بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژنانی کورد بەشدارى سەرەکى خەباتى سیاسى و مەدەنین

ژنانی کورد بەشدارى سەرەکى خەباتى سیاسى و مەدەنین
AvaToday caption
posted onMarch 8, 2019
noبۆچوون

 

ئەمڕۆ ڕۆژى هەشتى مارس بوو کە وەک ڕۆژى جیهانى ژنان لە دونیادا ناسراوە. لەم ڕۆژەشدا، ژنان لە نێو پارچە جیاوازەکانى کوردستان چالاکى گەورە ئەنجام دەدەن و هەر ئەمەیش واى کردووە ژنانى کوردستان بەشدارى سەرەکى خەباتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و مەدەنى بن و کار لەسەر یەکسانى جێندەرى بکەن.

 

پێشەکى:

لە ڕۆژى هەشتى مارسى ساڵى ١٨٧٥ى زایینى، ژنە کرێکارەکانى کارگەى ڕستن و چنینى شارى نیۆیۆرک، بۆ باشترکردنى دۆخى کارەکەیان و کەمى مووچە و دەستحەقەکەیان خۆپێشاندانێکى بەرفراوانى گەورەیان ڕێک خست. ئەم خۆپێشاندانە بە هۆى پۆلیسى ئەمریکاوە، توندوتیژى لێ کەوتەوە و پۆلیس بە شێوەیەکەى دڕندانە هێرشى کردە سەر ژنان و سەرکوتى کردن. ژمارەیەک لە ژنان بریندار  و زۆرێکیش دەستبەسەر کران. ئەم پرسە بووە هۆى ئەوەى کە ژنی کرێکارى دیکەیش یەک بگرن و داواى مافى ئینسانى خۆیان بکەن. ئیتر ئەوە بوو هەموو ساڵێک ئەم دژایەتیکردنە بەردەوام بوو و لە ڕۆژى ٨ى مارسى ١٩٠٧ى دووبارە ژنانى ڕستنى ئەمریکا دژى لە ١٠ کاتژمێر کارکردنى زیاتر خۆپێشاندانیان کرد و دووبارە لە لایەن پۆلیسەوە سەرکوت کرایەوە. ئیتر بەم شێوەیە بوو کە ڕۆژى هەشتى مارس بووە ڕۆژى بەرگرى لە مافەکانى ژنان.

ئەلیکساندرا کۆلۆنتا، وتارێکى بە ناوى "ڕۆژى ژن چییە؟" نووسیوە کە تیایدا دەڵێت "ڕۆژى ژن چییە؟ ئاخۆ ئەم ڕۆژە حەقیقەتى هەیە؟ ئاخۆ ڕۆژێک بۆ ژنان بە شێوەیەک پێدانى ئیمتیاز نییە بە ژنانى بورژوا و فیمینیستەکان و لایەنگرانى مافى دەنگدان؟ ئەم پرسیارانە لە ڕوسیا هێشتا بەر گوێ دەکەون، کەچى لە دەرەوەى ڕوسیا باوى ئەم جۆرە پرسیارانە نەماوە. ژیان خۆى وەڵامى پرسیارەکان دەداتەوە.  ڕۆژى ژنان، ئەڵقەى زنجیرەیەکى بەهێزى جووڵانەوەى کرێکارى ژنانە".

لە نێو کوردیشدا بەردەوام ژنان پێشەنگ و هێزى گەورەى بزووتنەوەى کوردى بوون چ لە سەردەمى خەباتى ڕزگاریخوازى کوردى لە هەر چوار پارچە و چ لە سەردەمى پەرلەمانى لە هەردوو بەشى باکوور و باشوورى کوردستان. ڕۆژى هەشتى مارس، لە هەرێمى کوردستان بەردەوام ڕۆژێک بووە بۆ کارکردنى زیاترى هۆشیارکردنەوەى توێژى ژنان و ئەنجامدانى کۆڕ و سیمینار و چالاکى جۆراوجۆر. زۆرجارانیش لە لایەن ژنانى خاوەن ڕوانگە و ڕادیکاڵەوە ڕەخنە لەوە دەگیردرێت کە نابێت ئەم ڕۆژە بکرێتە ڕۆژى تەنیا لەبەرکردنى جلى کوردى و شیرینى بەخشینەوە، بەڵکو دەبێت ئەو ڕۆژە بنەمایەک بێت بۆ تاوسەندى زیاترى شێلگیرى و خەباتى ژنان بەرامبەر دەستکەوتنى مافەکانیان.

خۆپێشاندانى ژنە کرێکارەکانى ئەمریکا

خۆپێشاندانى ژنە کرێکارەکانى ئەمریکا

 

"ساکار.ک زێڕێن" لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک و ڕوو لە ژنان نووسیویەتى "بەرز ڕاگرتنی ٨ی مارس بەو ڕۆح وئیرادەیە دەبێ، نەک دیسان هەڵقۆستنەوەی بۆ خۆڕازاندنەوە وخۆدەرخستن بە یەک هۆقە میکیاژ وخشڵ وزێڕ وهەموو ڕۆژەکانی ساڵ بەس خەریکی خۆبەکاڵاکردن بیت. هیچ گرینگی بەو ڕۆژە نەدەی و وەکو هەموو ڕۆژەکانی ساڵ سەیری بکەیت زۆر ڕێزدارترە لەوەی لە سبەینێ تا ئێوارە خەریکی خۆڕازدنەوە وخۆدەرخستن بیت لەو ڕۆژە بەناوی ڕۆژی جیهانی ژن وپیرۆزبایی لەیەکتر بکەن"، هەروەها ژنە چالاکڤان سەرگوڵ بێتووشى لەم بارەوە باس لەوە دەکات کە "جا لە بیرمان بێ هەشتی مارس رۆژی، هەڵپەركێ و نمایشكردنی جلە ئاڵاو واڵاكان نییە، رۆژی نمایشكردنی زێرو زەمبەر نییە، رۆژی بەرێوەبردنی مەراسیم نییە بۆ كۆبوونەوە لە دەوری یەكتر و شیرینی خواردن و دواییش هەڵپەڕین و دواییش یاڵا بۆ ماڵێ! هەشتی مارس لە شەقام و سەرشەقامەكان دەگیردرێ لە گەڵ ئەوانەی باوەڕیان بەو رۆژەو هەبوونی دادپەروەری هەیە لە نێوان ژن و پیاودا. هەشتی مارس بۆ ئەوە نییە جێژن بگرن و ریزی یەکەمى مەراسیمەكە پیاو بە ڕیز دانیشن و لە پشت میكرۆفۆنەكانەوە شیعرو دروشم بدرێ و دوایش هەر كەس لە هۆڵەكە هاتە دەرێ لە بیری بچێتەوە لە كوێ بوو؟ بۆ لەوێ بوو؟! لە بیریشمان نەچێ هەشتی مارس تەنیا رۆژی ژنەكان نییە كە بۆ داوای مافەكانیان هاودەنگی خۆیان ڕادەگەیەنن ، بەڵكو ئەركی هەموو پیاوێكیشە كە باوەڕی بە هەبوونی دادپەروەری هەیە لەو رۆژەدا شان بە شانی ژنەكان بچنە سەرشەقامەكان و هەر شوێنێك كە دەكرێ هاوپشتی خۆیانی تێدا دەببڕن".

 

چالاکییەکانى هەشتى مارس لە چوار گۆشەى کوردستانێ:

لە هەر چوار پارچەى کوردستان هەشتى مارس جێژنى گەورە و بچووک و مەراسیمى شکۆدار و سادەى بۆ بەڕێوە دەبرێت، ئەمەیش نیشانەیەکە لە زیندوویەتى توێژى ژنان لە کۆمەڵکەکەیاندا و نیشاندەرى ئەوەیە کە کۆمەڵگەى کوردى هۆشیارە لە ئاست مافە ئینسانییەکان و لە نێویشیاندا مافى ژنان کە هەم وەک فەرمانبەر و هەم وەک چالاکڤانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و هەمیش وەک بەرگریکارى نیشتمانى دەردەکەون. لە باشوور و باکوور و ڕۆژاوا و رۆژهەڵاتى کوردستان چەندین چالاکى جیاواز ئەنجام دەدرێت کە لێرەدا هەندێکیان دەخەینە ڕوو:

 

باشوورى کوردستان:

بە بۆنەى هاتنى هەشتى مارسەوە، لە شار و شارۆچکەکانى کوردستانیش بڕیار وایە لە هەشتى مارسدا کە دەکەوێتە ڕۆژى هەینى چەندین چالاکى ئەنجام بدرێن وەک کردنەوەى پێشانگەى شێوەکارى و کارى دەستى و ئەنجامدانى کۆڕ و سیمینار لەسەر پرسەکانى ئافرەتان.

هەر بەم بۆنەیەوە بڕیار وایە لە شارى هەولێر وەک پایتەختى هەرێمى کوردستان دەیان چالاکى جیاواز بەڕێوە بچێت کە تیایدا کارە هونەرى و دەستکرد و شێوەکارییەکان نیشان دەدرێن و چەندین کۆڕ و سیمینار لە ناوچە جیاوازەکانى وەک شارى هەولێر و ڕواندز و ئاکرێ بەڕێوە دەچێت و دوێنێ بەیانیش لە چەندین کەمپى ئاوارەکانى ڕۆژاوا و عێراق چالاکى ئەنجام درا و ڕێژ لە ڕۆژەکە نرا. هەروەها ڕێوڕەسمێک بە ناوى "به‌گه‌ردنى 8ى مارسه‌وه‌ چوار ملوانكه‌ى شیعر" لە شارى سلێمانى ئەنجام دەدرێت و تیایدا قوبادى جه‌لیزاده‌ چوار كتێبى شیعریى خۆى لەو ڕۆژەدا واژوو ده‌كات. وەک چۆن جەلى زادە لە فه‌یسبووكەکەى بڵاوى کردووەتەوە "كاتژمێر 3ى پاش نیوه‌ڕۆى رۆژى 8ى مارسى 2019، چوار كۆمه‌ڵه‌ شیعر، وه‌ك دیارى و به‌ واژووى خۆم، پێشكه‌ش به‌و میوانانه‌ ده‌كەم كه‌ ده‌ێنه‌ ڕێوڕەسمى ڕۆژى جیهانى ژنان کە له‌ ده‌زگاى رۆشنبیریى جه‌مال عیرفان، له‌ شارى سلێمانى ساز دەکرێت".

 

ڕۆژاواى کوردستان:

لە شارۆچکەى تەبقا کە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتى فوڕات، لەبەردەم دەروازەى ئەکادیمیاى ژنانى سوری، ڕەشماڵێکى گەورە هەڵدرا و ژنانى دەڤەرەکەش بە جلوبەرگى ئاڵ و واڵاى کوردی و عەرەبی و خۆماڵییەوە بەشدارى چالاکییەکانى ژێر ڕەشماڵەکەیان کرد و دەکەن کە بۆ ماوەى چەند ڕۆژ چالاکى هونەرى و ئەدەبی و سیاسى و کەلتوورى تێدا ئەنجام دەدرێت.

هەروەها لە شارۆچکەى سوێ کە کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتى دێرەزوور، ناوەندى ئەنجوومەنى ژنانى سورى دروست بوو کە ئامانج تێیدا کارکردنە لەسەر هزر و پەرورەدەکردنى ژنان لەو دەڤەرە.

لە شارۆچکەى تلحەمیز و تلبەرەکى باکوورى حەسەکە، ژنان بە جلوبەرگى ڕەسەنى خۆیانەوە سەردانى گرووپە کوردییەکان و شەڕڤانە ژنەکانیان کرد و کە دژ بە گرووپى تیرۆریستى داعش لە ڕۆژئاواى کوردستان شەڕیان کرد و توانیان بەسەریاندا سەرکەوتوو بن. لە سەرێ کانی قامیشلۆ، ژنان بە ڕەنگى سور و زەرد و سەوز و بنەوش هەموو شارەکەیان ڕازاندەوە و دەستیان کرد بە ئامادەکارییەکى بەربڵاو بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژى جیهانى ژنان کە دەکەوێتە ٨ى مارسەوە.

لە شارۆچکەى شەحبا کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى ڕەقە، لە ناوچەى ئەهریز و کەفەرنایە و گوندى ئون ئەلحوشێن، سیمینارى بەرفراوان بۆ هۆشیارکردنەوەى ژنان و ناساندنى هەشتى مارس پێک هات کە دەیان ژن تێیدا بەشدارییان کرد. لە کۆبانێ، ژنە لاوەکان لە تەنیشت پەیکەرى ژنەى ئازاد کە لە لایەن پەیکەرتاشى باشوورى کوردستان زیرەک میرەوە دروست کراوە، داخوازینامەیەکیان بڵاو کردەوە و مەشغەڵى ئاگریان بە نیشانەى سەرکەوتنى ژنى کورد لە شەڕى دژ بە تیرۆریستانى داعش بەرز کردەوە.

 

ڕۆژهەڵاتى کوردستان:

ئەم پارچەیەى کوردستان لە چاو پارچەکانى دیکە کەمتر ڕێگە بە چالاکى لەو بارەوە دەدرێت و ئەمەیش هۆکارێکە بۆ ئەوەى کە ژنان کەمتر بتوانن لەو ڕۆژەدا کار و چالاکى ئەنجام بدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری مەهاباد و مەریوان و سنە و کرماشان بڕیار وایە چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن.

درووشمى "بڵێ نا و لە خەبات بەردەوام بە" ئێستا بووەتە بەشێک لە درووشمى خانمانى ڕۆژهەڵات و لەم ڕێگەیەوە دەیانهەوێت بە دەسەڵات بڵێن کە ئێمە لەگەڵ پێشێلکردنى مافەکانمان نین و خەبات دەکەین بۆ بەدیهاتنى ئەو مافانە و لە چەندین شار و شارۆچکەش پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو بانگەوازە دەربڕیوە و خوازیاری ئازادی و یەکسانین بۆ ژنان.

 

باکوورى کوردستان:

لە پارێزگاى مێرسین، لقىى ڕێکخراوى مافى مرۆڤ لە تورکیا گوڵ و پۆستکارتى پیرۆزبایی هەشتى مارسیان ناردووە بۆ ژنە گیراوە سیاسییەکانى وڵاتى تورکیا. لە شارى هاتاى ناوەندى ئەنتاکیە، پلاتفۆڕمی ژنانیان لە پارکى بۆیاجلەر، پۆستکارتى هەشتى مارسیان دەبەخشییە هاتوچۆکەران و سەردانکەرانى پارکەکە.

لا پارێزگاى شڕناخ، ئەندامى ئەنجوومەنى هەدەپەى شارەکە، بەرنامە هەشتى ئازاریان داناوە بۆ ئەوەى کە لەو ڕۆژەدا بە شاهى و دیلان لە چەندین شوێنى پارێزگاکە، پێشوازى لەو ڕۆژە بکەن کە بە ڕۆژى ژنان نێودێر کراوە. لە ناوچەى سالایی پارێزگاى وان، ژنانى وانى بە جلوبەرگى ناوچەیی خۆیانەوە کەوتنە پیرۆزباییکردن لە یەکترى و دواتر فەقیانەکانیان لێک گرێ دا و دەستیان بە هەڵپەڕکێ و هەلهەلەکێشان کرد.

لە ناوچەى ئۆزاڵپى پارێزگاى وان، ژنانى هەدەپە بە کەیف و خۆشى و هەڵپەڕکێ هەشتى مارسیان پیرۆز کرد. لە شارى مووش، ژنان بە بۆنەى ڕۆژى هەشتى مارسەوە، ڕێز گیرا لە ژنە کرێکارەکانى کارگەى ڕستن و چنین و جلوبەرگ و گوڵیان پێشکەش کردن. لە شارى باتمان، پاڵێوراوى سەرۆکى شارەوانى شارەکە کە ناوى سونگول کۆرک مازە و سەر بە پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)یە و ئایشە ئاجار بەشاران و فەلەکناس ئۆجا کە هەردووک پەرلەمانتارى ئەو حیزبەن لە پەرلەمانى تورکیا، لە نەخۆشخانەى منداڵبوونى ژنانى شارەکە چاویان بە ژنان کەوت و گوڵیان بەسەردا دابەش کردن.

 

پۆستەرى ئەڵمانى ڕۆژى جیهانى ژن، ٨ى مارسى ١٩١٤ و ئەم پۆستەرە لە ئەڵمانیا یاساغ بوو

پۆستەرى ئەڵمانى ڕۆژى جیهانى ژن، ٨ى مارسى ١٩١٤ و ئەم پۆستەرە لە ئەڵمانیا یاساغ بوو