بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران ڕاستیە تاڵەکە بەخەڵک ناڵێت

ئێران ڕاستیە تاڵەکە بەخەڵک ناڵێت
posted onNovember 8, 2018
noبۆچوون

بەمدواییانە بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامی ئێران بانگەشەوى ئەوە دەکەن " سزا سەپێنراوەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر کەرتى نەوتى وڵاتەکەیان کێشەیەکى گەورەی بۆ دروست نەکردوون"، بەبێ ئەوەى ئەو لایەنە ئاشکرا بکرێت کە " ئابوورى ئێران بەتەواوەتى پشتى بەداهاتى نەوتى خاو بەستووە".

لەو بارەیەوە یوسفیان مەلا، سەرۆکى لێژنەى ئابوورى پەرلەمانى ئەو وڵاتە هیمای بەوە کردووە " سزایەکان هیچ کاریگەرییەکى بنەڕەتى لەسەر ئیفلیج کردنى بودجەى گشتى وڵاتەکەیان نەبەستووە".

ئاشکراشی کردووە " بودجەى گشتى پێویستی بەوە نیە سەرووی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا هەناردە بکەن".

هاوکات ئیسحاق جهانگیری، یاریدەدەرى یەکەمى سەرۆکى ئێران، کەهاوکات سەرۆکایەتى ئەنجومەنى باڵاى ئابوورى دەکات بەروونى دەڵێت " لەچوارچێوەى ووزەى ئێراندا ئەگەر یەک ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا هەناردە بکرێت، شتێک زیاتر یاخود کەمتر لەئاستەکانى ئێستاى نرخەکاندا هیچ کێشەیەک دروست نابێت".

سەرەتا هەر کەسێک سەیرى ئەو لێدوانانە بکات، هەست دەکات قسەى بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە بۆ پرسە ئابوورییەکان گونجاوە، چونکە رێژەى پشکى داهاتەکانى نەوت سەدا 25 ـى کۆی گشتى سەرچاوەکانى بودجەیە، کەقەبارەکەى 105 تریلیۆن تمەنى ئێرانیە، کەئەویش 27.4 ملیار دۆلارن.

ئەگەریش ئەو ژمارانە لەخشتەیەکی نرخەکانى ئێستای نەوتدا دابنرێت، کەبودجە بەنرخى 55 دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک دیاریی کردووە، ئەوا دەردەکەوێت حکومەت "پلانى هەناردەکردنى 104 ملیۆن بەرمیل نەوتى داڕشتووە لەیەک ساڵى دارایی ئێرانیدا، کە لەئاداری داهاتوو کۆتایی دێت".

قەبارەى بەدەستهاوی ئەو زیادە داراییەش سەرجەم کورتهێنانە چاوەڕوانکراوەکانى بودجە چارەسەر دەکات.

ئەگەر هاتوو تاران توانى لەساڵى دارایی داهاتووی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەنرخەکانى ئێستا کە هەر بەرمیلێکى بە 72 دۆلارە، ئەوا داهاتێکى 26.28 ملیار دۆلار لەهەناردەکردنى نەوت بەدەست دەهێنێت، ئەم ژمارەیەش لەگەڵ ژمارەکانى بودجەى پەسەند کراوی داهاتى نەوت نیە، لەپاڵ ئەوانەش حکومەتى ئەو وڵاتە سوود لەجیاوازییە گەورەکانى ئاڵوگۆری نرخەکان وەردەگرێت، کەتمەنى رووبەرووى داڕمان کردۆتەوە بەرامبەر دۆلار.

بەپرسانى ئێران لەسەر ئەو پرسە ئابوورییە نیوەى ڕاستیەکان باس دەکەن، بەڵام نیوە تاڵەکە بۆ خەڵکە سادەى وڵاتەکەیان ئاشکرا ناکەن، کەڕاستە پشکى داهاتى هەناردەکردنى نەوت لەنێو بودجەدا تەنها سەدا 26 تێپەر ناکات، بەڵام ژمارەکان تەنها پشکى هەناردەکرنى نەوتى خاوە، بەڵام پشکى داهاتە نەوتیەکانى دیکە وەک پیترۆکیمیاوی، غازو نەوتى پاڵاوتوو و باجەکانى سەر کەرتى ووزە ئاشکرا نەکراوە.

بۆ ئەو پرسەش ناوەندێکى توێژینەوەى پەرلەمانى ئەو وڵاتە دەریخستووە سەدا 60 ـى پێکهێناوە، ئەمەش پاشەکشێیەکى روونى سەرچاوەکانى بودجەى گشتیە، کەیەک ملیۆن بەرمیل ناتوانێت بۆشاییەکانى رووماڵ بکات.

لەهەر حاڵەتێکیشدا کۆمارى ئیسلامی توانى درێژە بەهەناردەکردنى یەک ملیۆن بەرمیل بدات، پارەى ئەو قەبارەیە بەئاسانى ناتوانێت رێگاى چوونە ژوورەوەى وڵات بدۆزێتەوە، هەر ناوەندەکانی تارانە ئەو مەترسییانەیان باسکردووە کە پێیان وایە " تێچووى گواستنەوەى ئەو پارانە سەدا 20 ـى لێدەبات، بەم شێوەیەش بۆ هەر 100 دۆلارێک 20 دۆلاری لێبڕوات تاوەکو بیگەیەنێتە نێوخۆى وڵاتەکەی، ئەوا پرۆسەى داهاتەکان هیچیان تێدا نامێنێتەوە بەرپرسان شانازی پێوە بکەن".

ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدواى 5 تشرینى دووهەمەوە، سزایان خستۆتە سەر کەرتەکانى نەوت و ووزەو بانکی ناوەندی ئێران، ئەمەش تەواوکاری قۆناغی یەکەمى سزاکانى دژى ئەو وڵاتەیە، کە حەوتى ئابی رابردوو بەسەریدا سەپێنراوەو، کۆمەڵێک کەرتى ئابوورى و پیشەسازی لەخۆ گرتبوو، بەتایبەت قەدەغەکردنى مامەڵەکردن بەدراوى دۆلاری ئەمەریکی.

حکومەتى تاران بۆ پشت بەستن بەبەرێوەبردنى بودجەى گشتى بە هەناردە کردنى یەک ملیۆن بەرمیل، ئومێدی بە کۆمەڵێک رێکار هەیە، کەئەستەمن هیچ لەوانەش بەدی بێت، بەتایبەت بەرزبوونەوەى نرخەکانى نەوت بۆ سەرووى 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەدەستهێنانى پارەى نەوتە فرۆشراوەکەى بەنەختى دۆلار، تاوەکو لەبازاڕى ڕەش بەگرانتر بیداتەوە بەخەڵکەکەى، هەروەها وەرگرتنى باج لەوەبەرهێنانى بیانی کۆمپانیاکان.

 تاران ناشتوانێت سیاسەتى سکهەڵگوشین لەبەرامبەر خەڵکە توڕەکەى بەهۆى خراپی ڕەوشى ئابوورى و بژێویان ئەنجامبدات، ترسی لەوە هەیە ئەو خاڵە ببێتە تەقینەوەیەکى جەماوەرى دژى رژێمەکەى کەپشتى تەواوى بەسەرکەوتکردن و، بانگەشەى چەواشەکراوە بەستووە.

ئەگەری ئەوەش لەبەردەم بەرپرسانى رژێمى کۆمارى ئیسلامی هەیە، بۆ مانەوەى خۆیان خەرجییەکى زیاتر لەسەر حیسابی داهاتى وڵات بکەن.