بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جەژنی هەستانەوه له کوردستان بەڕز ڕاگیرا

ڕێوڕەسمەکانی جەژنی هەستانەوه له کوردستان بەڕز ڕاگیران
ڕەسمێک له بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکانی جەژنی هەستانەوه له هەولێر پایتەختی کوردستان
posted onMarch 31, 2024
noبۆچوون

جەژنی هەستانەوه یان زیندووبوونەوه یان جەژنی گەوره که له وڵاته ڕۆژئاوائییەکان به (Easter) ناسراوه و له وڵاتانی عەرەب زمانش به "عید القیامه" بناوبانگه، ئاماژه به گرینگترین رووداوی ڕۆژژمێری باوەرداران به عیسای مەسیح دەکات. به پێی باوەڕی مەسیحیەکان، سێ ڕۆژ دوای ئەوەی که مەسیح له خاچ دەدرێت جارێکی دیکه زیندوو دەبێتەوه و له جیهان مردووان هەڵدەستێتەوه و بۆ ماوەی چڵ ڕۆژ لەم جیهانه و له نێوان قوتابیانی دەمێنێتەوه و دواتر بەرز دەکرێتەوه بۆ ئاسمان.

ئەمه بنەما و فنداسیۆنی سەرەکی باوەڕ له جیهانی مەسیحی دایه که به وتەی گەورا پیاوانی جیهانی مەسیحی، به بێ ئەم بەشەی له باوەڕ هەر جوره هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوه به عیسای مەسیح و خودا بێ‌مانا دەبێت. یان به واتایەکی دیکه به‌بێ باوەر به هەستانەوەی عیسای مەسیح له جیهانی مردووان، مەسیحی بوون هیچ مانا و واتایەکی نامێنێت و نابێت. هەر بۆیه، ئەم ڕۆژه و بەرزڕاگرتنی ڕۆژانی پەیوەندیدار بەم ڕووداوه له لایەن باوەرداران به عیسای مەسیح زۆر گرنگه و به پەروشەوه دەرۆنه پیری ئەم ڕۆژەوه.

هەر لەم بوارەدا کاک مەریوان، یەکێک له پیرانی کەنیسه و دانیشتووی شاروچکەی عەنکاوه سەر به هەولێری پایتەخت، له شی کردنی گرنگی جەژنی هەستانەوه دەڵێت: "ئەم جەژنە یەکێکە لە جەژنە گرنگەکان لە ئایینی مەسیحیدا، بەڕاستی لە هەموویان گرنگترە، هەر بۆیە لە لایەن ئیماندارانەوە پێی دەوترێت "جەژنی گەورە".

جەژنی هەستانەوه له کوردستان بەڕز ڕاگیر
باوەڕداران به عیسای مەسیح له ژێر ئاسایش و هێمنی مسۆگەرکراو له باشووری کوردستان ئازادانه دەژین

گرنگی ئەم جەژنە له بنەماکانی باوەڕی مەسیحییەوه سەرچاوه دەگرێت، کە باوەڕدارانی به عیسای مەسیح لە گۆڕدا نامێننەوە، بەڵکو جەستەی شکۆمەندیان دەبێت وەک جەستەی مەسیح دوای زیندووبوونەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەم ڕۆژه که به بیرهێنانەوه‌ی هەستانەوەی عیسای مەسیح له جیهانی مردووانه، بۆ مەسیحییەکان زۆر گرنگه و لە هەموو جیهاندا ئەو ڕۆژه بەرز ڕادەگیریێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە مەسیحییەکان لە هەموو جیهان یادی هەستانەوەی عیسا مەسیح لە جیهانی مردووان بەرزڕادەگرن و ئاهەنگی تایبەتی بۆ دەگێڕن. لێرەوە گرنگی ئەم ڕووداوە گەورەیە بۆ مەسیحییەکان دێتە ئاراوە.

له کتێبی پیرۆز لەم بوارەدا هاتووه: "خودا، ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بەهۆی یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ئاسمان دایناین" (ئەفەسۆس بەشی دووەم ئایەتی شەش). هەروەها له بەشێکی دیکەی کتێبی پیرۆز واته یەکەم کۆرنسۆس بەشی پانزده، به تێروتەسەلی باسی هەستانەوه‌ی عیسا و باوەرداران بەو کراوه. بۆیه دەتوانم پێتان بڵێم که لێرەوە گرنگی ئەم جەژنە بۆ مەسیحیەکان دێتە ئاراوە و یەکێک له بنەما سەرەکییەکانی باوەر به عیسای مەسیحه."

بەڵام سەبارەت به ڕێکەوتی ڕۆژی هەستانەوه دوو جور خوێندنەوه هەبووه، یەکێک پەیوەسته به سەردەمی سەرەتایی باوەرداران به عیسای مەسیح که زۆرینه‌ی هەره زۆریان جولەکه بوونه و له کۆمەلگای یەهوودیدا دەژیان. لەم خویندنەوەدا، ڕۆژی هەستانەوه‌ی مەسیح هاوکات بووه لەگەڵ جەژنی پەسخه که جەژنێکی گەورا و گرنگی گەلی یەهووده و تەنانەت عیسای مەسیح پێش له دەستبسەر بوون له لایەن سەربازانی ڕۆمانی و له خاج دانی، فەرمان دەداته قوتابیانی تاکوو ژەمی خواردنی تایبەت به پەسخه حازر بکەن که به "دوا ئێواره‌خوان" بناوبانگه.

بەڵام له خوێندنەوه دووهەم که پەیوەسته به سەردەمی دوای باوەر هێنانی ئمپراتۆریەتی ڕۆما به عیسای مەسیح، جەژنی هەستانەوه له بەکگراوندی یەهوودی جیادەکرێتەوه و به پێی رێنوێنییه نوێیەکه که له ساڵی ٣٢٥ زائینی داڕێژراوه، له ڕێورەسمی جەژنی پەسخه جیا کرا. به پێ ئەم ڕێنوێنیه، ڕۆژی جەژنی هەستانەوه یەکەم یەکشەمه له مانگی تەواوی هاوسەنگی بەهاره که له نێوان ٢٢ ئازار و ٢٥ نیسانەوه له ئاڵوگوڕدایه. بۆ ئمساڵ، جەژنی هەستانەوه دەکەوێته ڕۆژی نۆی مانگی نیسانەوه و هاوکات له هەموو کەنیسەکانی جیهان، ڕێوڕەسمی تایبەت بەم بۆنەوه بەڕێوه دەچێت.

لەبارەی داب و نەریتی باوەڕداران لە کوردستان و جیهان لەم ڕۆژەدا کاک مەریوان دەڵێت: "ڕێورەسمی بەڕێوبردنی جەژنی هەستانەوه بەو شێوه که له سەردەمی قوتابیانی عیسای مەسیح بەرز و پیرۆز ڕادەگیریا بەڕێوه دەچێت. به پێ ئەم داب و نەریته کاتێک باوەردارێک چاوی بە باوەڕدارانی دیکە دەکەوێت پێیان دەڵێ: "مەسیح هەستاوەتەوە"، هاوڕێیەکەشی له ولامدا دەڵێتەوه: "وایه براستی هەستاوەتەوه". ئەم داب و نەریته نه له یەکەم کەنیسەکان بەڵکوو پێش لەوان و لەسەردەمی خۆدی قوتابییەکانی مەسیحەوه باو بووه و بۆ ئێمه ماوەتەوه.

ڕێوڕەسمەکانی جەژنی هەستانەوه له کوردستان بەڕز ڕاگیران
بەپێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، زۆرترین بەشداران له ڕێورەسمەکانی کەنیسه، کچ و کوڕانی گەنجن

یەكێک له داب و نەریتەکان دیکه که لەم ڕۆژانه ڕچاو دەکریت ڕەنگ کردنی هێلکە‌یه. باوەرداران له دوای کوڵاندنی هێلکه، دەیڕازێننەوە و وێنەی لەسەر دەکێشن که هێمای ژیانی دووباره و دڵخۆشی و شادی و ڕەنگکردنی ژیانه.

هەروەها مەسیحییەکان لەم بۆنە گەورەیەدا سەردانی یەکتر دەکەن و ئاهەنگ دەگێڕن، هەروەها بەرەبەیانی یەکشەممە بەشداری لە مەراسیمی جەژن له کەنیسە دەکەن تاکوو لەوێ ستایشی عیسای مەسیح بکەن که له جیهانی مردووان هەستاوەته‌وە و شکۆداری بکەن. باوەرداران لەم ڕۆژه پیرۆزه‌دا له کەنیسەکان گورانی و سروود بۆ عیسیای مەسیح دەخوێنن تاکوو سوپاسی ئەو بکەن که گیانی خۆی بۆ ئەوان بەخت کرد و له جیهانی مردووان هەستایەوه و لەسەر مەرگ زاڵ ببوو. دواتر له هەموو کەنیسەکان قەشەکان وتاری تایبەتی ئەم ڕۆژه پێشکشی حازربووان دەکەن که باس لەم ڕووداوه گرینگه دەکات."

قەشه جۆ، قەشەی کەنیسەی قەشەی کڵێسای باپتیستی هەولێرش، له وڵامی ئەم پرسیاره که باوەرداران به عیسای مەسیح چۆن جەژنی هەستانەوه بەرز ڕادەگرن وتی: بۆ جەژنی هەستانەوه، زۆرێک لە کەنیسەکان پێکەوە کۆدەبنەوە. ژن و پیاو و منداڵ هەموویان پێکەوە. سەرەتا لە ڕۆژی هەینیدا (دوو ڕۆژ پێش له هەستانەوه) پێکەوە کۆدەبینەوە، کە پێی دەڵێین "هەینی ئازار" یان هەینی پیرۆز" یان "هەینی مەزن".

هەینی پیرۆز، ئەو ڕۆژەیە کە عیسا لەسەر خاچ به گیان و دڵەوه، ژیانی خۆی وەک قوربانییەک بەخشی تاکوو لەو ڕێگایه هەموو ئەو کەسانەی کە باوەڕیان پێی هەیە و تەوبە دەکەن، لە گوناهەکانیان پاک بکاتەوە. ئەمە مزگینییەکەی ئنجیلی عیسای مەسیحه.

لەو کۆبوونەوەیەدا، لە ڕۆژی هەینی پیرۆزدا، ئەو بەشه لە کتێبی پیرۆز دەخوێنین کە ئاماژه به له‌خاچ دانی عیسا دەکات و هەروەها بۆمان شی دەکاتەوه بۆ دەبوا عیسا گیانی خۆی ببەخشێ.

پاشان ڕۆژی یەکشەممە (ڕۆژی هەستانەوه) جارێکی تر له کەنیسه کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژە به بیر بهێنینەوه کە عیسا لە گۆڕ هەستایەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەو بەشه له کتێبی پیرۆز دەخوێنین کە باس لەوە دەکات کە چۆن عیسا جارێکی دیکه زیندوو بووەتەوە. حازربووان له کەنیسه پێکەوە گۆرانی دەڵێن وستایشی عیسا دەکەن کە لە ڕێگەی بەخشینی گیانی خۆی و زیندووبوونەوەیەوە، بەسەر گوناه و مردندا زاڵ بووە.

جەژنی هەستانەوه له کوردستان بەڕز ڕاگیر
پێش له سەرهەڵدانی داعش یەک میلیۆن و پێنج سەد هەزار باوەڕدار به مەسیح له عێراق دەژیا که ئێستا گەیشتووەته دووسەد هەزار باوەڕدار که زۆرینەی هەرە زۆریانیش له کوردستان دەژین.

 ئێمە پێکەوە نزا دەکەین و داوا له عیسای مەسیح دەکەین کە گوناهبارانێکی زۆرتر، ڕزگار بکات. له درێژەی کۆبوونەوەی ڕۆژی هەستانەوه، قەشەی کەنیسه وتارێک پێشکشی حازربووان دەکات که له کتێبی پیرۆز وەرگیراوه تاکوو ئەو هیوایه که به عیسای مەسیح هەمان به‌بیرمان بهێنێتەوه، هەروەها هانمان دەدات بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانەکانی خودا بین.

له دوای کۆبوونەوەکە هەموومان پێکەوە ژەمێک دەخۆین بۆ ئەوەی چێژێکی زۆرتر لە هاوڕێیەتی لەگەڵ یەکتر وەربگرین و دەرفەتێکیش بێت بۆ ئەوەی زۆرتر سەبارەت بەو ڕۆژه پیرۆزه و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانمان، لەگەڵ یەکدا بدوێین".

دوای ڕوخانی ڕژیمی سەدام و به هێز بوونی کوردستان و گەشه سەندنی ئابوری هەرێمی کوردستان، ئەم بەشه له کوردستانی گەورا بووه شوێنێکی ئەمن و ئەمان بۆ باوەرداران به عیسای مەسیح به هەر زمان و هەر نەتەوەیەک، بتایبەتی دوای دەسەڵات گرتنی گرۆپی ئسلامی داعش. کوردستان که هەر له سەردەمانی کۆنەوه وڵاتی پێکەوه ژیان و ئاشتی بووه، توانی له سەدەی بیست و یەکەم و له ژێر سێبەری حکومەتێکی خەڵکی و نیشتمانی و دموکراتیک باشترین دۆخ بۆ ئاسایش و ئاشتی له نێوان پێکهاته‌کانی کوردستان بخۆلقێنیت که بووەته نمونەیەکی بەرچاو له پاراستنی ئاسایش و ئاشتی له نێوان پێکهاتەکان و دابین کردنی مافه‌کانیان. هەر لەم پەیوەندییه کاک مەریوان، یەکێک له پیرانی کەنیسەکانی کوردستان، دەڵیت: "دەبێ ئەم راستییە بڵێمەوه که هەر لە سەرەتای پێکهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی تەواو و شایسته بۆ پاراستنی هەمەجۆریی کۆمەڵگا و پێکەوه ژیان دراوە. بۆیە به ڕوونی دەبینیت کە حکومەت هەرێمی کوردستان جەژنی هەستانەوەی لە گەڵ جەژن و بونەکانی دیکە پەسەند کردووە و سێ ڕۆژ پشووی فەرمی بۆ باوەرداران به عیسای مەسیحی دابین کردووه بۆ ئەوەی باوەڕدارانی کوردستان بتوانن به خیاڵیکی ئاسوده ئەم ڕۆژه پیرۆزه بەرز ڕابگرن.

له لایەکی ترەوه، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی باوەرداران لە ڕۆژانی جەژندا، هێزەکانی ئاسایش لە هەموو ناوچە مەسیحییەکان جێگیر دەکات، هەروەها هێزی ئاسایش لە دەوروبەری باڵەخانەکانی کەنیسه جێگیر دەبن بۆ ئەوەی باوەردارانی به عیسای مەسیح بە سەلامەتی و ئاسایش، ڕێوڕەسمەکانیان بەڕێو بەرن.

  لێرەدا دەبێ ئاماژه‌ش بەم ڕاستییە حاشاهەلنەگره بکەم که دەبێ هەموو عراق و هەموو ئەو وڵاتگەله له جیهاندا که وەک پێویست ڕێز له مەسیحییەکان ناگرن، دەبێ سەیری ئەزموونی پێکەوەژیان و مێژووی پاراستنی مافی مەسیحییەکان لە کوردستان بکەن و هەرێمی کوردستان بکەنه مۆدێل وسەرمەشقی خۆیان له بواری پاراستنی مافه کەمینەکان و پێکەوه ژیان".

ڕاپورت: شەهرام میرزایی