دەسەڵاتی دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئیحسان ئەفرەشتەدا جێبەجێ کرد، کە تۆمەتبار بوو بە "سیخوڕیکردن بۆ مۆساد" و گواستنەوەی زانیاریی هەستیاری سەربازی بۆ ئیسرائیل.
ماڵپەڕی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، ئەفرەشتە سەرەتا لەژێر ناوی"شۆفێری تاکسیی ئینتەرنێتی" فەرمانەکانی مۆسادی جێبەجێ کردووە، دواتر لە کۆمپانیایەکی سەر بە دامەزراوەیەکی سەربازی دامەزراوە و زانیارییەکانی گەیاندووەتە ئیسرائیل. بەگوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هرانا (HRANA)، ناوبراو تەمەنی ٣٣ ساڵ بووە و لە ساڵی ٢٠٢٤ دوای گەڕانەوەی لە تورکیا دەستگیر کراوە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن کە دوای جەنگی ئەم دواییە، تاران پڕۆسەی لەسێدارەدانی خێرا کردووە. ئەوان نیگەرانن لەوەی ئەو سزایانە لە دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە و لەسەر بنەمای "دانپێدانانی زۆرەملێ" لەژێر ئەشکەنجەدا دەرچووبن.