بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

شەقامی عێراق بووەتە گۆڕەپانى ململانێ سیاسییەکان

شەقامی عێراق بووەتە گۆڕەپانى ململانێ سیاسییەکان
هاوپەیمانییە سیاسییەکانى عێراق شەڕ لەسەر پارێزگارى بەسرە و بەغدا دەکەن!
posted onDecember 15, 2018
noبۆچوون

 

دواى ئەو سەرکەوتنەى لە گەیاندنى پارێزگارى ئێستای بەغدا بۆ پۆستەکەى، هاوپەیمانە سیاسییەکەى نێوان (عەمار حەکیم، ڕێبەرى ڕەوتى حیکمەو موقتەدا سەدر، ڕێبەرى هاوپەیمانى سائیرون)، شکستیان هێنا لە کۆنترۆڵکردنى پۆستى پارێزگاى بەسرە، کە ئێستا بەدەستى هاوپەیمانەکانى نزیک ئێرانە.

 

پارێزگای بەسرە کە دەکەوێتە باشوورى عێراق، یەکێکە لەو شارانە گرنگانەى وڵات کە هەموو لایەنەکان دەیانەوێت کۆنترۆڵی بکەن و دەست بەسەر سامانە سروشتییەکانى بگرن. لە سەروبەندی کارکردن بۆ دەستنیشانکردنى پارێزگایەکى نوێ، کە ئەسعەد عەیدانى، پارێزگاری پێشوو بووەتە ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى وڵاتەکەى، هێزە سیاسییەکان پەنایان بۆ شەقام بردووە تا لەوێوە، فشار بۆ سەر نەیارەکانیان دروست بکەن و ئامانجەکانى خۆیان بپێکن.

بەسرە کە بە پارێزگاى ئابوورى عێراق دەناسرێت، خاوەنى زۆرترین ڕێژەى نەوتى هەناردەکراوى وڵاتەو، هاوکات تاکە شارێکیشە دەروازەى دەریایی هەیە. چوارشەممە (١٢ کانونى یەکەم)، هاوپەیمانییە دوو قۆڵییەکەى "حەکیم ـ سەدر"، توانیان پارێزگاى بەغداى پایتەخت لە بەرەى "مالیکی ـ عامری" وەربگرن، هەوڵیاندا لە بەسرەش هەمان سیناریۆ دووبارە بکەنەوە، بەڵام ڕووبەڕووى هاوپەیمانییەکى پتەوتر لەوەى پایتەخت بوونەوە.

بەرەى یەکەم، لە جێگەی عەیدانى، شەداد فارس، ئەندامى ڕەوتى حیکمە بۆ پۆستی پارێزگار کاندید کردووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى لەکۆى 35 ئەندام تەنها 12 ئامادەى دانیشتنەکانى هەینى بوون، پرۆسەى هەڵبژاردنى پارێزگارێکى نوێ دواخرا.

بەڵام بەرەى دووهەم کەلەئێرانەوە نزیکن بەرامبەر ئەو جموجۆڵەى نەیارانى بێدەنگ نەبوون، بەڵکو پەنایان بۆ شەقام برد و، لایەنگرانى خۆیان لەپێش باڵەخانەى پارێزگا کۆ کردنەوە، بەئامانجی ڕێگەگرتن لە سازدانى دانیشتنەکان لە ڕۆژی پشووى فەرمییدا.

سەرکردەیەکى هاوپەیمانى سائیرون بەمیدیا ناوخۆییەکانى گووت "نەبوونى ڕێژەى یاسایی لەدانیشتنەکانى هەینى مانای نەبوونى زۆرینە نیە"، هیماشی بەوە کردووە " لەدانیشتنەکانى داهاتوو زۆرینەى ڕەها بە دەست دەهێنن و کاندیدەکەیان بۆ پۆستى پارێزگار تێدەپەڕێنن".

هاوکات لایەنە سیاسییەکانى پرۆسەى سیاسی بەغدا هۆشدارییان لەبەکارهێنانى شەقام ڕاگەیاندووە، لە پێناو گەیشتن بەپۆستى پارێزگاری بەسرە. ئەو ململانێیەش لەکاتێکدایە، هاوینى ڕابردوو کۆمەڵێک خۆپێشاندان و ناڕەزایی بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزاری و گەندەڵى و، سوێری ئاوى شەتوئەلعەرەب ڕوویاندا.

هاوپەیمانە نزیکەکانى تاران، دژى ئەو ڕێکەوتنە سیاسییە بوون کەتێدا پۆستەکانى تێدا دابەش کراوەو، لەسەر ئاستى وڵات پەیڕەو دەکرێت، بۆیە پەنای بۆ گردبوونەوەیەکى ناڕەزایی بردووە. سەدان خۆپێشاندەر لەکاتى ئەنجامدانى دانیشتنەکانى ئەنجومەنى پارێزگاى بەسرا، داواى دوورخستنەوەى ئەسعەد عەیدانیان دەکردو، تۆمەتباریان کردووە بەوەى "سەرکوتکردنى خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانى ئەنجام داوە".

سەرەتاى ناکۆکییەکانى پارێزگاى بەسرە لەو کاتەوە سەریهەڵدا، کاتێک عەیدانى لەسەر هاوپەیمانى نەسڕ بووە پەرلەمانتار بەڵام دواى دەستبەکاربوونى لەپەرلەمانى وڵاتەکەى، بەرەى خۆى بۆ هاوپەیمانى بونیاتی نزیک لەئێران گواستەوە.

هاوپەیمانى چاکسازی، کە لە "سەدر، عەبادی، عەلاوی و حەکیم" پێکهاتووە دەڵێن "پۆستى پارێزگار لە شایستەى ئەوانە، بەڵام هاوپەیمانى بونیات پێیان وایە دەبێت لەنێو ئەواندا کەسێک بیگرێتە ئەستۆی". سەرەڕاى ئەو گرنگییەى ئەو شارە هەیەتی لە ڕووى ئابوورى و بە دەوڵەمەندترین شارى عێراقی دادەنرێت، لەهەمان کاتدا بەرزترین ڕێژەى هەژاری و بێکارى هەیە.

چاودێران پێیان وایە " ململانێیەکان لەسەر ئەو پۆستە لەبنەڕەتدا شەڕە لەسەر بەدەستهێنانى دەستکەوتى ئابوورى زیاتر، بەتایبەت ئەو شارە بەشێکە لەئامێری گەندەڵى کەساڵانێکی زۆرە لەو وڵاتە بەرێوە دەچێت"، بەڵام ڕەوتە نزیکەکانى ئێران؛ نایەوێت بەئاسانى ئەو پۆستە بەدەستەوە بدات، بەڵکو هەموو توانا و ڕێکارەکانى خستۆتە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەى لە دانیشتنەکانى داهاتوو ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت، بەتایبەت ئێستا ئەو بەرەیە لەسەر ئاستى پێکهێنانى حکومەتى ناوەندی و پۆستى وەزیرى ناوەخۆ خەریکە ڕووبەرووى شکست دەبێتەوە.

ئامانجەکەشى ئەوەیە "هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانى بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا لەرێگەى پارێزگاى بەسرەوە هەڕەشەکانى دژى پایتەخت ڕابگەیەنێت و، ناچاری بکات ملکەچی داواکارییەکانى ببن". جگە لەوانەش بەسرە دەروازەیەکى کۆنترۆڵنەکراوى ڕژێمى ئێرانە بۆ گواستنەوەى کاڵاو کەرستەى نایاسایی و ماددە هۆشبەرەکانى، لەهەمان کاتیشدا هەناسەدانێکە بۆ سزاکانى ئەمریکا دژى تاران.