بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەرپرسێکی باڵای بازرگانیی ئێران هۆشداری دەدات: کەمکردنەوەی کارەبای کارگەکان شەپۆلێکی گەورەی بێکاریی لێکەوتووەتەوە

بێکاری
posted onAugust 3, 2025
noبۆچوون

 

بەرپرسێکی باڵای ژووری بازرگانیی ئێران ڕایگەیاند کە کەمکردنەوەی توندی کارەبای پیشەسازییەکان، بووەتە هۆی "شەپۆلێکی گەورەی بێکاری" لە سەرتاسەری وڵاتدا و زۆرێک لە کۆمپانیاکانی خستووەتە لێواری مایەپووچبوونەوە.

عەلیرەزا کۆلاهی-سەمەدی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی پیشەسازیی ژووری بازرگانیی ئێران، لە لێدوانێکدا گوتی: پیشەسازییەکانی وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی "کارەساتبار" بوونەتەوە، چونکە زۆربەی کارگەکان ناچار کراون بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا کارەکانیان ڕابگرن و بڕی بەکارهێنانی کارەباشیان بۆ نیوە یان کەمتر دابەزێنن.

کۆلاهی-سەمەدی دەڵێت: "ئێستا نزیکەی هەموو کۆمپانیاکان ناچارکراون کە ڕێژەی بەکاربردنی کارەبایان بۆ نیوەی بڕی گرێبەستکراو کەم بکەنەوە. تەنانەت لە هەندێک ڕۆژدا دەبێت تا ٩٠٪ داشکاندن بکەن."

وتیشی: "ئەمە لە کاتێکدایە کە کوژاندنەوەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بەرۆکی پیشەسازییەکانی گرتووە. بەم شێوەیە، پیشەسازییەکان کەمتر لە یەک لەسەر سێی ئەو کارەبایەیان پێدەگات کە بۆ بەردەوامیی چالاکییەکانیان پێویستیانە."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی پیشەسازی هۆشداریی دا کە ئەم دۆخە، شانبەشانی قەیرانی نەختینەیی و نەبوونی بازاڕ، مەترسییەکی جددی بۆ سەر کەرتی بەرهەمهێنان دروست دەکات و وتی: "ئەم مەترسییە دەبێتە هۆی لەناوچوونی بەرهەمهێنان و شەپۆلێکی گەورەی بێکاری لە وڵاتدا."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمپانیاکان پێشتر سەرەڕای قەیرانەکان هەوڵیان دەدا کرێکارەکانیان لەسەر کار بهێڵنەوە، بەڵام قەیرانی وزە وایکردووە کە "شەپۆلی دەرکردنی کرێکاران دەست پێبکات و ئەگەری هەیە دۆخەکە زۆر لە ئێستا خراپتر بێت."