دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتن و تاران هەماهەنگی دەکەن بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ئاماژەی بەوە کرد، بە هاوکاریی تاران و لە ڕێگەی ئامێری گەورەی هەڵکۆڵینەوە، ئەو یۆرانیۆمەی کە بە "تۆزی ئەتۆمی" وەسفی کرد، دەردەهێنن و بۆ ئەمریکا دەیگوازنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا دەربڕی و ڕایگەیاند، هەردوولا لە دۆخێکی "باشی لێکتێگەیشتندان". هەرچەندە پێشبینی دەکات لە دوو ڕۆژی داهاتوودا خولێکی دیکەی دانوستانەکان بەڕێوەبچێت، بەڵام جەختی کردەوە کە تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی فەرمی، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە. پێشتر ترەمپ هەڕەشەی شەڕی گەورەی کردبوو ئەگەر تاران مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە قبووڵ نەکات، بەڵام ئێستا دەڵێت هەردوولا "باش لەگەڵ یەکدی ڕادێن".