میدیا گەورەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بە گومانەوە دەڕواننە ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان واشنتن و تاران. لە کاتێکدا هەندێک بە تاکتیکی ترەمپ بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بە خۆبەدەستەوەدان ناوی دەبەن، هەندێکی تر بە دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون و هەنگاوێکی لەرزۆک وەسفی دەکەن کە ئەگەر مەرجە سەرەکییەکانی تێدا بەدی نەیەت، دەبێتە هۆی جەنگێکی سەختتر.
شیکاریی میدیا جیهانییەکان چوار گۆشەنیگای جیاواز بۆ ئەم ئاگربەستە دەخەنە ڕوو:
٠ دەیڤد سانگەر لە نیویۆرک تایمز پێی وایە ئەمە دەرچەیەکە بۆ ترەمپ تا لەو کێشانە ڕزگاری بێت کە جەنگ بۆی دروست کردووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە چوار هۆکار ترەمپیان ناچار کردووە: خۆڕاگریی ئێران، زیانە ئابوورییەکانی داخستنی گەرووی هورمز، نیگەرانیی وڵاتانی کەنداو بۆ ژێرخانی وزە و گوشاری لایەنگرانی ترەمپ کە نایانەوێت جەنگەکە درێژ بێتەوە.
٠ گۆڤاری نیوزویک باس لەوە دەکات ترەمپ کێبڕکێ لەگەڵ کات دەکات، چونکە بەنزین گران بووە و ئەگەر زوو هەرزان نەبێت، لە هەڵبژاردنی مانگی 11ـدا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس لەدەست دەدەن.
٠ کریستیان ساینس مۆنیتەر دەڵێت ئەمە تاکتیکی ترەمپە؛ سەرەتا هەڕەشە دەکات تا لایەنی بەرانبەر بترسێنێت و پاشان ڕێککەوتنی کاتی دەکات بۆ ئەوەی وەک سەرکەوتن نیشانی بدات.
٠ شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەم ئاگربەستە زۆر لەرزۆکە و یەک هەڵەی بچووک دەبێتە هۆی تەقینەوەیەکی حەتمی و جەنگێکی سەختتر لە داهاتوودا.
دوو ئەرکە قورسەکەی ترەمپ: شارەزایان دەڵێن بۆ ئەوەی ترەمپ بیسەلمێنێت سەرکەوتوو بووە، دەبێت لەم دوو هەفتەیەدا دوو شت بکات:
یەکەم؛ کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز: ئێستا هورمز هەر لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە و کەشتییەکان دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئێران بکەن، کە ئەمە بۆ ئەمریکا شکستی دیپلۆماسییە.
دووەم؛ بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو: ئەگەر ترەمپ نەتوانێت یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ئێران بباتە دەرەوە، ئەوا ئەنجامەکەی لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015ـی ئۆباما کەمتر دەبێت، سەرەڕای تێچووە زەبەلاحەکانی جەنگ.