ئەمڕۆ سێشەممە، دووکان و بازاڕی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوەتی داخران، ئەمەش بە بۆنەی سێیەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران. ئەم داخستنە سەرەڕای هەوڵەکانی لایەنە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەک دێت.
ژینا ئەمینی، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تارانەوە بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی ناچاری دەستبەسەر کرا. دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، سێ ڕۆژ دواتر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران گیانی لەدەستدا.
خێزانی ئەمینی و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ پۆلیسی ئێران بە لێدانی ئەمینی بە باتۆم لە کاتی گواستنەوەی بۆ بنکەی پۆلیس تۆمەتبار دەکەن، کە بە گوتەی ئەوان بووەتە هۆی مردنی. پۆلیسی ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەمینی پێشتر نەخۆشی مێشکی هەبووە و بەهۆی ئەوەوە گیانی لەدەستداوە.
لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دوای ناشتنی تەرمی ژینا ئەمینی لە سەقز، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەستیان پێکرد. ئەم ناڕەزایەتییانە بە خێرایی پەرەیان سەند بۆ شارەکانی دیواندەرە و سنە، و دواتر زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە بوونە گەورەترین زنجیرە ناڕەزایەتی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەندین ساڵی ڕابردوودا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، لەو ناڕەزایەتییانەدا کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوون، لانیکەم ٥٢٩ کەس کوژران و زیاتر لە ٢ هەزار کەسیش بریندار بوون.