بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپورت-وتووێژ/ هێرش بۆ کۆرمۆر وەڵامی ئێران بوو بۆ هەوڵەکانی عێراق و تورکیه

ڕاپورت-وتووێژ/ هێرش بۆ کۆرمۆر وەڵامی ئێران بوو بۆ هەوڵەکانی عێراق و تورکیه
کات و ساتی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کێلگەی گازی کۆمۆر
"هەر کات بەرژەوەندییەکانی ئیران له عێراق و ناوچه دەکەوێته مەترسییەوه، تاران دەستبەجێ بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکاته ئامانج. له کوردستان بێکەس‌تر و بێ‌پەناتر کەسی نەدۆزیەتەوه هەرچی به مووشەک و درۆنیش لێبدات کێ لێی بەدەنگ دێت".
posted onApril 29, 2024
noبۆچوون

رۆژی هەینی حەوتی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە تیرۆریستییەکانی سەر به ئێران، ناسراو به حەشدی شەعبی، بە درۆن هێرشیان کرده سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ. بە گوتەی رەمک رەمەزان، قایمقایمی چەمچەماڵ، لە ئەنجامدا چوار کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.

کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ که بەرپرسیارتی وەبەرهێنان لەم کێڵگەیه فرۆشراوەته کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.

رۆژی دوای هێرشەکه میدیاکانی بەغداد ڕایانگەیاند، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران عێراقی فیدراڵ، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەم هێرشه پێکهێنراوە.

هەروەها مەتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین و ئەم هێرشه به سووکایەتی بۆ سەر سەروەریی عێراق دەزانین و داوا له بەغداد دەکەین لێکۆڵینەوە بکەن و بکەرانی هێرشەکە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە."

ڕاپورت-وتووێژ/ هێرش بۆ کۆرمۆر وەڵامی ئێران بوو بۆ هەوڵەکانی عێراق و تورکیه
مەتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەتوندی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی کوردستانی سەرکۆنه کرد 

ئەڵبەته وڵایەته یەکگرتووەکانی خۆی بەرانبەر به کوردستان و عێراق به بەرپرس دەزانێت بۆیه گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له درێژەی قسەکانی دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیکردنی سەروەری، سەقامگیری و ئاسایشی عێراق."

هەر لەم پەیوەندییەدا ئاواتودەی وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ مەرد چالی، شارەزا لە بواری سەربازی و گرۆپە چەکدارەکان، پێکهێنا. لەم وتووێژه له مەرد چالی پرسیمان بۆ هێرش کرایه سەر کێڵگەی کۆمۆر: "هێرش بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پەیوەندی راستەوخۆی هەیه به سەردانەکەی ئەم دوایانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئامریکا. لەم سەردانه سودانی چەندین ڕێکەوتنامەی گرێنگی لەگەڵ جۆ بایدن، واژۆ کردووه که ئەمه بووەته هۆی توڕەی ئێران که بۆ چی بەغدا بە خۆی ئیزنی داوه له چەندین بواری گرنگ و هەستیار لەگەڵ واشینگتۆن ڕێکەوێت. له ڕاستیدا ئێران، ڕێکەوتنەکانی عێراق-ئەمریکایی دژ به بەرژەوەندییەکانی خۆی پێناسه دەکات".

هێرش بۆ کۆرمۆر وەڵامی ئێران بوو بۆ هەوڵەکانی عێراق و تورکیه
سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عیراقی فیدراڵ بۆ ئەمریکا، واژۆ کردنی چەندین ڕێکەوتننامەی هەستیار لەگەڵ دەوڵەتی بایدنی، بەدوادا بوو

مەرد چالی له درێژەی قسەکانی وتی: "هەروەها سەردانی رجب طیب اردوغان بۆ وڵاتانی ناوچه و واژۆ کردنی ڕیکەوتننامەی ڕێگای حەریر یان ڕێگای گەشه که بریاره گازی کەنداوی عەرەب له ڕێگای عێراق و تورکیەوه بۆ ئەوروپا بگوازێتەوه، هۆکاری دیکەی ئەم هێرشەیه که ئێران ئەو ڕێکەوتنەش دژ به بەرژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت. بۆیه هێرش بۆ سەر کۆرمۆر وەڵامدانەوەیەکی ئێرانه بۆ پێشگیری له ئەگەری فەوتانی بەرژەوەندییەکانی تاران لە کوردستان، عێراق و ناوچه".

هەروەها له مەرد چالی پرسیمان، ئایا ئەو هێرشگەله درێژەی دەبێت: "بێ‌شک تاکو ئێران هەست بکات بەرژەوەندییەکانی لە مەترسیدان ئەو هێرشانەش بەردەوام دەبن. هەرکات ئاستی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچه و ڕۆژئاوا بەرز دەبێتەوه و گەشه دەستێنێت، ئێران له ڕێگای گروپه میلیشاکانی خۆی له عێراق هێرش دەکاته سەر ناوچه هەستیارەکان و لەم کەین و بەینەش کێ له کوردستانی باشوور بێکەس‌تر و بێ‌پاڵپشتره؟ بۆیه هەرکات ئێران بیهەوێت وانەیەک بداته ئەمریکا یان عێراق، هێرش دەکاته سەر بەرژەوەندییەکانی کوردستانی باشوور. خاڵی سەرنجراکێشیش ئەوەیه که ئەم گروپه تیرۆریستیانه که هێرشەکان ڕێکدەخەن خۆیان سەر به حکومەتن و بەشێکن له پێکهاتەی حکومەتی بەغدا".

ڕاپۆرت: دالانپەر