بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سپیکردنەوەى پارە درز دەخاتە نێو رژێمى ئێران

سپیکردنەوەى پارە درز دەخاتە نێو رژێمى ئێران
posted onNovember 20, 2018
noبۆچوون

بەهۆى لێدوانەکانیەوە لەپرسی سپیکردنەوەى پارە، کاتێک رایگەیاند " ژمارەیەک بەرپرسى حکومەتى تاران پرۆسەى سپیکردنەوەى پارە ئەنجامدەدەن"، سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى کۆمارى ئیسلامی ئێران، ڕەخنە لەوەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى دەگرێت.

سادق لاریجانى، ئاماژەى بەوەشداوە " لێدوانی ئەو بەرپرسە لەلایەن دوژمنانەوە بەهەڵە بەکاردەهێنرێت".

ئەو لێدوانەى ئەو بەرپرسە دادوەرییەى تاران، لەکاتێکدایە ئێران نقوومى گەندەڵى بووەو، زۆربەى بەرپرسە باڵاکانى ئەو کۆمارە خەریکی بازرگانی و پاوانخوازی ئابوورین، کەهاوکاتە لەگەڵ برسى و بێکاریکردنى هاوڵاتیانى ڕەشو رووتە.

ڕەخنەکانیش لەدواى لێدوانێکى مەحمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوە بۆ ئاژانسى هەواڵى (خەبەر ئۆنلایەن) دێت، کەهەفتەى رابردوو گووتبووى " سپیکردنەوەى پارە راستیەکە لەوڵاتەکەمان، زۆربەى خەڵکیش سوودی لێوەردەگرێت".

دووپاتیشیکردۆتەوە " هەزاران ملیار تمەن، لەرێگەى رێکخراوە نەناسراوەکانى نێو ئێران ئەنجامدەدرێن، ئەو ڕێکخراوانەش رێگرن لەبەردەم یاسا نوێیەکانى دژى ئەو پرۆسەیەو پارەدارکردنى تیرۆر".

لاریجانى لەبەرامبەر ئەوەشدا دەڵێت " ئەگەر سپیکردنەوەیەکى زەبەلاح لەوڵاتەکەدا هەبێت، بۆچی دەسەڵاتی دادوەرى ئاگادار ناکاتەوە"، وەک هیمایەک بۆ لێدوانەکەى زەریف.

پێی وایە " باشترین کەرستە بۆ دەستى دوژمنان فشاری ئابوورییە، لەم ڕەوشەى ئێستاشدا باشترین کار بۆ بەرپرسان لێدوان نەدانە، چونکە بەهەڵە لایەن دوژمنانەوە بەکار دەهێنرێن".

لاریجانى، بیری چووە کەوڵاتەکەى یەکێکە لەو وڵاتانەى جیهان، بەسپیکردنەوەى پارەو، پاوانخوازی وپارەدار کردنى گرووپ و میلیشیا تیرۆریستیەکان تومەتبار کراوەو، دەیان بەڵگەش دژى تاران هەیە بۆ هەنگاوەکانى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

لەمساڵەدا حکومەتی رژێمى ئێران چوار یاساى نوێی خستەروو، کەهەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنى رێنماییەکانى گرووپی کارى دارایی، کەچاودێرى جوڵە جیهانیەکانى بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارەو تیرۆر دەکات، بەڵام دەستە پارێزگارە کۆنەخوازەکانى ئەو وڵاتە هێرشیان کردە سەر یاساکان و، پێیان وابووە دەسەڵاتەکانى وڵات لاواز دەکات لەپاڵپشتى کردنى گرووپە هاوپەیمانەکانى لەناوچەکە وەک حزبوڵلای لوبنانى، حوسییەکانى یەمەن و چەند گرووپێکى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی عێراق و سووریا.

هەرچەندە یاساکە تەنها لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، بەتایبەت لەبابەتى چاودێری کردن و رێگرى لەپاڵپشتى کردنى تیرۆر، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانى باڵای سەرپەرشتیارى یاساکە راگیراوە.

لەسەر ئاستى جیهانیشدا تەنها ئێران و کۆریاى باکوور لەنێو لیستى ڕەشى گرووپی کاری داراییە، کەبەهیچ شێوەیەک هاریکارى ئەو دامەزراوە ناکات، بۆ ئەوەى بەپێوەرى نێودەوڵەتى بەرەنگاری سپیکردنەوەى پارەو پارەدارکردنى تیرۆر بکەن، کەئامانجی سەرەکیشى هەماهەنگیە لەنێو وڵاتان بۆ راگرتنى ئەو پرۆسەیە.

بەو هۆیەوەشە ئەمەریکا سزاى خستۆتە سەر تاران، کەبەردەوام بەبێ گوێدان بەیاسا نێودەوڵەتیەکان پاڵپشتى گرووپە میلیشیاکانى کردووە.

هەرچەندە واشنتۆن دەیەوێت لەرێگەى ئەو سزایانە ئاستى هەناردەکردنى نەوتى تاران بگەیەنێتە سفر، بۆ ئەوەى تواناى پاڵپشتى کردن و پارەدار کردن ئەنجامنەدات، بەڵام پێناچێت بەئاسانى ئەو رژێمە دەست لەسیاسەتە شەڕانگێزییەکانى بهێنێت.