لە گەڕەکی حاجیاوای شاری سنە، رووداوێکی دڵتەزێن و دوور لە مرۆڤایەتی ئاشکرا بوو؛ باوک و زڕدایکێک دوو کچی تەمەن 7 و 15 ساڵیان بۆ ماوەی مانگێک لە ئاودەستی ماڵەکەیاندا بەند کردووە و بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجەیان داون.
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە دوای ئەوە ئاشکرا بووە کە دراوسێکانی ئەو ماڵە گوێبیستی هاواری بەردەوامی منداڵەکان بوون. دراوسێکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و لە سەربانەوە چوونەتە ناو حەوشەکە، لەوێدا دوو خوشکەکەیان بە "نیوەگیانی" لە ناو ئاودەستەکەدا دۆزیوەتەوە.
پشکنینە پزیشکییە سەرەتاییەکان ئاستی دڕندەیی ئەشکەنجەدانەکە نیشان دەدەن؛ دەرکەوتووە کە چەناگە، گوێ و لووتی هەردوو کچەکە شکێنراوە، برینی قووڵ لە سەریاندا هەیە و قژی سەریان هەڵکەندراوە. هەروەها جەستەیان بەتەواوەتی شین و مۆر بووەتەوە.
سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک لە خواردن و ئاو بێبەش کراون، ماسولکەکانی جەستەیان تووشی پووکانەوە بووە و لە ئێستادا باری تەندروستییان "زۆر ناجێگیرە".
باوک و زڕدایکی کچەکان کە تۆمەتباری سەرەکین، بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون. لە ئێستادا هەردوو خوشکەکە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە.