بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەردۆغان داوای لە ترامپ کرد سەردانی تورکیە بکات

ئەردۆغان داوای لە ترامپ کرد سەردانی تورکیە بکات
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2019
noبۆچوون

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیە ڕۆژی ٤ی ڕەشەممە لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تەلەڤزیۆنی سی.ئێن.ئێن. تورک و کاناڵی دی، گووتی: قسەم لەگەڵ ترامپ کردووە و سەبارەت بە چوونەدەرەوەى هێزە ئەمریکییەکان لە سوریە، ڕاوێژمان کردووە.

 

لەو دیمانەیەدا ئەردۆغان ڕایگەیاندووە دانوسانێکی ئەرێنییان سەبارەت بە سوریە لەگەڵ ترامپ هەبووە و باسی لەوە کرد ئەگەری هەیە یان ئەو سەردانی ئەمریکا بکات یا خوود ترامپ بگاتە تورکیە. دۆناڵد ترامپ مانگی دیسەمبەری ٢٠١٨ دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان ڕایگەیاند هێزەکانی لە سوریە دەکشێنێتەوە.

ئەردۆغان لەو دیمانە تەلەڤزیۆنییەدا باسی لەوە کرد "ترامپ بانگهێشتی کردووم بۆ ئەمریکا بەڵام ئەمن پێم گووتوە پێش ئەوەی من بێم ئێوە سەردانی تورکیە بکەن"، ئەردۆغان جەختی لەوە کردووەتەوە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیە کە وابڕیاڕە مانگی خاکەلێوە بەڕێوە بچێت، "یان من دەچم بۆ واشنتۆن یاخود ترامپ دێتە تورکیە".

دوای پەیوەندی تەلەفۆنی ئەردۆغان و ترامپ، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگرى تورکیە بە ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پاتریک شاناهان سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگرى ئەمریکا ڕایگەیاند "لەسەر دڕێژەدان بە خەبات دژی تیرۆریزم بە تایبەت پەکەک ، یەکینەکانی پاراستنی گەل، گرووپی فەتحوڵا گوڵەن و داعش ڕیککەوتووین". ئاکار هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە بڵاو نەکردووەتەوە و تا ئێستا دەسەڵاتدارانی پنتاگۆنیش سەبارەت بەو قسانەی خلوسی ئاکار هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.