بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تاران لە هەڵدانى مووشەک لاسایی پیونگ یانگ دەکاتەوە

تاران لە هەڵدانى مووشەک لاسایی پیونگ یانگ دەکاتەوە
سی.ئێن.ئێن: ئێران لە ئانوساتى هەڵدانى مووشەکى هەڵگرى مانگى دەستکردە
posted onAugust 17, 2019
noبۆچوون


ئاڤاتودەى

تۆڕى میدیایی تەلەڤزیۆنى ئەمریکایی سی.ئێن.ئێن لە زمانى هەندێک لە بەرپرسە سەربازى و ئەمنییەکانى دەوڵەتى واشنتۆنەوە و پشتبەستن بە وێنەکانى مانگى دەستکرد، ئێوارەى ڕۆژى هەینى ٢٥ى گەلاوێژ، ئاشکراى کرد کە ڕژێمى ئێران خەریکى خۆئامادەکردنە بۆ هەڵدانى مووشەکێکى نوێ.

بە پێى ڕاپۆرتى ئەم تۆڕی میدیاییە، هەڵدانى ئەم مووشەکە لە ئان و ساتدایە!

لەسەر بنەماى وێنەکانى مانگى دەستکردى کۆمپانیاى  Planet Labs و دامەزراوەىMiddlebury  کە خستوونیەتە بەردەستى ئەم تەلەڤزیۆنە، جووڵەکانى ڕژێم لە چەند خاڵدا زیادى کردووە. کانتێنێرى گەورە ئاڵوگۆڕ کراون کە ڕەنگە بە هۆیانەوە ڕاکێتى گەورە بۆ ئەم شوێنانە گوازرابنەوە. ئۆتۆمبێلى هەڵگرى چەکوچۆڵى گەورە و قورس بە شێوەى گوماناوى لەو شوێنانە هاتوچۆیان کردووە.

سی.ئێن.ئێن قسەکانى Dave Schmerler ـى توێژەرى باڵاى دامەزراوەىMiddlebury  گواستووەتەوە کە ئەگەرى ئەوەى داوە ڕژێمى ئێران لە چوارچێوەى تاقیکردنەوەى "مووشەکى هەڵگرى مانگى دەستکرد"، خەریکى هەڵدانى مووشەکە. بەڕێز Schmerler گوتوویەتى هەڵدانى ئەم مووشەکە واپێدەچێت لە چوارچێوەى بەرنامەى مووشەکیدا نەبێت.

هەرچۆنێک بێت، چەند بەرپرسێکى ئەمنى و بەرگرى ئەمریکا پێداگرییان لەوە کردووەتەوە کە ڕژێمى ئێران مەوداى بڕینو وردبوون و دەقیقى ئەنجامگیریی مووشەکەکانى بەرزتر کردووەتەوە و هەر ئەمەیش بووەتە هۆى نیگەرانی هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە و ئەگەرى هەیە بکەونە بەر گورزى ئەم مووشەکانە.

ڕژێم بەم تازەییەش مووشەکێکى نوێى لە مۆدێڵى شەهاب تاقی کردەوە.

ئاڤاتودەى بیر دەهێنێتەوە کە هەندێک لە مۆرە حکومەتییەکان لە گێرمەوکێشەکانى ئەم دواییەى نێوان تاران و واشنتۆن، بە ئاشکرا پێشنیاریان کرد کە جگە لە جووڵە دەریاییەکانی کەنداوى فارس و دزینى پاپۆڕ و نەوتهەڵگرە دەرەکییەکان، پێویستە ڕژێم "توانا و هێز و دەسەڵات"ـى خۆى لە بەرنامە مووشەکییەکان نیشان بدات و بەهێزترى بکات.

لەوەوە کە حکومەتى کۆمۆنیستى کۆریاى باکوور، یار و هاوڕێ نزیکەکەى ڕژێمى ئێران، لە چوارچێوەى پاڵەپەستۆکانى ئەمریکا، هەڕەشەی لە کۆریاى باشوور و هاوسێکانى دیکەى کرد بەرامبەر بە جێبەجێکردنى خواستەکانى پیونگ یانگ و چەند مووشەکى تاقی کردەوە، وا پێدەچێت ڕژێمى ئێرانیش کە لە ژێر فشار وپاڵەپەستۆکانى ئەمریکایە، هەنگاوێکى هاوشێوە ئەنجام بدات.

ئاڤاتودەى ئاماژە بەوە دەکات، دواهەمین مووشەک کە ڕژێمى ئێران بە ئاشکرا و وەک مووشەکى هەڵگرى مانگى دەستکرد تاقی کردەوە، ڕۆژى ٢٥ى بەفرانبارى ١٣٩٧ بوو کە سەرکەوتوو نەبوو. محەمەد جەواد ئازەرى جەهرومى وەزیرى پەیوەندییەکانى کۆمارى ئیسلامى کە لە شوێنى هەڵدانى مووشەکەکە ئامادە بوو، ڕایگەیاند: مانگى دەستکردنى "پەیام" لە خوولگەى زەوی جێگیر نەبووە چونکە ئەو مووشەکەى کە کە هەڵیگرتبوو بە پێى پێویست مەوداى نەبڕیوە (واتە شکستى خوارد و سەرکەوتوو نەبوو).

٢٢ ڕۆژ پاش ئەوە، ئەمریکا ڕایگەیاند؛ هەڵدانى دووەمین مووشەکى مەودادرێژى ڕژێمى ئێران وەک مووشەکى هەڵگرى مانگى دەستکرد، جارێکى دیکە لە پارێزگاى سمنان شکستى خوارد، بەڵام ڕژێم شکستى دووەمى خۆى شاردەوە و نەیهێشت هەواڵێکى لەبارەوە بڵاو بێتەوە.

ئەمریکا گوومانى لەوە هەیە کە ڕژێمى تاران لە تەنیشت بانگەشەى پەرەپێدانى کاروبارى زانستى و هەڵدانى مانگى دەستکرد بۆ فەزا، بە شێوەى پراکتیکى خەریکى پەرەپێدانى مووشەکى بالستیکى کیشوەربڕە.