بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مانگى گەلاوێژ مانگى دەستبەسەرکردن و کوشتن بوو لە ڕۆژهەڵات

مانگى گەلاوێژ مانگى دەستبەسەرکردن و کوشتن بوو لە ڕۆژهەڵات
ئەمساڵ ساڵى دەستبەسەرکردنى چالاکانى مەدەنى و سیاسى بوو لە ئێران
کۆمارى ئیسلامى بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافی کورد
posted onSeptember 16, 2018
noبۆچوون



تەنیا لە مانگی گەلاوێژدا ٣٦ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی شنۆ، پاوە، سنە، کرماشان، سەردەشت، داڵاهۆ، کامیاران، ئیلام، سەقز، بۆکان، پیرانشار، ڕوانسەر، ورمێ و مەریوان دەستبەسەر کراون.

 

ناوەندی دیموکڕاسیخوازی و مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئاماری مانگی گەلاوێژ ڕایگەیاند "٣٦ کەس لە کوردستان دەستبەسەر کراون کە ٦ کەسیان چالاکی کرێکاری بوون و ئەوانی دیکە بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان خراونەتە زیندانەوە". لەو مانگەدا دوو کەس بە لێدانى ٧٤ قامچی سزا دراون کە یەکێکیان ڕۆژنامەنووسە و ئەویتریشیان چالاکى مەدەنییە لە شارى سەقز.

خوێندکارێک لە سنە بە ٨ ساڵ زیندانی و گیراوێکی بەهاییش بە یەک ساڵ زیندانی و دوورخستنەوە لە شوێنی ژیانی مەحکوم کراون و لە لایەکی ترەوە دوو کەس لە نەغەدە و پیرانشار وەک یەک بە پێنج ساڵ زیندانی و ٦ مانگ دوورخستنەوە لە شوێنی ژیانی سزا دراون. بەندکراوێک لە ورمێ بە هۆی پێڕانەگەیشتن گیانی لەدەست داوە و چوار بەندکراوی دۆسیەی ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەستیش لە سێدارە دراون.

 

هەر لە مانگی گەلاوێژدا لانیکەم ١٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان کوژران و ٨ کەس بریندار بوون کە لەو ژمارەیە تەنیا یەکێکیان بەهۆی کەوتنەسەر مین بووە و ئەوانی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووە.