Ana içeriğe atla

بێشەرمی دوای تاوان و ئاشکرا كردنەكانی ئاڤاتوودەی؛ دڵخۆشیی پزیشکێكی سەهمیەیی بە خۆکوشتنی هاوسەری قوربانی

مەریوان
posted onAugust 24, 2025
noyorum

 

دوای ئاشکرا كردنەكانی ئاڤاتوودەی سەبارەت بە مردنی دڵتەزێنی سارا تاو، ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی مەریوان، کە بە هۆی دانانی مەترسیدارانەی پێنج ئامپۆلی ئاكسیتوسین لە نەخۆشخانەی بووعەلی گیانی لەدەست دا، ڕەهەندە نوێیەکانی ئەم کارەساتە ئاشکرا بوون.

تاوانباری ئەم مردنە، ڕۆژین تەهماسبی، پزیشکی سەهمیەیی کە پێشتریش گیانی ژنێکی دووگیانی سەندبوو، نەک هەر لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکرا، بەڵکوو ئەمجارەیان بەوپەڕی بێشەرمی و بێڕێزییەوە، لە پەیامێکدا بۆ ئاڤاتوودەی لە خۆکوشتنی شاهۆ حەسەنپوور ئازەر، هاوسەری سارا تاو، دوای مردنی هاوسەرەکەی، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە. ئەم کاردانەوە نامرۆڤانەیە نموونەی ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەڵێت "بکوژانی بێباک بۆ مەیدانی تاوان دەگەڕێنەوە".

ئەم ڕووداوە ئەوە دەردەخات کە سیستمی  تەندروستی لە کوردستان و سەرتاسەری ئێران، لە جیاتی پاراستنی گیانی نەخۆشەکان، ئەرکی سەرەکیی پاراستنی بەرژەوەندیی بەڕێوەبەران و پزیشکەکانی ڕانتییە.

کارەساتی مەریوان تەنیا هەڵەیەکی پزیشکی نییە؛ دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە جیاکارییەکانی سەهمییەییە کە کورسیی پزیشکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومت دابین دەکات. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە جگە لە گۆڕینی نەخۆشخانەکان بۆ مەیدانی تاقیکردنەوە و هەڵە لەگەڵ ژیانی خەڵک زیاتر هیچی تر نییە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە مەریوان ڕوویدا تاوانێکی زنجیرەییە: سەرەتا مردنی ژنێکی دووگیان، پاشان لەناوچوونی بنەماڵەکەی، دواجار بێشەرمیی پزیشکێک کە خۆشیی خۆی بەم کارەساتە دەردەبڕێ.