکین لە قۆناغی نەشەڕو نەئاشتى تێدەپەرێنن و، لێرەو لەوێش هەڕەشەى جۆراجۆر لەیەکتر دەکەن، بەڵام هیچ لەو بڕیارانە بەشێوەیەکى بەرچاو ناچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، چونکە هەردوو لایەن لەمەترسیی و گرنگى هەر بریارێک لەو جۆرە دەزانن کاردانەوەکانى چۆن دەبێت.

لەپاڵ ئەوانەش ئەورۆپا بەشێوەیەکى هێمنانە کاری لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى هاوبەش لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان دەکرد، بۆ ئەوەى لەپاڵ نقوومبوونى بازاڕەکانى بەکاڵاى چینى، سنوورێکیش بۆ جێی پێی خۆى بهێڵێتەوە.

 

جەنگێکى بازرگانى و قۆرخکردنى بازاڕەکان:

جەنگێکى بازرگانى و قۆرخکردنى بازاڕەکان:

 

ئەگەر ئەمریکا یەکەم هێزی نێودەوڵەتى و جیهانى بێت، ئەوا دەتوانرێت چین بەیەکەم زلهێزى ئابوورى جیهانى دابنرێت، شان لەشانى ڕکابەرەکەى بکات و، لەزۆر بواردا لەپێش ویلایەتە یەکگرتووەکانەوەیە.

جەنگی بازرگانیی تەنها کاریگەرى لەسەر دوو وڵات بەتەنها نیەو ئەوانى دیکەش لە مەیدانەکە تەماشاکەر بن، بەڵکو بەشێکى زۆری وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان سوودێکى گەورەیان لەو پرۆسەیە بینیوە و، بەهەلێکى زێرین دەقۆزنەوە.

پۆڵ کۆتچران، ڕۆژنامەنووسى پسپۆڕ لەپرسى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێی وایە "میسر یەکێکە لەو وڵاتانەى سوودێکى گەورە لەو جەنگە بینیوەو، هەر جەنگێکیش لەنێو ئەو دوو زلهێزە ڕوو بدات".

لە میانەى کۆبوونەوەکانى گرووپی بیست بۆ گەورە وڵاتە پیشەسازی و زلهێزەکانى جیهان لەبۆینس ئایریسى پایتەختى بەرازیل، ئاگربەستێکى سێ مانگى لەنێوان شی جینگ پینگ، سەرۆکى چین و، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا بەدی هات، دەبووایە هەردوو پایتەخت لەو ماوەیە پرۆسەو ڕێککەوتنەکانیان هەموار بکەنەوە، بەڵام دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى دارایی کۆمپانیاى هواوی، زلهێزى تەکنەلۆژیاى چین لە کەنەدا بەخێرایی ئاگربەستەکەى هەڵوەشاندەوە.

ئەوتاوا هۆکارى دەستگیرکردنەکەى بۆ بڕیارێکى دەستگیرکردنى واشنتۆن گەڕاندەوە گوایە "ئەو کۆمپانیایە سەرپێچی لە سزاکانى ئەمریکا کردووە دژى ئێران"، کە ئەمەش بەس بوون بۆ ئەوەى دووبارە ئاگرى جەنگەکە لەبرى خامۆشبوونى سەرهەڵبداتەوە. چین، تەنها سەرقاڵی جەنگە بازرگانییەکانى لەگەڵ ئەمریکا نییە، ڕەنگە بەلایەوە زۆریش گرنگ نەبێت کاتى تەواوى بۆ تەرخان بکات، چونکە ئامارە ئابوورى و هەنگاوەکانى ئەو وڵاتە کۆمۆنیستییە نیشانی دەدات "سەرقاڵى دروستکردن و وەبەرهێنانە لەو وڵاتانەى بەرەو قۆناغى گەشەسەندن دەچن، بە تایبەت میسر لە باکوورى ئەفریقا".

ڕۆژنامەى میدڵ ئێست ئای لەسەر زاری بەرێوەبەرى کۆمپانیایەکى چنینى میسرى بڵاوی کردۆتەوە کە "پەکین بەنیازە سەدا ٢٠ پێداویستییەکانى میسر لە چینین دابین بکات"، جگە لەو وڵاتەش چەند وڵاتێکى دیکەشى لە کیشوەرى ئەفریقاى کردووەتە ئامانجى پلانەکەى خۆی.

گرنگییەکەى پەکین بۆ بازاڕانە بەهۆى کەمیی کرێی کرێکاران و تێچووى بازرگانییەکانە کە لە هەمان کاتیشدا پێگەیەکى ستراتیژییە بۆ گەیاندنی خێراو پێوانەیی کاڵاکان بۆ نێو بازاڕەکانى ئەورۆپا و ئەمریکا.

 

جیاوازى وەبەرهێنان و تێچووى کاڵاکان:

جیاوازى وەبەرهێنان و تێچووى کاڵاکان

 

چین کەدەکەوێتە نێو جەرگەى کیشوەرى ئاسیا خاوەنى ١.٣٨ ملیار کەسە، بۆ کۆمپانیا زەبەلاح و بازرگانییەکان باشترین پێگەى ئابوورییە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان کەماوەیەکى کەمە توانراوە دەرگاى بەرووى جیهان بکاتەوە.

جگە لەوانەش کرێی تێچووى کاڵاکان بە بەراورد لە بازاڕەکانى نزیک لە خۆى وەک کۆریاى باشوورى و ژاپۆن، نزمترین کرێی هەیە، کەدوایین ئاماری دارایی دەریدەخات ئاستى بەرزی کرێی هەر کارمەندێک مانگانە لە سنوورى ٦٠٠ دۆلارى ئەمەریکییە (یەکسانە بە 4,144.5624 یووان)، ئەمەش بۆ زۆرینەى کۆمپانیا بازرگانییە بە کاربەرییەکان گەورەترین دەستکەوتە، بەتایبەت بۆ کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانى وەک ئایفۆن، مایکرۆسۆفت و، چەندان کۆمپانیاى دیکە.

بە بەراوردیش لەگەڵ وڵاتە هەژارنشینەکان لە ڤیتنام کرێیەکە 275 دۆلارەو، لە بەنگلادیش ١٣٠ دۆلارە، بەڵام لەنێو میسردا بە ١٠٠ دۆلارى ئەمەریکیە (یەکسانە بە ٦٠٠ جونەیهی میسری).

پێشبینى دەکرێت ئەو بازاڕەى میسر بۆ چین بەهاکەى بۆ سنوورى ٣٤١ ملیار دۆلار تا ٢٠٢٠ بەدسەت بهێنێت، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ یەکێتى ئەورۆپا قەبارەکەى ٣٠٣  ملیار دۆلارەو، ئەمریکاش بەبەهاى ٢٨٩ ملیار دۆلار پشکى بەردەکەوێت.

لەو بارەیەوە چانگ جیان، بەرێوەبەرى پرۆژە نێودەوڵەتییەکانى ئەنجومەنى نیشتیمانى چینى بۆ جلوبەرگ و چنین دەڵێت "چین وەبەرهێنانەکانى لەدەرەوەى سنوورەکان بە گرنگییەوە دەخاتە ئەو پێگەیەو، بەشێوەیەکى خێراش گەشەى پێ داوە".

ئاشکراشی دەکات "جەنگە بازرگانییەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر قەبارەى وەبەرهێنانەکانیان، بەتایبەت ئەگەرى ئەوە هەیە ڕێژەى باجەکان بۆ کاڵای وڵاتەکەى لە سنوورى سەدا ٢٥ بێت"، بەو هۆیەوەش بەدواى ڕێکارێکى نوێ دەگەرێن تاوەکو بتوانن لەو بڕیارەى ئەمریکا دەربازیان بێت.

 

قۆناغی جیهانگیری:

قۆناغی جیهانگیری

 

لە دواى ٢٠٠٣و، فراوانبوونى دەسەڵات و پاوانخوازییەکانى ئەمریکا، قۆناغی جیهانگیری جیهانى دەست پێ دەکات و، زۆربەى بازاڕە جیهانییەکان بەدواى بازاڕى نوێ دەگەرێن و، بەردەوام کاڵاکانیان بەکەمترین تێچوو دەخەنە بازاڕەکان.

کاتێک لەوپەرى ئاسیا ئامارە گشتییەکانى بڵاو دەکاتەوە زۆرینەى وڵاتانى ڕۆژاوا تووشى سەرسامى دەبن لەقەبارەى دارایی ئەژدیهاکەى ئاسیا.

تەنانەت تاکۆتایی ئەو ساڵە بەهای وەبەرهێنانى پەکین لە قەواڵە بنەڕەتییەکان سەرووی ٥.٥  تریلیۆن یووانى چینى دەبێت (یەک ملیۆن یووان یەکسانە بە 145,573.1214 دۆلاری ئەمەریکی)، قەبارەى فرۆشتنى کاڵا بەکاربەرییە وردەکانیشى نزیکەى ٤.٦ تریلیۆن یووان دەبێت، لە پاڵ ئەوانەش قەبارەى بازرگانى دەرەکی چینى لەسەرووى ٨٥٠ ملیار دۆلار دەبێت و، بەپلەى چوارەمى دواى ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەڵمانیاو ژاپۆن دێت و، بەپێش بەریتانیاو فەرەنسا دەکەوێت.

جگە لەوەش لەبوارى یەدەگى بیانى قەبارەکەى ٤٠٠ ملیار دۆلارى ئەمەریکى دەبێت و، پلەى دووهەم دواى تۆکیۆ داگیر دەکات.

لەبەرامبەریشدا بەبەراورد لەگەڵ یەکەم گەورە ئابوورى جیهانى، کەخۆى لەئەمریکا دەبینێتەوە، ڕێژەى سەدا ١٨ـى بەپێوەرى دۆلار کۆى گشتى بەرهەمهێنانى ئابوورى واشنتۆن پێکدەهێنێت، بەڵام ڕێژەى سەدا ٧٦ ـى ئابوورى ئەمریکا بە پێوەرى تواناى کڕین پێک دەهێنێت.

ئەو وڵاتە ئاسیاییە، توانی لەماوەیەکى کورت و خێرا زۆربەى بازاڕەکانى جیهان لەیەکێتى ئەورۆپاو ئەمریکاو ئەفریقا داگیر بکات و، کاڵاکانى ڕکابەرى کاڵا جیهانیەکان بکەن، ئەمەش هاوارى لە زۆربەى ئەو بازاڕانە هەڵساندووەو، تواناى ڕکابەریی کردنى کۆمپانیا چینیەکانیان نەماوە.

هەرچەندە برۆکسل هەڕەشەى قەدەغەکردنى کاڵاى چینى و سەپاندنى باجی گەورە بەسەر کاڵا چینیەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە وا بەئاسانى ناتوانرێت تێپەرێت، بەتایبەت ئێستا جیهان بووەتە گۆڕەپانێکى بچووکى کۆمپانیا فەرە ناسنامەکان، کە خاوەنى سەدان لق و نووسینگەى بازرگانین لەجیهاندا.

چەکەکانى دەستى چین؛ زۆر زۆرترن لەوانەى لەدەست نەیارەکانیەتى، چونکە ئەژدیهاکەى ئاسیا هیچ کات پەلەى نەکردووە، لە ئەنجامدانى هەڕەشەکانى بەرامبەر نەیارانى، بەڵکو بەهێمنى پەناى بۆ سەرخستنى پلانەکەى بردووە، بەتایبەت لەدواى ئەو سەرکەوتنە گەورانەى لە پرۆژەى "رێگاو پشتێنى حەریر" کە وڵاتەکەى بەوڵاتانى ئەوروپا دەبەستێتەوە.

لە سەرووى ئەوانەش پەکین توانى لەدواى ٢٠١٣، گەورەترین هاوپەیمانى ئەمریکا لەدەورى خۆى کۆبکاتەوە، بەتایبەت وڵاتانى ڕۆژاوا، کاتێک گەورەترین بانکێکى جیهانى بۆ وەبەرهێنانى ژێرخانى ئابوورى دروستکردو، هەریەک لەبەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیاو ئیتاڵیا لەپەکین کردۆتەوەو، بەسەرمایەکى بنەڕەتى کەقەبارەکەى ١٠٠ ملیار دۆلارە، دروست کردو ڕکابەرى هەریەک لەسەندوقى نەختى نێودەوڵەتى و بانکى نێودەوڵەتى نزیک لەسیاسەتەکانى ئەمریکا پێ دەکات.