بەهۆی داخستنی دەرمانخانەی زۆربەی ناوەندە تەندروستییەکانی شارۆچکە و گوندەکانی سەر بە شاری سەقز، دانیشتووانی ئەو ناوچانە بۆ دەستخستنی دەرمان ناچارن ڕێگەی دوور بگرنەبەر.
لە کۆی ١٥بنکە و ناوەندی تەندروستیی شار و گوندەکانی سنووری سەقز، دەرمانخانەی زۆربەیان ماوەی زیاتر لە سێ مانگە داخراون. ئەم کێشەیە بە دیاریکراوی لە شارۆچکەکانی 'سونەتە' و 'سایەب' و ناوچەکانی دیکە سەریهەڵداوە و تۆڕی تەندروستیی شارەکەش تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی نەناوە.
داخستنی ئەو دەرمانخانانە بارگرانیی دارایی و مەترسیی تەندروستیی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە؛ بەشێوەیەک دانیشتووانی ناوچەی 'خوڕخوڕە' ناچارن بۆ دەستخستنی دەرمان نزیکەی 70 کیلۆمەتر ببڕن تاوەکو دەگەنە ناوەندی شاری سەقز.
هاووڵاتییانی ناوچەکە نیگەرانن لەوەی بنکەی تەندروستی بەبێ دەرمانخانە "هیچ سوودێکی نییە" و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان لەڕێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ دەرمانسازان، بەزووترین کات ئەو دەرمانخانانە کارا بکەنەوە.