بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

جیابوونەوەى "ئیسماعیلیون" و وانەگەلێک کە دەبێت لێوەیان فێر بین!

جیابوونەوەى "ئیسماعیلیون" و وانەگەلێک کە دەبێت لێوەیان فێر بین!
AvaToday caption
posted onApril 24, 2023
noبۆچوون

نووسینى: مامۆستایەکى زانکۆ ـ تاران

 

چەندین پسپۆڕ و شڕۆڤەکارى سیاسى، هەر لە سەرەتاى دروستبوون و هەنگاونان بۆ پێکهێنانى شووراى بەناو "همبستگی"، هۆشدارییان دا و پێشبینییان کرد کە وەها گردبوونەوەیەکى ناتەبا و نەگونجاو، نە تەنیا سوودى بۆ "یەکیەتى دژبەرانى دیکتاتۆر" نییە، بەڵکو خۆى دەبێتە پانیەیەکى نوێى ئاشیل. کاتێکى زۆر پێویست نەبوو کە ئەم پێشنبینییە وەڕاست بگەڕێت و نها کەمتر لە دوو مانگ لە بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندنى "مەنشوورى ژینا"، حامید ئیسماعیلیون لەو تاقمە ٦ کەسییە جیا بووەوە و ئەم جیابوونەوەیەش هەڵگرى خاڵگەلێکى گرنگ و جێگەى سەرنجە!

ئەگەرچى ئەم جیابوونەوەیە بۆ دژبەرانى دڵسۆز و ڕاستەقینەى نیزامى دیکتاتۆری، دڵخۆشکەر نییە و گورزێکە لە متمانەى خەڵکانێک کە دڵیان بەو ڕاگەیاندنە فارسیزمانانە خۆش بوو و بە دواى هەواڵى ئەم تاقمە ٦ کەسییە بوون، بەڵام وەک باسمان کرد، ئەم جیابوونەوەیە سەرەنجدان بە ڕەوتى فۆرمالیزەبوون، ئەندامەکانى و ڕەهەندى هاوکارى شووراى هەمبەستەگى، وانە و پەندگەلێکى گرنگترى لە دووە کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەین:

مەشنوورى هەمبەستەگى ١

یەکەم: بێ وەبەرچاوگرتنی عەلى کەریمى و گوڵشیفتە فەراهانى کە ڕێگەى خۆیان بە دروستى جیا کردەوە و بێ گرێوگۆڵ گوتیان ئەوان "چالاکى سیاسی نین"، لە نێو ٦ کەسى کۆتایی، تەنیا ڕەنگە دوو کەس هەبن کە پێشینە و ڕابردوویەکى سیاسى بەردەوام و تەشکیلاتییان هەبێت و خاوەن ئەندێشە و چوارچێوەگەلى فکرى و مەیلەوڕێکخراوەیی بن، (چ دژیان بین و یا هاوڕا).

 

دووەم: چوار کەسەکەى تر، نە تەنیا چالاکێکى ڕێکخراو، خاوەن ئایدا و ڕوانگەى بەهێز و پێشینەیەکى هەروەزیی نەبوون، بەڵکو سەردەمێک زیاتر شانۆکار و شەپۆلسوار بوون و کاردانەوەى ڕەفتارە کەسییەکانى خۆیان پێ بەچێژتر بوو لە هەر جۆرە کاردانەوەیەکى گشتی. نەبوونى ئەم هاوڕایی و یەکڕەنگییە نێو کەسانێک کە بە پشتیوانى چەند ڕاگەیاندنێکى زەبەلاحیش گەورە کرایەوە، لەوە قووڵتر بوو کە بە مکیاج و دەمامک و تەعاروفکردنى پێش کامێرا، دابپۆشرێت و بشاردرێتەوە!

لە ڕاستیدا ئەزموونى تاڵى ئامادەبوونى هەندێک سلیبیریتى نێوخۆ لە سیاسەت وەک شووراى شار (دەبیر و ساعی) و یا پەرلەمان (بێهروز ئەفخەمی)، سەلمێنەرى ئەوەن کە ئەم کەسانە چەندیش ڕاستگۆ و پاک بن، بەڵام لە نێو داڵانى پێچەڵپێچییەکانى سیاسەتدا سەریان لێ دەشێوێت و لەبەر ئەوەى درکێکى ڕاستەقینەیان لەم پانتاییە نییە، بەلاڕێدا دەبرێن، هەروەک چووشن!

سلیبریتیگەرایی و پشتبەستن بە ڕووخسارگەلێکى وەک نازەنین بنیادى و عەلى نژاد، ڕەنگە سەرەتا حەز و هەیەجانێک بخوڵقێنێت، بەڵام دەرەنجامێکى باشترى لە ئامادەبوونى وەرزشکاران و هونەرمەندانى نێو شوراى شار و پەرلەمانى ئێران نابێت. ژیان و چالاکى ئەم کەسانە (بێ قەزاوەت و هەڵسەنگاندنێکى بەهاکارانە)، پەیوەستە بە ژمارەى بەردەنگ و "لایەنگرى هەڵاواردە" یا کاتى کە ڕەنگیشە لە سەردەمێکى هەستیار و گرنگ، تووشى وەرسووڕان و یا بەلاڕێداچوون ببنەوە.

 

سێیەم: لەبارەى حامید ئیسماعیلیون و شیرین عەبادى ـیش دەتوانین وەها ڕوانگەیەک گشتاندن بکەین. یەکەمیان، کەسێکى تێگەیشتوو بە مەیلگەلى کاڵى چەپى کە لە کۆبوونەوەى بەرلین ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەکانى شەکاندەوە و هەرگیز پێشینەى چالاکى ڕێکخراوەى پێش ساڵى ١٣٩٨ نەبوو. دووەمیشیان، مافپەروەرێکە کە بازى خەڵاتى نۆبێڵى ئاشتى لەسەر شانى نیشتەوە و زۆریش حەز و خولیاى پێهەڵکردنى نییە و کەمتر چالاکى بە کۆمەڵى هەبووە، ئەگەرچى مافپەروەرێکى بەنێوبانگى جیهانییە. دووبارەى دەکەینەوە مەبەست، قەزاوەتى شەخسى و خوێندنەوەیەکى پاڵنەرانە نییە لەسەر ئەم کەسانە و ئەم نووسینە ڕەهەندێکى تەنیا پیاهەڵدەرانەى هەیە.

 

چوارەم: تەنیا ڕەزا پەهلەوی و عەبدوڵا موهتەدى دەمێننەوە کە بە شێوەیەکى ڕێژەیی، خاوەن ئەندێشەى سیاسیی ڕێکخراو و خاوەن پێشینەیەکى سیاسیی بە کۆمەڵیان هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکەیان، نەبوونى یەکگرتنێکى ڕیشەییە لە ئەندێشەى ئەم دوو کەسە کە بە هیچ ئامانجێکى نەرێنى، جێگەى گلێرکردنەوە و پێکهەڵکردنیان نییە. یەکەمیان خوازیارى مەشروتە و دووەمیشیان بێ پێچ و پەنا فیدرالیستە!

تەنیا هێندە بەسە بابەتەکانى ڕۆژێک دواى واژووى مەنشوور بخوێنینەوە و چاوێک بە گفتوگۆى ئەمانە یا نوێنەرەکانیاندا بخشێنینەوە، تا بۆمان دەرکەوێت کە چ دەرەنجامێک چاوەڕوانى ئەم یەکیەتى و یەکگرتنەیان بوو و هەیە!

 

پێنجەم: لە لایەکى دیکەوە، ئەوەى کە دۆمینۆى جیابوونەوەى ئەم تاقمە شەش کەسییەى دەست پێ کرد، نە تەنیا هۆکارەکانى سەرەوە، بەڵکو سەرەنجى نادروستى ئەوان بوو بۆ ئامانجى نەرێنى "ڕووخاندن" کە  بێ سەرەنجدانە جیاوازییە هزرییەکان، وەهمێکى گەورەى خوڵقاند و نیشانەکانى شکست تیایدا دەرکەوتن.

بیرمان نەچێت لە ئینقیلابی ١٣٥٧ى هەتاوی، ئەگەرچى چەندێن سلیبریتى ئەودەم (تەختى یا تەنانەت شەریعەتى)، ڕۆڵێکى گەورەیان هەبوو، بەڵام ڕووخاندنى دیکتاتۆر زیاتر لە لایەن حزب و ڕێکخراوە تەشکیلات و خاوەن ئایدیا و چوارچێوە فکرییەکانەوە مەیسەر و پراکتیزە بوو، هەر لە چەپ و ناسیۆنالیست و مەزهەبییەکانەوە بگرە تا تەنانەت کوردەکان، هەر لە حزبی تودە و فیدائیان و موجاهیدینەوە بگرە تا بەرەى میللى و نەهزەتى ئازادى و ئیتیلاف و ناوەندە ئیسلامى و تۆڕە ڕێکخراوە مزگەوتییەکان و ...

مەشنوورى هەمبەستەگى ٢

دووبارە بیرمان نەچێت، کە ئەزموونى ڕاپەڕینى ١٣٥٧ى هەتاوی، نیشانى دا سەرەنجخستنە سەر ئامانجى نەرێنیی "ڕووخاندنى نیزامى پەهلەوی"، بێ سەرەنجخستنە سەر ئامانجگەلى ئەرێنى و جیاوازیى ڕوانگەى دژبەران، چ پێکهاتەیەکى زاڵمانە و دیکتاتۆر و وێرانى و توندوتیژى و تاریکپەرەستییەک دەخوڵقێنێت.

 

هیوادارم لەم ئەزموونى "هەمبەستەگى و مەنشوورەکان" و ئەو ئینقیلابیەى ١٣٥٧ى هەتاوى، پەند وەربگرین و بە ڕوانگەیەکى دروست و ژیرانە  (لۆجیکى)، درێژە بە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادیی ئێران بدەین.