Ana içeriğe atla

ئاهەنگی نەورۆزی سنە.. پیلانگێڕییەکى کۆمارى ئیسلامى دژ بە کورد

ئاهەنگی نەورۆزی سنە.. پیلانگێڕییەکى کۆمارى ئیسلامى دژ بە کورد
AvaToday caption
posted onMarch 21, 2022
noyorum

نووسینى: نەجمەدین ئەحمەدی

ساڵی تازەی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ساڵانی پێشوو بە لارەملی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و مەراسیمەکانى سەری ساڵ لە ژێر گوشار و چاودێریکی فرەدا دەستی پێ کرد.

نەورۆز و ئاهەنگە تایبەتییەکانی ئیتر تەنیا بۆ پیرۆزکردنی ساڵی نوێ و شاییێکی چەند ڕۆژە نییە. نەورۆز بۆ کورد خەباتێکە لە ناو دڵی شار و گوندەکانی کوردستان کە لە ڕێگەی فەرهەنگییەوە، شووناس و مانەوەی کوردی لە ئەستۆ گرتووە. لە شاری سنە لە وەرزشگەى ٢٢ی گوڵان و بە هاوکاری و هاوبەشی ناوەندە دەوڵەتی و ئەمنییەکان، مەراسیمێکیان بۆ نەورۆز و سەری ساڵ گێڕا کە بریتی بوو لە قسە بێنرخ و هەڵسووکەوتە بێدەسەڵاتانەکانی پێشکەشکارە هەمیشەییەکانی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی پارێزگای سنە و چەند بەرنامەیەکی شیعرخوێندنەوە و گۆرانی و هەڵپەرکێ. بەڕاستی ئەوەندە دەستکرد و بێ بنەما بوو کە تەنیا بۆ ماوەیەک کورت تەحەمول دەکرا.

ئەمساڵ فرەتر لە ساڵانی پێشوو تەواوی هێز و توانای خۆیان بۆ داڕشتنی مەراسیمێکى نەورۆزانە بەکار هێنا بوو کە لە نەورۆزی کوردەواری نەچێ. هەڵپەرکێی پیاوانە و بەس. هەڵپەرکێی بێ ژن و کچ، بەمەش دەیانەوێ شایی و مەراسیمە جۆراوجۆرەکان بە شێوەیەک بەڕێوە ببەن کە خەڵک خوو بە پیاوانەبوونیانەوە بگرێت و ڕا بێت بە بێ ژنى و ژن لە هیچ شت و هیچ ڕۆڵێکی فەرهەنگی و نەتەوەیی دەرنەکەوێ و دوور بێ. ئەگەریش نەکرا کە بەتەواوی دووری بخەنەوە، تەنیا بینەرێ بێت لەسەر کورسی و هیچ... ئەمساڵ فرەتر بۆ پیاوانەکردنی نەورۆز هەوڵیان دا.

ئاهەنگی نەورۆزی سنە.. پیلانگێڕییەکى کۆمارى ئیسلامى دژ بە کورد ٢

ڕۆژی پێشتریش بە دەف و حەیەڵا کەوتبوونە ناو شار، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەف هیچ پەیوەندییەکی بە نەورۆز و مەراسیمى کلتوور و نەتەوەیی نەورۆزى کوردەوارییەوە نییە. لەم دۆخەدا هەڵەی گەورەی خەڵک و هاوشاریان، بەشداریکردن لەم ڕێوڕەسمە دەوڵەتی و بەلاڕێبەرانەیە و بەمەش دەسەڵات هان دەدرێت بۆ زیاترکردنی لە شارەکان کوردستان. هەرچەندە، ئەم هەوڵانە لە لایەن ڕژیمەوە ناتوانن خەڵک لە ڕۆیشتن بۆ ناوەندەکانی شایی و ئاهەنگە مەزن و ڕەچەڵەکدارەکانى نەورۆز لە شار و گوندەکانی کوردستان دوور بخەنەوە، بەڵام خەڵک دەبێ هوشیارتر بن.

باشتر ئەوەیە پێشوازی لە ئایینی نەورۆزی تەنگیسەر و لەیلاخ و چۆڕ و نەنە و نێ و شنۆی خۆمان بکەین کە ژن و پیاوی کورد شان بە شانی یەک دەماری کوردەواری دەگەشێننەوە تا ئەوەیکە لە ئاهەنگێکی ئاست نەزم و بێ بەها بەشدار بن کە دوژمنی کوردستانەکەمان بەهێزتر دەکات.