بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

له کوتایی هێرش بۆ سەر "شیفا" ٢٠٠ تیرۆریست کوژراون

له کوتایی هێرش بۆ سەر "شیفا" ٢٠٠ تیرۆریست کوژراون
هێزەکانی ئیسرائیل له کاتی ئەنجام دانی ئۆپراسیۆن دژ به تیرۆریستانی حەماس سەر به ئێران
له درێژەی شەڕی دژه تیرۆر له نەخۆشخانەی شیفا و ناوچەکانی دەوروپشتیدا، ٩٠٠ گومانلێکراو دەستبەسەر و زۆرتر له ٢٠٠ تیرۆریستی حەماس کوژراون
posted onApril 1, 2024
noبۆچوون

ئەرتشی بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممه، ١٣ خاکەلێوەی ١٤٠٣ هەتاوی، ڕایگەیاند ئامانجەکانیان له هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی "شیفا" له غەززه، که بووبوو بە حەشارگەیەکی تیرۆریستەکان، پێکاوه بۆیه ناوچەکەی له هەموو سەربازانی چۆڵ کردووه.

به وتەی بێژەری وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، له درێژەی شەڕی دژه تیرۆر له نەخۆشخانەی شیفا و دەوروپشتی، که له ٢٨ ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی دەستیپێکردووه، ٩٠٠ گومانلێکراو دەستبەسەر کراون که دوای لێکولینەوەکان، تۆمەتی تیرۆریستبوون بۆ ٦٠٠ کەسیان سەڵمێندراوه.

هەروەها ئیسرائیل دەڵێت: "هێزەکانمان توانیویانه له درێژەی ئەم شەڕه قورسه زۆرتر له ٢٠٠ تیرۆریست بکوژن. هەروەها چەندین فەرماندەی باڵای تیرۆریستەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی که خۆیان له نەخۆشخانەی شیفا حەشاردابوو، دەستبەسەر کراون".

ئەرتشی ئیسرائیل له بارەی شەڕی غەززه دەڵێت: "هەلیکۆپترەکانمان له هێرشێکی ئاسمانی چەند بینایان له ناوەڕاستی غەززه بوردمان و خاپور کرد که لە لایەن تیرۆریستانی فەڵستینییەوه بۆ هێرش کردن بەکار دەهات".

ئەمه له کاتێکدایه که شەڕ له باشووری غەززه، له خان یۆنس، دژ به تیرۆریستانی فەڵستینی بەچڕی درێژەی هەیه و له ڕۆژی یەکشەممه، ١٢ خاکەلێوه، سەربازانی ئیسرائیلی توانیویانه چەندین تیرۆریست بکوژن و چەند زاخەی چەک و چۆڵ له گەڕەکی "العمل" بدۆزنەوه.

له ناوچەیەکی دیکەی "خان یۆنس"، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل توانی بارهەڵگەرێک که بەرەو شوێنی شەڕ دەڕۆیشت و ئۆتۆمبیلێک پڕ له تیرۆریستان، دەستنیشان بکات و لێیان بدات.

جێگای ئاماژەیه دوای هێرشی دڕندانەی تیرۆریستە فەڵستینییەکان بۆ سەر کونسێرتێک له ئیسرائیل له ٧ ئۆکتۆبەر، ئەرتشی ئیسرائیل بڕیاری هێرش بۆ غەززەی داوه و بەپێی پلانەکان تاکوو حەماس لەو ناوچەیه دەرنەکات شەڕ ڕاناگیریێت.