دوای تێپەڕبوونی تەنیا مانگێک بەسەر دەستپێکردنی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی کاسپیەن لەنێوان تاران و ئیلام، گەشتەکانی رۆژی سێشەممەی ئەو هێڵە بەبێ هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی هەڵوەشێندرانەوە.
ناوەڕاستی مانگی رابردوو بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پارێزگای ئیلام و بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت، دەستپێکردنی گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایە راگەیێندرا، کە وەک هەنگاوێک بۆ باشترکردنی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی پارێزگاکە وەسف دەکرا.
ئەم بڕیارە جارێکی دیکە پرسی سەقامگیرنەبوونی کەرتی گواستنەوەی لە ئیلام هێناوەتەوە بەرباس، کە بە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابووری و گەشتیاریی ئەو پارێزگایە دادەنرێت.
تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆکاری راگرتنی ئەو گەشتانەیان ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە و وەک هۆکارێک بۆ کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە بەڵێنەکانی بەرپرسانی کەرتی گواستنەوە لێکدەدرێتەوە.