بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوهەیلا حیجاب لە زیندانەوە: ڕۆح و گیانم بە دەست ئازار و ئەشکەنجەکانەوە دەناڵێنێت

سوهەیلا
AvaToday caption
posted onApril 25, 2022
noبۆچوون

🌐  بۆ ئاڤاتودەی

سوهەیلا حیجاب  زیندانیى سیاسى کورد لە زیندانى ژنانى ناوەندى چاکسازى و پەروەردەى کرماشان، نامەیەکى بۆ ئیبراهیم ڕەئیسى سەرکۆمارى کۆمارى ئیسلامى ناردووە و تیایدا باسى ئازار و ئەزیەتەکانى خۆى دەکات.

 

سوهەیلا لە نامەکەیدا نووسیویەتى:

 بانگەشەکەرانى دین و دیانەت، لەم ڕۆژ و شەوانە قورئان لەسەر سەریان دادەنێن و داواى لێخۆشبوون لە دەروازەى یەزدان، ئەوە قسە لەسەر چ ڕوویەک دەکەن؟ کاتێک زاڵمانەترین ڕەفتار بەرامبەر مافی لاوانى ئەم سەرزەمینە دەکەن. من یەکێکم لەوان، لاوێکى بچووکى گەلی ئێران کەە هەرگیز ناتان بوورم.

بەڕێز ڕەئیسى، قسەکانى ئێوە و زۆرێک لە بەرپرسان لە ڕاگەیاندنەکانى ئێران دەبستم، بەڕاستى بە چ دڵنیاییەکەوە چاو لە چاوى خەڵک قسەیان بۆ دەکەن؟ من و زۆرێکى دیکەتان چەندین جار لە کاتى جیاواز و بە هۆى تاوانى ئەنجامنەدراو لە بەشگەلى جیاواز دادگایی کرد.

لە لاویەتییەوە زیندانەکانى هەموو ئێران دەگەڕێم، دەستبەسەرگەکان و ژوورە تاکەکەسی و درێژەکان. هێندەى لە لایەن بەکرێگیراوەکانى تۆوە لە کاتگەلى جیاواز و بە هۆکارى خەیاڵى لێم دراوە کە کەوتوومەتە گیانەڵا. دەمنێرن بۆ ئەو زیندانانەى کە تیایاندا بچوکترین ڕێز لە مافى زیندانییەکى سیاسى ناگیردرێت.

هاوار بۆ هەموو چالاکانى مافی مرۆڤ لە سەراسەرى دونیا دەبەم کە شوێن لێدانەکان، شوێنى شینەوبووى چەندین شوێنى جەستەم ئازارى هەیە.

شوێنى ڕاکێشان و هەڵقەندنى قژم نە جارێک بەڵکو چەندین جار، ڕاکێشانم بەسەر قیرى شەقام و ئەمجارەشیان لە نهۆمى دووەمى زیندانەوە و بەسەر بیست پلیکان و حەسار و زیندانى تاکەکەسى، لە کاتێکدا کە مانم لە خواردن گرتبوو، چەندین ڕۆژ و حەوتوو جەستەم بەدەست ئەم ئازارانەوە ناڵاندوویەتى.

هێشتا پێستم دەزوورێتەوە بە هۆى خوێنزانی نێو پێستم لەبەر توندى دەستبەند و پابەندەکان و پێمداپژاندنى گازى فرمێسکڕێژ

هاوار دەکەم و دەنگم هەڵدێنم کە بەردەوام ئازارى جەستەیی و ڕۆحى دەدرێم. بەردەوام فایلسازیم بۆ دەکرێت. بەردەوام لە زیندانێکەوە دەنێردرێم بۆ زیندانێکى تر و لە دەستبەسەرگەیەکەوە بۆ یەکێکى تر و لە ژوورێکى تاکەکەسییەوە بۆ یەکێکى تر.

سووکایەتیم پێ دەکرێت و لێم دەدرێت و هەڕەشەى فایلسازیم لێ دەکرێت. حەفتەیەک تەلەفۆنى زیندانى ژنانیان پچڕاند بۆ ئەوەى هەواڵى دۆخى جەستەیی من نەچێتە دەرەوە

دواى شکاندنى مانگرتن لە خواردن، دەستتان بە لێدانم و سووکایەتى و زیندانیکردن لە ژوورى تاکەکەسى کرد و پێشتان بە پەیوەندییەکانم گرت لەگەڵ بنەماڵەکەم و دەستتان بە فایلسازى کرد بۆ دادگا. هەمان ئەو عەلییەى کە شەوبێدارى بۆ دەکەن، داوا لە دەسەڵاتداران دەکات بۆ جێبەجێکردنى دادپەروەرى.

هەمان ئەو حوسەینەى کە لەم شەوانە دەیکەنە واسیت و ڕایەڵکە کە بە هۆیەوە یەزدان لە گوناهەکانتان خۆش بێت، دەڵێت: ئەگەر دینتان نییە، بەلانى کەمەوە ئازادپیاو بن. بەو شێوەیەى کە لە زیندان لەگەڵ من دەجووڵێنەوە، لە شەڕى عێراق و ئێران لەگەڵ زیندانییەکان نەجووڵاونەتەوە.

هاوار دەکەمە و دەنگ هەڵدەهێنم بۆ ئەوانەى کە بۆ مرۆڤایەتى دەجەنگن نەوەک بۆ من سوهەیلا حیجاب.