بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ترەمپ فەرمانی گەمارۆی دەریایی بۆ گەرووی هورمز دەرکرد؛ "ئەمریکا باج نادات"

ترەمپ فەرمانی گەمارۆی دەریایی بۆ گەرووی هورمز دەرکرد؛ "ئەمریکا باج نادات"
posted onMay 19, 2026
noبۆچوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی دا گەمارۆی دەریایی بخەنە سەر گەرووی هورمز و ڕێگری لە هاتوچۆی هەر کەشتییەک بکەن. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە واشنتن، تارانی بە "باجگیریی جیهانی" تۆمەتبار کرد بەهۆی وەرگرتنی ڕسومات و دانانی مین لەو ئاوڕێگە نێودەوڵەتییەدا.

ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا هەر کەشتییەک ڕادەگرێت کە "باجی نایاسایی" بە ئێران دابێت و جەختی کردەوە کە ئەو مینانەش لەناو دەبەن کە ئێران چاندوونی. ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێن کە دوێنێ دوو ناوشکێنی ئەمریکی چوونە ناو گەرووەکە؛ لە بەرامبەردا تاران بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو دوو ناوشکێنە تەنیا چەند خولەکێک لە "لەناوبردن" دووربوون، بەڵام دوای هۆشدارییەکانی سوپای پاسداران پاشەکشەیان کردووە.

سەرەڕای ئاڵۆزییە سەربازییەکان، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لەگەڵ تاران بە باشی بەڕێوەچوون و لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتوون، جگە لە پرسی ئەتۆمی کە وەک "گرنگترین خاڵ" وەسفی کرد و هێشتا بە کێشەماوی ماوەتەوە. ترەمپ هۆشداریی توندی دا کە "هەر ئێرانییەک تەقەمان لێ بکات، ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێت".