بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دەنگ نادەین بە بکوژانی ڕۆڵەکانمان!

دەنگ نادەین بە بکوژانی ڕۆڵەکانمان!
نا بۆ کۆماری ئیسلامی
posted onFebruary 16, 2024
noبۆچوون

ڕژیمی ئێران، شانۆی بە ناو هەڵبژاردنەکانی خۆی بۆ دوانزەهەمین دەورەی پەرلەمانی ئێران لە ڕێکەوتی ١١ ڕەشەمەی ١٤٠٢، بەڕێوە دەبات.

سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕژیمی ئێران بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام خەڵک لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سوورن لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکان؛ چونکە خەڵکی ئێران بەو ئاگایییە گەیشتوون کە لە ئێران و لەژێر ناوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پرۆسەیەک بە ناوی هەڵبژاردن بوونی نییه بەڵکوو ئەمە پرۆژەیەکە کە پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و خەڵک تەنیا ئامرازێکن بۆ نیشاندانی مەشروعبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

لە سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتێک لە سەرەوەی ئیرادەی خەڵکە و بڕیار لەسەر هەموو شتێک دەدات؛ واتە خامنەییی دیکتاتۆر بۆ هەموو شتێک بڕیار دەدات؛ کەواتە بەشداربوون یا نەبوونی خەڵک هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیستمی ئیدارە‌کردنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا پێک‌ ناهێنێت.

ئەگەر خەڵک دەنگ نەدەنە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم ڕژیمە لاواز دەبێت. بەشدارینەکردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکان دەبێتە سەکۆیەک بۆ شکستی ڕژیم و ڕەوتی ڕووخانی ئەم ڕژیمە نزیکتر دەکاتەوە.

خەڵک لەنێو ئێراندا دەبێ وريا بن و فریوی هەڵبژاردن نەخۆن و ماوەی دەسەڵاتداریی ئاخوندەکان درێژتر نەکەنەوە و نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

لە ساڵانی پێشووشدا وێڕای هەموو چەواشەکارییەکانی مێدیا ناوخۆیییەکانی ڕژیمی ئاخوندی، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەم بوو و خەڵک وريا بوون و ئامادە نەبوون دەنگ بدەن بە ئیدامەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەم جارەش خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتیی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکان نیشان دەدەن و بایکۆتی دەکەن و ناچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

هۆکارەکانی بەشدارینەکردن و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن خەڵکەوە دەگەڕێتەوە بۆ زۆر شت وەک: کێشەی ئابووریی خەڵک، سەرکوت و کوشتنی خەڵکی ناڕازی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەسێدارەدانی گەنجەکان، زوڵم و جینایەتەکانی ڕژیم بەرانبەر بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، جینایەتەکانی ڕژیم بەرانبەر بە کچان و ژنان، نەمانی مەشرووعییەتی ڕژیم و...

بێگومان ئەم جارەش کۆماری ئیسلامیی ئێران، "نا"یەکی بەهێزتر لە خەڵک وەردەگرێت و ئەم "نا"یە، "نا" به بوون و ماهییەتی ڕژیمە.

ئەم جارەش بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی مافخواز و وشیاری شار و ناوچەکانی نیشتمانەکەمان، بۆ جارێکی دیکە و زیاتر لە هەمیشە، لە ئاستێکی بەریندا هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن.

دەنگدان بە ڕژیمی جینایەتکاری ئاخوندی، خەیانەتە بە خوێنی شەهیدان.

ئیدریس هاشمی - سوید