Ana içeriğe atla

ترەمپ هۆشداری دەداتە خامنەیی: دەبێت زۆر نیگەران بێت

ترەمپ هۆشداری دەداتە خامنەیی: دەبێت زۆر نیگەران بێت
posted onFebruary 6, 2026
noyorum

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و ڕایدەگەیێنێت، ڕێگە بە تاران نادەن هیچ کام لەو بنکە ئەتۆمییانە بنیات بنێتەوە کە پێشتر لەلایەن واشنتنەوە خاپوور کراون. دەشڵێت: "پێویستە خامنەیی زۆر نیگەران بێت."
لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران دەستیان پێکردووەتەوە، سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی تووندی ئاراستەی ئێران کرد. ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێویستە نیگەران بێت؟ گوتی: "بەڵێ، پێویستە زۆر نیگەران بێت، چونکە ئەوان ئێستا لە دانوستاندندان لەگەڵمان."
ئەم لێدوانە تووندەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ قسەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە ڕایگەیاندووە، واشنتن ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران، بەو مەرجەی گفتوگۆکان پرسی ئەتۆمی، مووشەکی و چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بگرێتەوە. بڕیاریشە ڕۆژی هەینی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە عومان کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد، کە لە "جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی 2025"دا ئەنجامدرابوون. ترەمپ گوتی: "بە فڕۆکەی B-2 ئامانجەکانمان پێکا. پێش ئەو کاتە، تەنیا یەک مانگیان مابوو ببنە خاوەن چەکی ئەتۆم، ئەوە هەڕەشەیەکی گەورە بوو."
ترەمپ پێیوایە ئەگەر ئەو هێرشانە نەبووایە، ئێستا ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەدەبوو، چونکە وڵاتانی عەرەبی "ترسێکی زۆریان" لە ئێران هەبوو. سەبارەت بە ئەگەری چاککردنەوەی بنکەکان، ترەمپ بە ڕوونی گوتی: "بیستوومە دەیانەوێت، بەڵام ڕێگەیان پێنادەین. فڕۆکەکانمان دەنێرینەوە بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن." هەروەها ئاشکرای کرد کە تاران ویستوویەتی بنکەیەکی نوێ لە شوێنێکی دیکە دروست بکات، بەڵام واشنتن پەیامی پێداون کە "ئەگەر ئەوە بکەن، کاری زۆر خراپتان بەسەر دەهێنین."